هه‌ڕه‌شه‌كانی كۆرۆنا له‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وتی كوردستان
سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا له مانگی كانوونی یه‌كه‌می 2019 و له وڵاتی چینه‌وه كه دواتر بۆ كۆی جیهان بڵاوبۆوه، له چه‌ندین بواره‌وه جیهانی تووشی قه‌یران كردووه، تاراده‌یه‌ك به بۆچوونی به‌شێك له شرۆڤه‌كاران، جیهانی پاش كۆڕۆنا زۆر جیاواز ده‌بێت له جیهانی پێش ئه‌و په‌تایه. قه‌یرانی ئابووری یه‌كێكه له‌و قه‌یرانانه‌ی به‌رۆكی جیهانی به‌گشتی گرتووه و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سازبوونی زۆربه‌ی قه‌یرانه‌كانی دیكه‌ش بووه، به‌تایبه‌ت له‌و وڵاتانه‌ی خاوه‌ن ئابووری به‌هێز و گه‌شه‌كردوو نین، وه‌كوو وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین. به‌پێی داتاكانی بانكی جیهانی، ئابووری جیهان له ساڵی 2020 و به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی په‌تای كۆرۆنا، له نێوان 5.2% بۆ 8% بچووك ده‌بێته‌وه و ئه‌وه زیاترین پاشه‌كشه‌یه له مێژووی ئابووری نوێی جیهان، به‌لانیكه‌م له پاش 1960.
به‌پێی ئه‌و خه‌مڵاندنه‌ی بانكی جیهانی، ئابووری وڵاتانی پێشكه‌وتوو به ٧%، باشووری ئاسیا به 2.7% ، سه‌حرای ئه‌فریقا به 2.8%، باكووری ئه‌فریقا به 4.2%، ئه‌وروپا و ئاسیای ناوه‌ڕاست به 4.7%، ئه‌مریكای لاتین به 7.2% و وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و باكووری ئه‌فریقاش به 4.2% پاشه‌كشه ده‌كات.
ئه‌وه‌ش به قووڵترین قه‌یرانی ئابووری جیهان له پاش 1932 ناسراوه چونكه نه ته‌نیا كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئابووری كۆی جیهان داناوه، به‌ڵكو ڕێژه‌ی پاشه‌كشه به ئابووری وڵاتان و خێرایی كاریگه‌ریی ئه‌و قه‌یرانه بێ وێنه‌یه. وه‌ك نموونه، قه‌یرانی ئابووری 2009 له ماوه‌ی 9 مانگ ڕێژه‌ی گه‌شه‌ی ئابووری جیهانی له 2.8% بۆ -2.28% دابه‌زاند و قه‌یرانی 1991 له ماوه‌ی 8 مانگ له %2.3 بۆ %1.15 دایبه‌زاند. به‌ڵام كۆڤید19 له ماوه‌ی ته‌نیا 3 مانگ ڕێژه‌ی گه‌شه‌ی ئابووری جیهانی له 2.43% بۆ 4.2%-له مانگی )نیسان)ی 2020 دابه‌زاند. ئه‌وه‌ش حكوومه‌تی زۆربه‌ی وڵاتانی تووشی شۆك كرد چون ئه‌و خێراییه مه‌جالی هه‌ڵوێستی خێرای لێگرتن و رووهێنانیان بۆ كه‌ره‌نتینه‌ی درێژخایه‌ن و په‌ره‌سه‌ندنی په‌تاكه له ناو كۆمه‌ڵگه‌كان بووه هۆی په‌ره‌سه‌ندنی كێشه‌كه بۆ بابه‌ته‌كانی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌ندروستی و ته‌نانه‌ت ئه‌منیش.
