بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا پێنج گوللـە تۆپ بە گوندێکی بەرواری باڵا کەوتن

K24 – دهۆک

کەمێک پێش ئێستا بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە، پێنج گوللـە تۆپ بە گوندی بێدووهـێی دەڤەری بەرواری باڵا کەوتن.

سەربەست ئاکرەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسی بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئێستا دەوروبەری گوندی بێدووهێ لە سنووری ناحیەی کانی ماسی تۆپباران دەکرێت، ئەو تۆپبارانەش لە ئەنجامی شەڕی نێوان پەکەکە و تۆپخانەکانی تورکیایە".

بێدووهێ گوندێکی سنوورییە و نزیکەی 250 خانووی لێیە، بەڵام چەند ساڵێکە بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا کەس بەبەردەوامی لێی ناژی و خەڵکی گوندەکە تەنیا لە هاوینان سەردانی دەکەن بۆ ئاگاداربوونی باخ و کشتوکاڵیان.

سەربەست ئاکرەیی هەروەها دەڵێ "گوللـە تۆپ بە چەند خانوویەک کەوتووە، زیانی گیانی نەبووە، بەڵام خانووەکان زیانی ماددییان پێگەیشتووە".

هاووڵاتییەکی گوندەکە بەناوی شیمال بێدووهی ڤیدیۆی ساتی تۆپبارانەکەی بۆ کوردستان 24 ناردووە و دەڵێ "تۆپبارانەکە لە نزیک گوندەکەمان بوو، بەڵام زیانی گیانی نەبوو".

هـ.ر.