لەبارەی كوژرانی گەنجێك لە بێخاڵ ئاسایشی رواندز زانیاری ئاشكرا دەكات

ئەمڕۆ گەنجێك لە ھاوینەھەواری بێخاڵ كوژرا

K24 – رواندز

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی قەزای رواندز، لە روونكردنەوەیەكدا لەبارەی كوژرانی گەنجێك لە ھاوینەھەواری بێخاڵ ئاشكرای كرد، بكوژی ئەو گەنجە ئافرەتێكە و لەگەڵ دوو تۆمەتباری دیكە، ھێزەكانیان توانیویانە لە ماوەی 45 خولەكەدا دەستگیریان بكەن.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رواندز لەو روونكردنەوەكەدا رایگەیاندووە: "ئەمڕۆ شەمە 18/7/2020 ئاگادار کراینەوە کە رووداوێکی کوشتن لە گوندی بێخاڵ روویداوە، دەستبەجێ مەفرەزەکانمان و تیمی لێکۆڵینەوە بەرێوەبەرایەتیەکەمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، دەرکەوت کەسێک کوژراوە بەناوی (آ.غ.ف) دەستمان بەسەر چەکی بەکارهاتوو لە کوشتنەکە داگرت، لەگەڵ تەواوی ئەو کەلوپەلەی لە شوێنی رووداوەکە هەبوو، دواتر ئاگاداری بەشی پۆلیسی رواندزمان کردەوە بۆ پشکنینی تەرمەکە و شوێنی رووداوەکە، دوای بە دواداچوونێکی وردی تیمەکانی بەرێوەبەرایەتییەکەمان توانیمان کەمتر لە 45 خولەک  بکوژەکە دەستگیربکەین، بەناوی (ش.ا.ا) کە ئافرەتە و هەروەها کەسێکی دیكە بەناوی (ع.ج.ق) کە لەگەڵ بکوژەکە دابووە، لە شوێنی رووداوەکە کەسێکی دیكە بە ناوی (ر،ع،ا) کە هاورێی کوژراوەکە بووە دەستگیركراوە".

لە روونكردنەوەكەی ئاسایشی رواندز ھاتووە: "دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەگەڵ بکوژەکە، دانی بەوە دانا کە ئەو خۆی بە چەکی جۆری دەمانچە دوو فیشەکی لە سەری (ا.غ.ف) داوە و کوشتوویەتی، هەروەها تۆمەتبار (ع.ج.ق) دانی بەوە دانا کە لەگەڵ بکوژ دابووە".

دەقی روونکردنەوەی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی قەزای رواندز :..

ئەمڕۆ رێکەوتی ١٨/٧/٢٠٢٠ کاتژمێر ١:٢٥ دوا نیوەڕۆ ئاگادار کراینەوە کە رووداوێکی کوشتن لە گوندی بێخاڵ روویداوە دەست بە جێ مەفرەزەکانمان و تیمی لێکۆڵینەوە بەرێوەبەرایەتیەکەمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە دەرکەوت کەسێک کوژراوە بەناوی (آ.غ.ف) دەستمان بەسەر چەکی بەکارهاتوو لە کوشتنەکە داگرت لەگەل تەواوی ئەو کەلو پەلەی لە شوێنی رووداوەکە هەبووە، دواتر ئاگاداری بەشی پۆلیسی رواندزمان کردەوە بۆ پشکنینی تەرمەکە و شوێنی رووداوەکە دوای بە دواداچوونێکی وردی تیمەکانی بەرێوەبەرایەتیەکەمان توانیمان کەمتر لە چل و پێنج خولەک  بکوژەکە دەستگیربکەین بەناوی (ش.ا.ا) کە ئافرەتە و هەروەها کەسێکی تر بەناوی (ع.ج.ق) کەلەگەڵ بکوژەکە دابووە ئەمڕۆ لە شوێنی رووداوەکە وە کەسێکی تر بە ناوی (ر،ع،ا) کە هاورێی کوژراوەکە بووە دوای لێکۆلینەوەیەکی ورد لەگەڵ بکوژەکە لە بەرێوەبەرایەتیەکەمان دانی بەوە دانا کە ئەو خۆی بە چەکی جۆری دەمانچە دوو فیشەکی لە سەری (ا.غ.ف) داوە و کوشتوویەتی هەروەها تۆمەتبار (ع.ج.ق) دانی بەوە دانا کە لەگەڵ بکوژ دابووە لە شوێنی رووداوەکە دوای تەواو بوونی لێکۆڵینەوە لەسەر فەرمانی بەرێز بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران بە ئاگاداری بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەی رواندز تەواوی پەڕاوی لێکۆڵینەوە و هەرسێ دەستگیرکراوەکە و تەواوی کەلوپەلەکان رەوانەی بەشی پۆلیسی رواندز کران.

تێبینی/هیچ کامیان خەڵکی رواندز نین و رووداوەکەش لە ئەنجامی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی روویداوە