هه‌ڵبه‌ت كاریگه‌ریی په‌تای كۆڕۆنا له سه‌ر ئابووری و كۆمه‌ڵگای وڵاتان جیاواز بووه و هۆكاری به‌شێك له جیاوازی كاریگه‌ری ئه‌و په‌تایه له ناوچه جیاوازه‌كان، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مه‌ودای ده‌سه‌ڵات و كاریگه‌ریی حكومه‌ت و ڕۆڵی كه‌رتی تایبه‌ت، به‌تایبه‌تی له سێكته‌ره‌كانی ئابووری و ته‌ندروستی. له وڵاتانی رۆژئاوا، حكومه‌ته‌كان له‌كاتێك راسته‌وخۆ خه‌ریكی چاره‌سه‌ری په‌تاكه و ڕێگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری له كۆمه‌ڵگان، ڕۆڵی پاڵپشتی بۆ كه‌رتی تایبه‌ت ده‌گێڕن كه خێراتر بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئاستی پێشوو، به‌ڵام له زۆربه‌ی وڵاتانی رۆژهه‌ڵات و به‌تایبه‌ت رۆژهه‌ڵاتی ناوین، حكومه‌ته‌كان له نێوان چاره‌سه‌ری په‌تا و ڕێگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كه له‌ناو كۆمه‌ڵگا و هه‌روه‌ها بووژاندنه‌وه‌ی ئابووری گیریان خواردووه و له هیچیشیان سه‌ركه‌وتوو نین.
یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ی تووشی زیاترین كێشه بۆته‌وه، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته و ئه‌ویش به‌هۆی سیسته‌می دارایی و ئابووری ئه‌و وڵاتانه‌یه كه زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌و ناوچه‌یه تاڕاده‌یه‌كی بێ وێنه له ئاستی جیهان په‌یوه‌ستن به داهاتی نه‌وت و سامانی سروشتی ژێر زه‌وی، ئه‌مه‌ش له‌كاتێك دایه كه كه‌رتی نه‌وت زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌كی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه‌یه.
به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی كارتێل و كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان، داواكاری بۆ نه‌وتی خاو له مانگی نیسان به قه‌باره‌ی 29 میلیۆن به‌رمیل دابه‌زی و ته‌نانه‌ت گه‌یشته خوار قه‌باره‌ی به‌كارهاتوو له 1995یش، واتا 25 ساڵ پاشه‌كشه له ته‌نیا 3 مانگ. هه‌روه‌ها دابه‌زینی ئه‌و ڕێژه‌یه له سێ مانگی دووه‌میش به‌زیاتر له 23 میلیۆن به‌رمیل خه‌مڵێندراوه و پێده‌چێت گه‌یشتنه‌وه‌ی به به ئاستی داواكاری نه‌وت له سه‌ره‌تای 2020 كاتی زیاتری پێویست بێت و تاكوو نیوه‌ی ساڵی 2021یش بخایه‌نێت. دابه‌زینی قه‌باره‌ی داواكاری بۆ نه‌وت، ئه‌و كه‌رته‌ی له ئاستی جیهان تووشی شۆكێكی گه‌وره كرد و ته‌نانه‌ت نرخی نه‌وتی سووكی تێكزاسی بۆ یه‌كه‌م جار له مێژوو بۆ 37 دۆڵار ژێر سفر (ناقس 37 دۆڵار) بۆ هه‌ر به‌رمیلێك دابه‌زاند. بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه وڵاتانی ناو ڕێكخراوی ئۆپێك (كه عێڕاقیش ئه‌ندامه له‌و ڕێكخراوه) ده‌ستیان به دانووستان له ناوخۆیان و له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ی هه‌نارده‌كاری نه‌وت كرد بۆ هێنانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی بۆ بازاڕ و به‌و پێیه‌ش 9.7 میلیۆن به‌رمیل له قه‌باره‌ی به‌رهه‌م هێنانیان دابه‌زاند، به‌ڵام دیسان