60 کەس لە هەولێر پلازمای خوێنیان بەخشیوە

بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەولێر دەڵێ پێویستمان بە زیاترە
kurdistan24.net


K24 - هەولێر

نزیکەی 60 کەس کە لە پەتای کۆرۆنا چاکبوونەتەوە لە هەولێر، پلازمای خوێنیان بەخشیوەتە تووشبووانی دیکەی کۆرۆنا، بەڵام ئەوەندە بەس نییە و بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەولێر دەڵێ پێویستیان بە زیاترە.

هۆشیار یاسین، بەڕێوەبەری بانکی خوێن لە هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند "تائێستا نزیکەی 60 چاکبووەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پلازمای خوێنیان بەخشیوە، بەڵام زیاتر پێویستمان پێیە و داوا دەکەین چاکبووەوانی کۆرۆنا بەدەم بانگەوازی ئێمەوە بێن و سەردانمان بکەن بۆ بەخشینی پلازما".

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان 15-7-2020 ئاشکرای کرد یەکێک لە ھێڵەکانی چارەسەری بۆ نەخۆشانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ وەرگرتنی پلازمای خوێنی کەسێکی چاکبووەوە لەم نەخۆشیەیە. ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشەکان بە تووندی تووشی کۆرۆنا بوون و پێویستیان بە پلازمایە، بۆیە داوای کرد هەرکەسێک 28 رۆژ بەسەر چاکبوونەوەی لە کۆرۆنا تێپەڕیوە، پلازمای ببەخشێت.

بەڕێوەبەری بانکی خوێن لە هەولێر باس لەوە دەکات "بانگەوازەکە بەدەمەوهاتنێکی باشی هەبووە، بەڵام بەهۆی زۆربوونی ژمارەی ئەوانەی بەتووندی پەتاکەیان گرتووە، پێویستیمان بە زیاترە".

پلازمای خوێنی چاکبووەوان لە کۆرۆنا، لەڕێگەی ئامێرێکی تایبەت وەردەگیرێت، هۆشیار یاسین دەڵێ "سێتی ئەو ئامێرە کە بۆ یەک نەخۆش بەکاردێت نزیکەی 400 هەزار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت، بەڵام ئێمە ژمارەیەکی زۆر سێتمان بۆ دابینکراوە و چەند ژمارەی بەخشەری پلازما زۆر بێت، کێشەمان نابێت".

لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر: دوو هەزار و 652 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، 1851 کەسیان چاکبوونەتەوە، ئێستا 735 کەس ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جەستەیان چالاکە و 66 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

جیھان لە پێشبڕکێدایە بۆ دۆزینەوەی پێکوتەی کۆرۆنا، بەڵام تاوەکو ئێستا پێکوتە نەدۆزراوەتەوە و کێشەیەکی دیکەش هەیە کە ئەگەر بشدۆزێرێتەوە و بە کۆگاکردن و گواستنەوە و ئامادەبوونی بۆ ھەموو خەڵکی جیھان کە نزیکەی 7.8 ملیار کەسە، لەماوەیەکی زوودا زەحمەتە، بۆیە وەکو چارەسەرێکی خێرا سوود لە پلازمای خوێنی چاکبووانی کۆرۆنا وەرگیراوە.

بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەبارەی چۆنییەتی بەکارهێنانی پلازمای خوێن بۆ تووشبووانی کۆرۆنا، ئەم وتارە بخوێنەوە:
پلازمای خوێن بۆ نەخۆشانی کۆرۆنای نوێ

 

هـ.ر.