خوێندکار چۆن سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت؟

Kurd24

ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی سه‌باره‌ت به خوێندکار ده‌کرێت، به‌تایبه‌ت له ئێستادا له کاتی تاقیکردنه‌وه‌یاندا، جێگای خۆشحاڵییه، که دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه، بیر له ڕه‌وشی ده‌روونیی خوێندکار ده‌کرێته‌وه و ده‌گه‌ڕێن بۆ چاره‌سه‌رێک بۆی. با لێره‌وه ده‌ستپێبکه‌‌ین، که خوێندکار کێیه؟ وه‌ڵام. خوێندکار ئه‌و که‌سه‌یه، که ئاگایانه ده‌چێته قووتابخانه بۆ فێربوون. ئه‌م ئاگاییه منداڵ له سه‌ره‌تاوه، له‌پێش چوونی بۆ قووتابخانه، له ڕێگای باخچه‌ی ساوایانه‌وه ئاشنا ده‌بێت پێی و فێرده‌بێت. هه‌موو ئاگاییه‌ک فێربوونه و هه‌موو فێربوونێکیش ئاگاییه. له سه‌رده‌می مندا، ده‌گمه‌ن بوون بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی، که ده‌خرانه باخچه‌ی منداڵان. منداڵان ڕاسته‌وخۆ له ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵییدا به‌بێ هیچ پێشینه و ئاماده‌کردنی ده‌خرایه قوتابخانه. منداڵ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک منداڵی نامۆ له پۆلێکدا داده‌نیشێت، کۆمه‌ڵێک مامۆستای نامۆ ده‌بینێت ...هتد. هه‌موو ئه‌مانه کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی ده‌روونیی له‌سه‌ر منداڵ داده‌نێت. پاشان هه‌ر منداڵه و خاوه‌نی ستراکتوورێکی که‌ڕاکته‌ری خۆیه‌تی، هه‌ر منداڵه و به ده‌ست کێشه و ده‌ردێکه‌وه ده‌ناڵێنێت. هه‌ندێک منداڵیش خۆشبه‌ختن و خاوه‌نی هیچ گرفتێکی ده‌روونیی و سۆماتیی (جه‌سته‌یی) نین. چ له سه‌رده‌می پێش من و سه‌رده‌می من و پاش منیش و بگره له ئێستاشدا، قووتابخانه‌کان به‌هۆی نه‌‌بوونی پسپۆریی له بواره‌کانی پێداگۆگیی و ده‌روونناسییدا، نابینن که چ منداڵێک و چه‌ند منداڵ خاوه‌نی کێشه‌ن. هه‌ندێک منداڵ خاوه‌نی کێشه‌ی ده‌روونین، هه‌ندێک منداڵ خاوه‌نی کێشه‌ی مێشکن، خاوه‌نی کێشه‌ی نۆیرۆنن (نۆیرۆن چه‌مکێکی یۆنانی کۆنه، خۆشبه‌ختانه زمانی ئینگلیزیی ئه‌م چه‌مکه‌ی نه‌شێواندووه، به‌ڵکوو وه‌کوو خۆی به‌کاری دێنێت، ته‌نها له فۆنۆلۆگییه‌که‌یدا که‌مێک گۆڕانیان له ده‌ربڕیندا به‌سه‌ردا هێناوه. له زمانی کوردییدا هه‌ندێکجار خانه به‌کاردێت، لێ من پێم هه‌ڵه‌یه، چونکه ناکرێت نۆیرۆن به خانه ناوببرێت. هه‌ندێکجاریش سێله به‌کاردێت. من سێله‌که‌م پێ باشتره. چونکه سێله چه‌مکێکی زانستییه و له ئه‌وروپاوه گه‌یشتۆته کورد، به‌ڵام له له‌شی مرۆڤدا دوو جۆر سێله هه‌یه، یه‌کێکیان له مێشکدایه، که یان ئه‌وه‌تا به نۆیرۆن ناوی ده‌به‌ین یان ئه‌وه‌تا که قسه له‌سه‌ر سێله‌ی مێشک ده‌که‌ین ده‌بێت جیای بکه‌ینه‌وه له سێله‌کانی تری جه‌سته و به سێله‌ی مێشک ناویان به‌رین.). ئه‌و منداڵانه‌ی نۆیرۆتیکن، خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک سیمپتۆم (نیشانه‌ی نه‌خۆشیی)ن، له‌وانه به ده‌نگی بڵند قسه‌کردن، وه‌کئه‌وه‌ی شه‌ڕ بکه‌ن، له‌کاتێکدا له‌وانه‌یه نووکته‌یه‌کیش بگێڕێته‌وه، کاردانه‌وه‌ی خێرایان بۆ ڕووداوه‌کان و مامه‌ڵه‌کردن و قسه‌کردن له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه. هه‌ندێک منداڵی تر خاوه‌نی (ADHD)ین. ئا دی ئێچ دی، کورتکراوه‌ی (Attention Deficit Hyperactivity Disorde)یه. به واتای تێکچوونی ئاگابوون و چالاکیی زۆر. ئه‌م نه‌خۆشییه، نه‌خۆشییه‌کی نۆیرۆده‌روونییه. منداڵ ناتوانێت ئارام له پۆلدا دابنیشێت، ناتوانێت ئاگای له خوێندن بێت، ناتوانێت به درێژایی نیوو کاتژمێر یان چل و پێنج خوله‌ک ئاگای له وانه بێت، ناتوانێت ئارامبگرێت له خوێندنه‌وه‌دا، له کارێکی پێکه‌وه‌ییدا له فێربووندا ...هتد. ئه‌م منداڵانه تووڕه‌ن، به‌رده‌وام حه‌زیان له ئاژاوه‌ و له که‌تنکردنه.