هه‌نارده‌كردن زۆر زیاتر بوو له داواكاری و نرخه‌كان تاكوو ئێستاش له ژێر 43 دۆڵار ماوه‌ته‌وه. ئه‌و دابه‌زینی نرخی نه‌وته وڵاتانی هه‌نارده‌كاری نه‌وت تووشی قه‌یرانێكی دارایی قووڵ كرد و دیسان بابه‌تی چاكسازی سیسته‌می دارایی و بوودجه و هه‌روه‌ها چاكسازی له كه‌رتی نه‌وت و وزه‌ی ئه‌و وڵاتانه بۆوه مژاری گه‌رمی میدیا و شرۆڤه‌كاران. كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانیش وه‌كوو گرینگ‌ترین و ستراتێجیكترین سێكته‌ری ئابووری هه‌رێم كه بێجگه له ڕۆڵی له دابین كردنی بوودجه‌ی گشتی، زیاترین پشكی له ڕاكێشانی سێكته‌ره‌كانی دیكه هه‌یه و به بزوێنه‌ری ئابووری هه‌رێم پێناسه كراوه، به‌هۆی كۆڕۆنا ڕووبه‌ڕووی كێشه بۆته‌وه و ئه‌وه‌ش قه‌یرانێكی خێرای بۆ ئابووری كوردستان سازكرد. كێشه‌ی كه‌رتی نه‌وتی كوردستان له 2020، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌یه كه حكوومه‌ت له ماوه‌ی دوو ساڵی 2018 و 2019 تا ڕاده‌یه‌ك به ڕێكخستنه‌وه‌ی پلانی پێدانی شایسته دارایی كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان و جێبه‌جێكردنی پلانی گه‌شه‌ی ئه‌و كه‌رته، توانیبووی قه‌باره‌ی به‌رهه‌م هێنان كه له 2017 و پاش 16ی ئۆكتۆبر بۆ 250.000 به‌رمیل دابه‌زیبوو بگه‌یێنێته‌وه 500.000 به‌رمیل و به ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا (و حكومه‌تی عبدالمهدی)، توانیبووی بوودجه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم ڕێكبخاته‌وه و نه‌ته‌نیا مووچه له كاتی خۆی دابه‌ش بكات به‌ڵكوو پڕۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و وه‌به‌رهێنان بخاته‌وه گه‌ڕ كه یارمه‌تیه‌كی گرینگ بوو بۆ كه‌رتی تایبه‌ت و بووژانه‌وه‌ی ئابووری كوردستان. به‌ڵام قووڵتربوونی قه‌یرانی جیهانی كۆڕۆنا، كه‌رتی نه‌وتی كوردستان و پلانه‌كانی گه‌شه‌ی ئه‌و كه‌رته‌شی تووشی كێشه كرد، ئه‌و كێشانه به دوو شێوازی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ هێرشیان كرده سه‌ر ئه‌و كه‌رته كه لێره به‌گشتی باسیان ده‌كه‌ین:
هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌وخۆ:
هه‌ڕه‌شه‌ی دابه‌زینی داواكاری: دابه‌زینی ڕێژه‌ی داواكاری بۆ نه‌وتی جیهان، به دڵنیاییه‌وه كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانیشی گرته‌وه، له كاتێك چین و وڵاتانی ئه‌ورووپی كڕیاری سه‌ره‌كی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانن، دابه‌زینی به‌رچاویان له گه‌شه‌ی ئابووری و پیشه‌سازی خۆیان بینیوه و داواكاری بۆ نه‌وت له‌و وڵاتانه زۆر دابه‌زیوه . داواكاری چین بۆ نه‌وت له مانگی شوباته‌وه به ڕێژه‌ی 40% دابه‌زیوه و ئه‌وه‌ش سه‌ره‌رای حه‌ولی ئه‌و وڵاته‌یه بۆ كڕین و عه‌مباركردنی نه‌وتی هه‌رزان. هه‌روه‌ها داواكاری وڵاتانی ئه‌ورووپی بۆ نه‌وت زیاتر له 14% دابه‌زی و گه‌یشته 12.5 ملیار به‌رمیل له ڕۆژ كه ده‌توانێت ببێیته هۆی دابه‌زینی رێژه‌ی داواكاری ئه‌و وڵاتانه بۆ نه‌وتی كوردستان له كورت مه‌ودا.
