دەرمانە رووسییەكەی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان بەكاردەھێندرێت

.

K24 - ھەولێر

بڕیارە سبەی ئەو دەرمانە رووسییەی لەلایەن كۆمپانیایەكی ناوخۆیی بەرھەمھێندراوە، لە ھەرێمی كوردستان و عێراق، بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكاربھێندرێت.

د. محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوای ئەوەی لەلایەن تەندروستی عێراق دەرمانەكە پەسند كرا، بڕیارە سبەی دەست بكرێت بە دابەشكردنی ئەو دەرمانە رووسییە كە لە لایەن كۆمپانیایەكی ناخۆ بەرھەمھێندراوە و بۆ تووشبووانی كۆرۆنا بەكاردەھێندرێت".

گوتیشی: "بەپێی ئەو توێژینەوە و ھەڵسەنگاندنانەی لەسەر دەرمانەكەو كراوە، دەرئەنجامی كاریگەری ھەبووە بۆ تووشبووانی كۆرۆنا، كە توندی نەخۆششەكە و ھەروەھا رێژەی مردن كەمدەكاتەوە".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستانئ ئاماژەی بەوەشدا: "مەترسی كۆرۆنا زۆرە و ناكرێ بە ھیچ شێوەیەك رێكار و رێنماییەكان شل بكرێن، ئەگەر ھاووڵاتییان پابەند نەبن دۆخەكە خراپتر دەبێت، فشارێكی زۆر لەسەر كەرتی تەندروستی ھەیە، بەداخەوە تائێستا 10 كارمەندی تەندروستی بەھۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە".

ھەفتەی رابردوو دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیر (Favipiravir)ی بۆ چارەسەری توشبووانی کۆرۆنای لەلایەن كۆمپانیایەكی ناوخۆیی لە ھەرێمی كوردستان بەرھەمھێندرا و دواتر لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراق پەسند كرا.

ئەو دەرمانە بەپێی رێكەوتنی نێوان عێراق و رووسیا لە ھەرێمی كوردستان بەرھەمھێنراوە.