بەریتانیا 890 ملیۆن دۆلار بۆ پاراستنی سنوورەکانی تەرخاندەکات

سنوورەکەی دەکاتە پارێزراوترینی جیهان

 

K24 - هەولێر

بەریتانیا بڕی890  ملیۆن دۆلار خەرجدەكات بۆ ئەوەی سنوورەكەی ببێتە پارێزراوترین سنوور لە جیھان.

بەریتانیا رایگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکەی، بەر لەوەی لە كۆتایی ئەمساڵدا لە یەكێتیی ئەوروپا جیاببێتەوە، بڕی890  ملیۆن دۆلاری بۆ پاراستنی سنوورەکانی تەرخانكردووە.

مایكڵ گۆف، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری راگەیاندن، لە لێدوانێكیدا ئاماژەی بەوەدا، ئەو بڕە پارەیەی تەرخانكراوە مسۆگەری دەكات كە سنووری نوێی بەریتانیا لە كانوونی دووەمی ساڵی داھاتوودا پارێزراو بێت.

بەگوتەی وەزیرە بەریتانییەکە ئەو بڕە پارەیە لە ئامادەکردنی ژێرخانێکی تۆکمە بۆ کۆنترۆڵی سنوور خەرجدەکرێت، لەوانەش سیستەمی کۆمپیوتەر و ستافی زیاتر لەگەڵ زیاتر لە 500 ئەندامی دیکەی هێزی پاراستنی سنوور.

مایكڵ گۆف باس لەوە دەکات ئەو وەبەرهێنانەی لە سنوورەکەدا دەکرێت، دەبێتە ھۆكار تاوەکو ساڵی2025  سنووری بەریتانیا ببێتە چالاكترین سنوور لە جیھاندا.

برێگزیت (جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا)، دوای ئەوە دێت رێژەی 51.9٪ـی خەڵکی بەریتانیا لە ریفراندۆمی ساڵی 2016، دەنگیان بە جیابوونەوەی وڵاتەکەیان دا لە یەکێتیی ئەوروپا، هێشتا رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی چۆنییەتی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا نەکراوە، بەڵام بە رێککەوتن بێت، یان بەبێ رێککەوتن، دەبێت لە یەکێتییەکە بچێتەدەرەوە، بەمەش سنوورەکانی بەتەواوەتی دەکەوێتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی.

 

هـ.ر.