هه‌ڕه‌شه‌ی دابه‌زینی داهات: دابه‌زینی نرخی نه‌وت به هۆی زیادبوونی هه‌نارده‌كردن به‌رامبه‌ر به داواكردن بۆ نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهان، به شێوازی ڕاسته‌وخۆ داهاتی كه‌رتی نه‌وتی كوردستانی كرده ئامانج و بێجگه له سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی ئابووری به گشتی بۆ هه‌رێمی كوردستان، بووه هۆی دابه‌زینی توانای حكوومه‌تی هه‌رێم له پێدانی پاره و شایسته‌داراییه‌كانی كۆمپانیا نه‌وتیه‌كانی ناو كوردستان. بێجگه له‌وه‌ش به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت، وه‌دواكه‌وتنی پێدانی شایسته‌داراییه‌كان و هه‌روه‌ها دابه‌زینی ئاستی خێر بۆ كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان و ته‌نانه‌ت تووشی زه‌ره‌ر بوونی به‌شێكیان به‌لانی كه‌م بۆماوه‌ی ٢ تا ٣ مانگ، ئاست و ژوماره‌ی پڕۆژه‌كانی په‌ره‌پێدان به توانای به‌رهه‌م هێنان له كێڵگه نه‌وتیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دابه‌زی و ئه‌وه‌ش له داهاتوو كاریگه‌ری له‌سه‌ر توانای به‌رهه‌م هێنانی نه‌وتی كوردستان ده‌بێت و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ ئاستی پێش كۆڕۆنا كات و خه‌رجی زیاتری پێویست ده‌بێت.
هه‌ڕه‌شه‌ی ناڕاسته‌وخۆ:
هه‌ڕه‌شه‌ی سنوورداركردنی به‌رهه‌م هێنان: كاتێك داهاتی نه‌وت له عێڕاق و كوردستان دابه‌زی و هه‌ر دوو حكوومه‌ت تووشی كێشه‌ی بوودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بوونه‌وه، وه‌ك هه‌میشه و پێشوو، یه‌كه‌م كه‌رت كه تووشی هه‌ڕه‌شه‌بۆوه، كه‌رتی نه‌وتی دوو پارچه‌ی عێڕاق و به‌تایبه‌ت له كوردستان بوو. عێڕاق، بێجگه له‌وه‌ی داوای كرد كۆمپانیا نه‌وتیه‌كانی ناو عێڕاق خه‌رجیه‌كانیان كه‌م بكه‌نه‌وه، داوایكرد كه ڕێژه‌ی به‌رهه‌م هێنان له عێڕاق و كوردستان به ڕێژه‌ی 23% داببه‌زێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌ڵێنه‌كانی خۆی بۆ وڵاتانی ناو په‌یمانی ئۆپێك پلاس جێبه‌جێ بكات. به‌وپێیه حكوومه‌تی فێدڕاڵ، گوشاری هێنایه سه‌ر كه‌رتی نه‌وتی كوردستان كه به‌رهه‌م هێنانی خۆی بۆ 370.000 به‌رمیل دابه‌زێنێت، واتا دابه‌زاندنی زیاتری داهاتی حكوومه‌ت، دابه‌زینی زیاتری داهاتی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان و هه‌روه‌ها زیاتركردنی رێژه‌ی زه‌ره‌ر یان دابه‌زاندنی رێژه‌ی خێر، چون به‌رهه‌مهێنان به قه‌باره‌ی كه‌متر له كۆی توانا له زۆربه‌ی كێڵگه‌كانی كوردستان كه قه‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنانیان چه‌ند هه‌زار یان ژێر سه‌د هه‌زار به‌رمیله، واتا به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی خه‌رجی بۆ به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر به‌رمیلێك و … له ده‌ره‌نجام، پاڵنانی كه‌رتی نه‌وتی كوردستان بۆ ناو دایره‌ی دابه‌زاندنی داهات و زۆركردنی زه‌ره‌ر كه خێراتر له نموونه‌كانی پێشوو هه‌ڵده‌سووڕا.
هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر كه‌ورت نه‌وتی كوردستان: هه‌روه‌ها، هه‌ڕه‌شه‌ی دیكه‌ی ناڕاسته‌وخۆی كۆڕۆنا بۆ كه‌رتی نه‌وتی كوردستان كاتێك به‌رزبۆوه كه حكوومه‌تی ناوه‌ندی به بیانووی دابه‌زینی داهات، به‌شی بوودجه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی له بوودجه‌ی فێدڕاڵی بڕی و حكوومه‌تی هه‌رێمیش كه به هۆی كورت هاتنی بوودجه و سیسته‌می دارایی حكوومه‌ت و نه‌بوونی سندووقی پاشه‌كه‌وتی داهات، هیچ جێگره‌وه‌یه‌كی بۆ جوبرانی ئه‌و سوه‌چاوه‌ی داهاته نه‌بوو، به ناچار و له وڵامی زه‌ختی به‌شێك له ئۆپۆزیسیۆن، ڕوویكرده‌وه به‌غدا بۆ دانووستان و ڕێكه‌وتنی نوێ. له وڵام، به‌غدا كه تا ئه‌و كات باسی ته‌نیا له وه‌رگرتنی داهاتی 250.000 به‌رمیل نه‌وتی له كوردستان ده‌كرد و له‌بڕی داهاتی ئه‌و نه‌وته له به‌شه بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی ده‌بڕی ، ئه‌وجار داوای كۆی نه‌وتی به‌رهه‌م هاتووی كوردستان و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و كه‌رته‌ی كرد. ئه‌وه‌ش كه‌رتی نه‌وتی كوردستانی تووشی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی دیكه كرد، چون داهاتووی پلان و گرێبه‌سته‌كانی كۆمپانیا نه‌وتیه‌كانی بیانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی كوردستانی لێڵ كرد، هه‌م كۆمپانیاكانی به‌رهه‌م هێنه‌ر و خزمه‌تگوزاری نه‌وت و هه‌م كۆمپانیاكانی كڕیار كه به‌شێكیان پاره‌ی پێشه‌كیان به حكوومه‌تی هه‌رێم داوه بۆ كڕینی نه‌وت. ئه‌وه‌ش ده‌توانێت دیسان كه‌رتی نه‌وتی كوردستانی بباته‌وه بۆ 2014 و 2015 كاتێك هه‌موو ڕۆژێك به‌غدا سكاڵایه‌كی له سه‌ر نه‌وتی كوردستان له دادگا ناوخۆیی و بیانیه‌كان تۆمار ده‌كرد و كۆمپانیا بیانیه‌كانی كڕیار یان چالاك له‌و كه‌رته‌ی تووشی هه‌ڕه‌شه ده‌كرد. نه‌گه‌یشتنی چاره‌سه‌ر له نێوان دوو حكوومه‌ت بۆ ماوه‌ی 3 مانگ له ده‌ستپێكردنی دانووستانه‌كان، هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ سه‌ر ئه‌و كه‌رته و داهاتووه‌كه‌ی زیاتر كردوه.
هه‌ڵبه‌ت به لاچوونی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه، كه‌رتی نه‌وت كه كه‌رتێكی هه‌ستیاره به پاڵس و بابه‌ته سیاسی، ئه‌منی و ئابووری كاتێكی زیاتر له ماوه‌ی پێشووی پێویست ده‌بێت كه خۆی ڕێكبخاته‌وه و ده‌ره‌نجامی ئه‌و كێشانه تێپه‌ڕێنێت.
كۆتایی وتار و چه‌ند پێشنیازێك:
ئێستا كه كه‌رتی نه‌وتی كوردستان به هۆی كۆڕۆنا و گوشاری به‌شێك له حیزبه ناوخۆییه‌كان و هه‌روه‌ها به‌غدا تووشی چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ی جیاواز بۆته‌وه، به‌پێی گرینگی و ستراتێجینك بوونی ئه‌و كه‌رته بۆ ئابووری و داهاتووی كوردستان، پێشنیار ده‌كرێت هاوكات له‌گه‌ڵ حه‌ول بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریه‌كانی له‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وتی كوردستان سنووردار بكرێت، پلانێكی چاكسازی خێرا به مه‌به‌ستی دابه‌زاندنی خه‌رجیه‌كان و پته‌وتركردنی ژێرخانه‌كانی ته‌كنیكاڵی كه‌رتی نه‌وتی كوردستان جێبه‌جێ بكرێت. هه‌روه‌ها هه‌نگاوی پێویست بۆ جێبه‌جێ كردنی ته‌واوی یاسای نه‌وت و گازی كوردستان بهاوێژرێت به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به دانانی كۆمپانیاكانی نیشتمانی نه‌وت و دانانی سندووقی پاشه‌كه‌وتی داهاتی نه‌وت.