ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئێران: سیخوڕێكی سی ئای ئه‌ی له سێداره درا
K24 – هه‌ولێر:
ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه رایگه‌یاند، كه‌سێكیان له سێداره داوه، كه تۆمه‌تی سخوڕی بۆ ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا (سی ئای ئه‌ی)ی به‌سه‌ردا ساغ بووه‌ته‌وه.
ئاژانسی هه‌واڵیی "ته‌سنیم"ی ئێران له زاری گوته‌بێژی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران، "غولام حسێن ئیسماعیلی" بڵاویكرده‌وه، هه‌فته‌ی رابردوو "ره‌زا عه‌سكه‌ریی" له سێداره دراوه، كه فه‌رمانبه‌ری خانه‌نشینی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئێران بووه.
گوته‌بێژه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری گوتیشی: "عه‌سكه‌ریی له 2012 خانه‌نشین كرابوو، به‌ڵام په‌یوه‌ندی كردووه به هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكاوه. به‌شێك له زانیاری تایبه‌ت به به‌رنامه‌ی مووشه‌كی ئێرانی فرۆشتووه به هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا و دوای ده‌ستگیركردنی دادگاییكراوه و تۆمه‌ته‌كانی له‌سه‌ر ساغبوونه‌ته‌وه و هه‌فته‌ی رابردوو له سێداره دراوه".
هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكرد، سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر سیخوڕێكی دیكه به ناوی "مووسه‌وی مه‌جد" ده‌ركراوه، به‌ڵام هێشتا جێبه‌جێ نه‌كراوه.
ئاژانسی هه‌واڵگری سه‌ربازی سه‌ر به وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندبوو، ئێران به‌رنامه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ پێشخستنی مووشه‌كه‌كانی هه‌یه. هێشتا كۆگای مووشه‌كه بالیستییه‌كانی له رووی جۆرایه‌تی و چه‌ندایه‌تی و قه‌واره‌وه گه‌وره‌تر بوون، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو فشار و سزایانه‌ی به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پێنراوون.
ئێران ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه بانگه‌شه بۆ جۆرێك له ئۆپراسیۆنی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ده‌كات، كه دژی تۆڕه‌كانی سیخوڕی له وڵاته‌كه‌یدا ئه‌نجامیان ده‌دات.
به‌شێك له چاودێران و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تاران به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، دادگاییه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ی ئه‌و تۆمه‌تبارانه ناكات، كه به تۆمه‌تی سیخوڕیكردن بۆ وڵاتانی زلهێز له سه‌رووشیانه‌وه ئه‌مه‌ریكا ده‌ستگیریان ده‌كات.
رێكخراوی مافه‌كانی مرۆڤ له ئێران پشتڕاستیكردووه‌ته‌وه، له نیوه‌ی یه‌كه‌می ساڵی 2019دا تاران سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ر 110 كه‌سدا جێبه‌جێكردووه.
له حوزه‌یرانی رابردووش‌دا، دادگای ئێران سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ر كه‌سێكدا به ناوی "مه‌حموود مووسه‌وی مه‌جد"دا سه‌پاند، به تۆمه‌تی سیخوڕیكردن و ئاشكراكردنی شوێنی جه‌نه‌راڵ قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران، كه له به‌ره‌به‌یانی 3ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2020، له‌گه‌ڵ ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیسی فه‌رمانده له هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی عێراق له رێی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا كرانه ئامانج.