کازمی سەردانی سعودیە و ئێران دەکات

یەکەم گەشتییەتی وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق


K24 - هەولێر

مستەفا کازمی، سەردانی سعودیە دەکات و لەوێوەش راستەوخۆ دەچێتە ئێران.

سبەی (یەکشەممە، 19-7-2020) مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران دەکات لە بەغدا، پێش ئەوەی رۆژی دواتر بە یاوەریی وەزیرانی: نەوت، کارەبا، پلاندانان و ئابووری بچێتە سعودیە.

بەرپرسانی عێراق دەڵێن، شاندەکەی عێراق بڕیارە لە سعودیە لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کۆببێتەوە.

گفتوگۆی شاندەکەی عێراق و سعودیە لەبارەی وزە و ئابووری دەبێت. دواتر راستەوخۆ درەنگانی سێشەممە دەچنە تاران، کە بڕیارە کازمی لەوێ چاوی بە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەوێت.

سەردانی کازمی بۆ سعودیە، دەبێتە یەکەم گەشتی وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق لەدوای دەستبەکاربوونی لەو پۆستە.

 

هـ.ر.