ئیمارات "کەشتی ئاسمانیی هیوا" دەنێرێتە هەسارەی مەریخ

لەگەڵ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی 50ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی وڵاتی ئیمارات، ئامانجەکەی دەپێکێت

 

K24 - هەولێر

ئیمارات دەبێتە یەکەم وڵاتی عەرەبی لەنێو هەسارەی مەریخ لێکۆڵینەوە بکات، دوای ئەوەی سبەی کەشتییەکی ئاسمانی رەوانەی ئەو هەسارەیە دەکات.

کەشتیی ئاسمانیی هیوا-ی ئیماراتی، بڕیارە سبەی (چوارشەممە، 15-7-2020) لە سەنتەری تانیگاشیمای بۆشایی ئاسمان لە ژاپۆنەوە رەوانەی بۆشایی ئاسمان بکرێت.

 کەشتییە ئاسمانییە ئیماراتییەکە بەپێی مەزەندەکان حەوت مانگی پێدەچێت بۆ بڕینی 493 ملیۆن کیلۆمەتر و گەیشتن بە مەریخ. بەمەش لەگەڵ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی 50ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی وڵاتی ئیمارات، ئامانجەکەی دەپێکێت.

لەماوەی ساڵێکی مەریخ کە دەکاتە 687 رۆژی زەوی، کەشتیی ئاسمانیی هیوا بەدەوری هەسارەی مەریخدا دەسووڕێتەوە.

سارە ئەمیری، جێگری بەڕێوەبەری پرۆژەی گەشتەکە بۆ مەریخ و وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کاروباری زانستە پێشکەوتووەکان دەڵێ "بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی 24 کاتژمێری سەرەتام لەدوای جیابوونەوەی کەشتییە ئاسمانییەکە لە مووشەکەکە، چونکە لەوەوە ئەنجامی کارەکەمان دەبینین".

تاوەکو ئێستا هەریەک لە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هیندستان، یەکێتیی سۆڤییەتی جاران و ئاژانسی ئاسمانیی ئەوروپا سەرکەوتوو بوون لە ناردنی کەشتیی ئاسمانی بۆ هەسارەی مەریخ و چینیش خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئەوەی لەماوەی ئەم مانگەدا، یەکەم کەشتیی ئاسمانی بنێرێتە هەسارە سوورەکە.

هەرچەندە ئامانجی کەشتییە ئاسمانییەکە نیشاندانی وێنەیەکی تەواوی کەشوهەوای هەسارەی مەریخە، بەڵام بەشێکیشە لە ئامانجێکی گەورەتری ئیمارات کە بنیادنانی شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤە لەسەر ئەو هەسارەیە لەماوەی 100 ساڵی داهاتوودا.