ئه‌‌م منداڵانه پێده‌گه‌ن و ده‌گه‌نه قۆناغی تینه‌ریجه‌ر، یان به لاتاین قۆناغی پوبه‌رتێت. له کوردییدا هه‌رزه‌کار به‌کاربێت، ئه‌‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، که کار و مامه‌ڵه‌کانیان هه‌رزانه، لێ بۆ من واتایه‌کی ده‌روونناسییانه نادات به‌ده‌سته‌وه. چونکه منداڵ له‌دوای ده‌یه‌ی یه‌که‌می ژیانی پێده‌نێته قۆناغی ده‌یه‌کانی ژیانیه‌وه و گه‌شه ده‌کات. ئه‌م گه‌شه‌یه له ته‌مه‌نی سیانزده ساڵییه‌وه ده‌ستپێده‌کات هه‌تا ته‌مه‌نی بیست ساڵیی هه‌ندێکجار زیاتریش هه‌تا ته‌مه‌نی بیست بۆ بیست و دوو ساڵیی ده‌ڕوات.

به‌شێک له‌م منداڵانه له‌به‌ر هه‌بوونی گرفتی مێشک و گرفتی ده‌روونیی زوو ده‌ست له خوێندن هه‌ڵده‌گرن، لێ ئه‌مانه هه‌رچ کاره بن له ئاینده‌دا ده‌ستبه‌رداری کێشه‌کانیان نابن و کێشه‌کانیان کێشه بۆ خۆیان و بۆ ده‌وروبه‌ریشیان دروستده‌کات. ده‌ستبه‌ردار نابن، چونکه به‌ته‌نگ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانیانه‌وه ناچن. چونکه خۆیان پێ نه‌خۆش نییه. هه‌ندێکی تریان وێڕای هه‌بوونی کێشه، لێ له خوێندندا به‌رده‌وام ده‌بن، که‌م تا زۆر سه‌رکه‌وتوون.

