توركیا: ئافره‌تێك و چوار منداڵی بیانیمان له كه‌مپی هۆل "رزگار" كرد

K24 – هه‌ولێر:
هه‌واڵگری توركیا، (میت) رایگه‌یاند، ئافره‌تێكی خه‌ڵكی مۆڵدۆڤیا و چوار منداڵی ئه‌و ئافره‌ته‌ی له كه‌مپی هۆلی سه‌ر به پارێزگای حه‌سه‌كه له باكووری خۆرهه‌ڵاتی سووریا "رزگاركردووه" كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل و هێزه‌كانی سووریای دیموكراتدایه.
ئاژانسی هه‌واڵیی ئه‌نادۆڵی توركی بڵاویكرده‌وه، له ئه‌ڵقه‌یه‌كی دیكه‌ی زنجیره كرده‌وه سه‌ركه‌وتووه‌كانی میت بۆ رزگاركردنی "بارمته‌كان" رزگاركردنی ئه‌و ژنه مۆڵدۆڤییه و چوار منداڵه‌كه‌ی بووه و پێشتریش ئافره‌تێكی ئیتاڵی له مانگی ئایاری رابردوودا رزگار كراوه.
ئه‌و ئافره‌ته ناوی "ناتالیا باركاڵ"ه و به یاوه‌ری هاوسه‌ره‌كه‌ی و منداڵه‌كانیان له 2013 سه‌ردانی سووریای كردووه.
ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا ده‌ڵێت: ئه‌و ئافره‌ته و هاوسه‌ره‌كه‌ی به مه‌به‌ستی بازرگانی له 2013دا روویان له سووریا كردووه و دواتر له لایه‌ن یه‌په‌گه و هه‌سه‌ده‌وه رفێندراوون و براونه‌ته كه‌مپی هۆل.
شه‌ڕی سووریا له ئازار/ مارسی 2011 ده‌ستیپێكردووه و له‌و ساڵه‌وه زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان هۆشداریان داوه‌ته هاووڵاتیانیان به هیچ شێوه‌یه‌ك روو له سووریا نه‌كه‌ن.
ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كه‌ی توركیا ده‌ڵێت: حكومه‌تی مۆڵدۆڤیا داوای لێمان كردووه به دوای باركاڵ و منداڵه‌كانیدا بگه‌ڕێین، به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌كی بۆ باوكی منداڵه‌كان و هاوسه‌ری ئافره‌ته‌كه نه‌كردووه.
روونیشیكردووه‌ته‌وه، باركاڵ و منداڵه‌كانی بۆ ماوه‌ی 24 رۆژ له زیندانێكی منبج بوونه پێش ئه‌وه‌ی بگوازرێنه‌وه بۆ كه‌مپی هۆل.
به گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌ی ده‌زگای میت، ئه‌و ئافره‌ته له 6ی حوزه‌یرانی رابردوو، له كه‌مپی هۆله‌وه گواستراوه‌ته‌وه بۆ گرێ سپی، كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی سوپای توركیادایه و دواتر راده‌ستی وڵاته‌كه‌ی كراوه‌ته‌وه.
كه‌مپی هۆل تایبه‌ته به هاوسه‌ر و منداڵی هه‌موو ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش كه له شه‌ڕه‌كاندا كوژراون یاخود خۆیان راده‌ستی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات كردووه.
زۆرینه‌ی ئه‌و چه‌كداره بیانیانه‌ی له رێگه‌ی توركیاوه روویان له سووریا كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی بچنه پاڵ گرووپه تیرۆریستییه‌كان هاوسه‌ر و منداڵه‌كانیشیان راپێچی سووریا كردبوو، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ وه‌ك بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد، له ژێر ده‌سه‌ڵاتدارێتی خیلافه‌تی داعشدا بژین، كه شاری ره‌ققه‌ی كردبووه پایته‌ختی سه‌ره‌كی خۆی.
سه‌رچاوه: ئه‌نادۆڵ