كار و پڕۆژەكانی ساڵێكی دەستەی وەبەرھێنانی كوردستان

لە ماوەی ساڵێكدا 219 پڕۆژە پەسەندكراون
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

دەستەی وەبەرھێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان لەماوەی ساڵێكی دەستبەكاربوونیدا پلانێكی نوێی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكان داڕشت، تێیدا زیاتر لە ھەزار پڕۆژەی جیاوازی خستە بەردەم وەبەرھێنەرانی بیانی و ناوخۆیی، پلانەكەش بۆ پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری بوو.

لەماوەی ساڵێكدا دەستەی وەبەرھێنان بێ جیاوازی پڕۆژە جیاوازەكانی بەسەر شارەكاندا دابەشكردووە، ھەر لەو ماوەیەشدا 259 پرۆژە پێشكەشی دەستەكە كراوە كە 219 پرۆژەی پەسەندكراون، پشكی شێریش بۆ كەرتی پیشەسازی، كشتوكاڵ، گەشتیاری و نیشتەجێكردن بووە، پرۆژەكان سەرەرای مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێكی زۆریان بەردەوامیان بە كارەكانیانداوە و رادەستكردنی و ته‌واوكردنی پرۆژەكان لەكاتی خۆیدا، مەرجی دەستەی وەبەرھێنان بووە بۆ وەبەرھێنەران.

له‌مباره‌شه‌وه‌ حاجی چۆڵی، یەكێك لەو وەبەرھێنەرانەی لە ساڵێكدا پرۆژەی جیاوازی لە شارەكان ئەنجامداوە، بڕیارەكانی حكومەت و دەستەی وەبەرھێنان بە دەرفەتێكی زێڕین ناودەبات.

یەكێك لە بڕیارەكانی دەستەی وەبەرھێنان، دیاریكردنی جۆری پرۆژەكان و ئاراستەكردنی وەبەرھێنان بووە، ئەمەش وایكردووە دابەشكردنی پرۆژەكان بەیەكسانی سەرجەم سێكتەرە جیاوازەكان بگرێتەوە.

بەگوێرەی ئامارەكانی دەستەی وەبەرھێنانی كوردستان، لەماوەی ساڵێكدا مۆڵەتی كاركردن دراوەتە 54 پرۆژە لە كەرتی پیشەسازی، 57 پڕۆژە لە كەرتی گەشتیاری و 10 پرۆژەی گەوررەش بۆ كەرتی كشتوكاڵ، بەڵام ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی داھاتی حكومەت تارادەیەك جێبەجێكردنی پلانەكەی سست كردووە، سەرەرای ئەو ئاستنەگیانەش ھەوڵەكانیان بۆ پێشخستنی ئابووری كوردستان لەرێگەی وەبەرھێنانەوە بەردەوامە.

H.B