کێشه‌ی ترس له تاقیکردنه‌وه، کێشه‌یه‌کی ئاساییه، کێشه‌یه‌کی نۆرماڵه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ترس سنوری خۆی به‌زاند ئه‌وسا ده‌بێته کێشه بۆ قووتابیی. ترس له لێڤڵێکی، له ئاستێکی ته‌ندروستی خۆیدا یاریده‌ده‌ره بۆ سه‌رکه‌وتن. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر قووتابیی ترسی له‌وه نه‌بێت، که ئه‌گه‌ر نه‌خوێنێت و خۆی ماندوو نه‌کات، ئه‌وا ده‌رناچێت و دواده‌که‌وێت یان به ئاینده‌یه‌ک ناگات، که ده‌یه‌وێت. دوو جۆر قووتابیی ده‌ترسن. یه‌که‌میان ئه‌وانه‌ن، که ناخوێنن و فێری هیچ نه‌بوون، هه‌ربۆیه نه‌ک له تاقیکردنه‌وه ده‌ترسن، به‌ڵکوو له‌و کاتانه‌ش ده‌ترسن، که مامۆستا پرسیاریان لێبکات یاخوود بانگیان بکه‌ن بۆ شیکردنه‌وه و قسه‌کردن له‌سه‌ر بابه‌تێک. جۆری دووهه‌م، ئه‌و قووتابیانه‌ن، که ترس تێیاندا نه‌خۆشییه. ئه‌مانه ده‌توانن زیره‌کتریین قووتابی نه‌ک پۆل، بگره شار و وڵاتێکیش بن، لێ له‌کاتی تاقیکردنه‌وه‌دا ترس تووشی سکچوون و سکئێشه‌یان ده‌کات، ترس ناهێڵێت شه‌و خه‌ویان لێبکه‌وێت و هه‌تا به‌یانیی ده‌خوێننه‌وه، که بۆ ڕۆژی ئاینده ده‌چنه تاقیکردنه‌وه، یان ئه‌وه‌تا به‌شێکی زۆر که‌می پرسیاره‌کان وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه، یان وه‌ڵامه‌کانیان هه‌ڵه‌یه، یان ئه‌وه‌تا هیچ وه‌ڵام ناده‌نه‌وه. کاتێک له تاقیکردنه‌وه دێنه ده‌ره‌وه، ته‌واوی وه‌ڵامه‌کانیان به‌بیر دێته‌وه.

فاکته‌ر زۆره بۆ لێکه‌وتنه‌وه‌ی ترس، لێ ئه‌گه‌ر ترس بووه کاردانه‌وه‌یه‌كی نۆیرۆده‌روونیی، ئه‌وا کۆنترۆڵکردنی له‌ده‌ستی تاک ده‌رده‌چێت، به‌مشێوه‌یه تاک ترس هه‌ڵیده‌سوڕێنێت، ژیانی ڕۆژانه‌ی پڕه له بڕیاری هه‌ڵه‌شه. ترس له تاقیکردنه‌وه بچووکتریین کێشه‌یه، که تاک هه‌یبێت. ناسینه‌وه‌ی ئه‌مجۆره خه‌ڵکانه، سانا له کۆمه‌ڵگادا ده‌بینرێت، به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی، که ئه‌مانه چ کاره‌ن.

