سوپای تورکیا سنووری زیاتر دەبەزێنێت

خاڵی سەربازیی زیاتر کردووە

 K24- زاخۆ:

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری ناحیەی دەرکار لە قەزای زاخۆ، سوپای تورکیا پێشڕەوی کردووە.

سەرچاوەیەک لە پاسەوانانی سنوور بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دوای 26 رۆژ لەدەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە لەسنوری قەزای زاخۆ، پاش نیوەڕۆی دوێنێ تورکیا لە رێگەی فڕۆکەکانی، سوپای دابەزاندووەتە سەر بەرزاییەکانی چیای شاقول کە دەکەوێتە تەنیشت چیای خامتیر کە پێشتر خاڵیان لێ جێگیرکردووبوو.

بەو پێیەش ژمارەی خاڵە جێگیرکراوەکانی تورکیا لەدوای ئەم ئۆپەراسیۆنە لەو سنوورە گەیشتە 12 خاڵ.

ھاوکات بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار لەقەزای زاخۆ ئەم ھەواڵەی بۆ کوردستان24 پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکەی رێگای 16 گوند داخراون.

کوردستان24 ئاشکراشیکردووە، سوپای تورکیا چەند جارێک لە رێگای فڕۆکە و تۆپخانەکانی بۆردومانی ناوچەکەی کردووە و 14 کیلۆمەتر سنووری هەرێمی بەزاندووە.

H.J