چلۆن به‌‌سه‌ر ترسدا زاڵ ده‌بین؟ بیهێنه به‌رده‌می خۆت، که تۆ سه‌ردانی فیتنسێک ده‌که‌یت، سه‌ردانی هۆڵێکی وه‌رزش ده‌که‌یت، لێره‌ وه‌رزش به ماسولکه‌کانی ته‌واوی جه‌سته‌ت ده‌که‌یت و پاش ماوه‌یه‌ک، ده‌بینیت، که ماسولکه‌کانت هه‌تا بێت به‌هێزتر و گه‌وره تر ده‌بن. ئه‌م گه‌شه‌یه له ڕێگای خۆراکی باش، پشووی باش و وه‌رزشی باشه‌وه ڕووده‌دات. ترسیش هه‌مانشێوه‌یه، لێ مه‌‌شق و خۆراکی ترس جۆرێکی ترن. له مێشکدا له سیستێمی لیمبشدا ئۆرگانێک هه‌یه به ناوی ئامیگدالا، که ئیشی ترسه. واتا سیگناڵی ترس ده‌نێرێت بۆ مێشک، کاتێک له مه‌ترسییدایت، بۆ نموونه ده‌ستت به‌ر ته‌نێکی گه‌رمده‌که‌وێت، له میلی چرکه‌دا خێرا ده‌ستت لاده‌به‌یت. بۆ ئه‌م کاره سووپاسی ئا‌میگدالا ده‌که‌ین. خۆراکی ترس بیرکردنه‌وه‌یه، چه‌ند به ترس بیربکه‌ینه‌وه، ئه‌وا هێنده ئا‌میگدالا گه‌وره ده‌بێت، هه‌روه‌کوو چلۆن له وه‌رزشکردن به ماسولکه‌کاندا، ماسولکه‌کانمان گه‌وره ده‌بێت، ئامیگدالاش هه‌مانشێوه. له ئاینده‌دا هه‌موو کاردانه‌وه‌یه‌کمان به ترس ده‌بێت. بیرکردنه‌وه‌مان ده‌بێته هۆی ڕژاندنی ڕێژه‌یه‌کی زۆری کۆرتیزۆل (هۆڕمۆنی شترێس)، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی زیاتر شترێس کردنمان، ئه‌م شترێسه ده‌بێته هۆی خستنه‌وه‌ی ترسی زیاتر و گه‌وره‌کردنی ئامیگدالا. لێ ڕشتنی کۆرتیزۆلی زۆر له جه‌سته‌دا به‌ده‌ر له شترێس ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی تر، یه‌کێک له‌وانه ڕێگرتنه له ڕشتنی مێلانتۆنینی پێویست. لێره‌دا به‌هۆی نه‌‌ڕشتنی مێلانتۆنینه‌وه تاک خه‌وی لێناکه‌وێت (مێلانتۆنین، ئه‌و هۆڕمۆنه‌یه، که مێشک ده‌یڕێژێت هه‌تا خه‌ومان لێبکه‌وێت). بۆ نموونه قووتابیی سبه‌ی تاقیکردنه‌وه‌ی هه‌یه، ته‌واوی ڕۆژ و شه‌وه‌که ده‌خوێنێته‌وه، به‌بێئه‌وه‌ی مێشکی هیچ داتایه‌ک وه‌ربگرێت. بۆ ڕۆژی ئاینده چ هه‌ست به برسێتیی ناکات و چ ئه‌گه‌ر بیشییه‌وێت خواردن بخوات، ئه‌وا هیچی پێناخورێت. بۆچیی؟ وه‌ڵام، چونکه زۆریی کۆرتیزۆل له خوێندا، ده‌بێته هۆی به‌رزکردنه‌وه‌ی پاڵه‌په‌ستۆی خوێن. کاتێک خوێن له پێکانه‌وه ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ دڵ، ئه‌وا له‌نێوانی گه‌ده و ڕیخۆڵه‌کاندا ده‌مێنێته‌وه، به‌شێک له‌ ئاوی ئه‌م خوێنه له ده‌ماره‌کانه‌وه ده‌ڕژێنه ده‌ره‌وه، ئه‌م ئاوه له‌نێوانی گه‌ده و ڕیخۆڵه‌کاندا پاڵه‌په‌ستۆ ده‌خاته سه‌ر گه‌ده، گه‌ده‌ ده‌نووسێت به‌یه‌که‌وه و تاک هه‌ست به‌برسێتیی ناکات، وێڕای ئه‌وه‌ی، که گه‌ده‌ی هیچی تێدا نییه.

له تاقیکردنه‌وه‌دا تاک به بچووکتریین جوڵه و ده‌نگ ئاگابوونی له‌ده‌ستده‌دات و سه‌رقاڵ ده‌بێت به شتی تره‌وه، بۆ نموونه بیرکردنه‌وه‌یه‌ک له مێشکیدا، چرکه‌چرکی کاتژمێرێک له هۆڵی تاقیکردنه‌وه‌دا، بنێشتی ده‌می مامۆستایه‌ک، قووتابییه‌ک ...هتد.

چلۆن به‌سه‌ر ترسدا زاڵ ده‌بین؟ وه‌ڵام، له ڕێگای ئارامییه‌وه. بۆ نموونه مێدیتاسیۆن کردن، یۆگاکردن. خوێندکار پێویسته به‌شێکی باشی ژیانی ڕۆژانه‌ی له ئارامکردنه‌وه‌ی خۆیدا خه‌رج بکات، لانیکه‌م ڕۆژی یه‌ک کاتژمێر دابنیشێت و هیچ نه‌کات، بیر له هیچ نه‌کاته‌وه، به‌ڵکوو ته‌نها هه‌ست به بوونی خۆی بکات، له ته‌وقی سه‌ریه‌وه هه‌تاوه‌کوو نووکی په‌نجه‌کانی پێی. له شه‌‌ودا ده‌توانیت بخوێنیته‌وه، به‌ڵام باشتره له کاتژمێر هه‌شت هه‌تا نۆی شه‌وه‌وه ده‌ستبه‌رداری خوێندنه‌وه بیت و بچیته جێگا بنوویت، هه‌تا کاتژمێر شه‌شی به‌یانیی. بۆچیی؟ وه‌ڵام، چونکه مێشک له شه‌ودا کاره‌کانی ڕۆژانه‌ی تۆمار ده‌کات. واتا له ڕۆژێکدا چیتکردووه، چی فێربوویت ئه‌وا له شه‌ودا تۆمار ده‌کرێت. مێشکیش کاتێک ده‌ستده‌کات به تۆمارکردن، که‌ تۆ خه‌وتوویت، واتا که ناخه‌ویت، ئه‌وا مێشکیش هیچ تۆمار ناکات. تۆمارکردنیش به واتای هه‌موو ئه‌و داتایانه له به‌بیرهاتنه‌وه‌ی کورته‌وه بگوێزرێته‌وه بۆ به‌بیرهاتنه‌وه‌ی درێژخایان.

خواردنی باش، مێشکێکی باشمان ده‌داتێ. خواردنی ته‌ندروست، مێشکێکی ته‌ندروستمان ده‌داتێ. مێشک وه‌ک ده‌زگایه‌کی کاره‌بایی بهێنه پێشچاوی خۆت، چه‌ند ئه‌و کابڵانه‌ی، که ته‌زووی کاره‌بایی ده‌گوێزنه‌وه گه‌یه‌نه‌رێکی باشبن، ئه‌وه‌نده مێشک باشتر کار ده‌کات. چه‌وریی یه‌کێکه له‌و خۆراکانه‌ی، که مرۆڤ ده‌بێت بزانێت، چ جۆره چه‌ورییه‌ک ده‌خوات، که قازانج به جه‌سته‌ی زیاتر ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌و چه‌ورییه‌ی مێشک پێویستیه‌تی، ڕۆنی زه‌یتوون و ڕاپس نییه، به‌ڵکوو ڕۆنێکه، که هه‌ڵگری مایه‌لینه. مایه‌لینیش له گوێز، باده‌م، فستق، بندووق و چه‌ره‌ساتدا هه‌یه. قووتابیی پێویسته ئاگای له‌وه‌ش بێت، که چه‌ند ده‌خوات، چونکه زۆر خواردنی چه‌ره‌سات ده‌بێته هۆی قه‌ڵه‌وکردنیش. بۆ نموونه ڕۆژانه ته‌نها بیست گرام چه‌ره‌سات به‌سه، چونکه له بیست گرام گوێزدا سه‌دوپه‌نجا کالۆرین هه‌یه. ئاو خواردنه‌وه‌ی پێویست، ئاوی ڕووت، لانیکه‌م دوو لیتر له ڕۆژێکدا، نه‌ک شه‌ربه‌ت، شه‌ربه‌تێک، که شه‌کرێکی زۆری تێدایه. له ئێستادا که پله‌ی گه‌رما به‌رزه، پێویسته ئاو زیاتر بخۆیته‌وه، چونکه به‌شێک له ئاوی له‌ش ده‌بێته هه‌ڵم. چونه به‌ر تیشکی خۆر، گرنگییه‌کی تری ژیانی ڕۆژانه‌یه. تیشکی خۆر وزه‌یه‌کی گه‌وره به له‌ش ده‌به‌خشێت. هه‌ندێک ڕێنمایی خوێندکار ده‌که‌ن، که شیرینیی بخۆن، لێ شیرینیی خواردن هه‌ڵه‌یه، چونکه چ قه‌ڵه‌وت ده‌کات و چ هایپه‌رئه‌کتیڤت ده‌کات. له بری شۆکۆلاته‌یه‌ک یان پاقلاوه، سێوێک بخۆ، مۆزێک بخۆ، بیست بۆ سیی ده‌نک ترێ بخۆ.

پێش هه‌موو خوێندنه‌وه و خۆئاماده‌کردنێک، هه‌وڵبده چل و پێنج خوله‌ک بۆ کاتژمێرێک ڕابکه، وه‌رزش بکه. چونکه له‌کاتی چالاکیی فیزیکییدا، ڕاکردن به‌تایبه‌تی، مێشک سێله‌ی نوێ به‌رهه‌مدێنێت و ئاماده‌گییه‌کی گه‌وره‌تری هه‌یه بۆ فێربوون. دواجار ئاگایی پێویستییه‌کی گه‌وره‌ی ژیانی قووتابییه. باوه‌ڕت به خۆت بێت، که ده‌رده‌چیت، باوه‌ڕت به خۆت بێت، که ئاینده‌ت گه‌ش ده‌بێت. پۆزه‌تیڤ بیربکه‌ره‌وه له هه‌‌موو شت. بخوێنه‌وه وه‌ک پێویست، بخۆ وه‌ک پێویست، بخه‌وه وه‌ک پێویست، گه‌شبینبه وه‌ک پێویست، ئه‌وا به دڵنیایی ئاینده هی تۆیه.