هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا دەستیپێکرد

لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رێڤەری خۆسەر رێگە بە دانانی سندووقی دەنگدان نەدرا

K24 - هەولێر

لەوەتەی دەستپێکردنی شەڕ لە سووریا، ئەمڕۆ بۆ سێیەمین جار هەڵبژاردنی پەرلەمان لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریش دووپاتی دەکاتەوە رێگە بە دانانی سندوقەکانی دەنگدان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان نادەن.

بەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 19-7-2020) حەوت هەزار و 277 ناوەندی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە سووریا بەڕووی هاووڵاتیان کرانەوە، لە پرۆسەیەکدا کە هەر چوار ساڵ جارێک دووبارە دەبێتەوە و هەمیشە حیزبی بەعس کە بەشار ئەسەد سەرۆکایەتی دەکات، دەباتەوە.

لە هەڵبژاردنەکەدا هەزار و 656 کاندید رکابەرایەتی لەسەر 250 کورسی پەرلەمانی سووریا دەکەن و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رایدەگەیەنێت، رێگە نادەن سندووقی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا لە ناوچەكانیان دابندرێت.

لوقمان ئەحمێ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باكوور و رۆژھەڵاتی سووریا رایگەیاند، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا، دەرخەری ئەوەیە "ھێشتا حكومەت سوورە لەسەر ئەوەی ھیچ قەیرانێك لە سووریا نییە و ھیچ لایەنێكی دیكەی قبووڵ نییە بۆ دانوستانەكانی سووری - سووری".

ئاماژەی بەوەش كرد، ھیچ په‌یوەندییان بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانەوە نییە، ناشچنە نێو بڕیارێكی تاكلایەنەی وەك ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و رێگە نادەن سندوقی ھەڵبژاردن لە ناوچەكانیان دابندرێن.

جگە لەو هاووڵاتییانەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رێڤەبەریی خۆسەر، ئەو سوورییانەی لە دەرەوەی وڵاتیشن و ژمارەیان ملیۆنان کەس دەبێت، کە بەهۆی شەڕی ناوخۆی سووریاوە ناچاربوون وڵات جێبهێڵن، ناتوانن دەنگ بدەن.

لەدوای هەڵبژاردنی 2016ـی پەرلەمانی سووریا، حکومەتی سووریا بە پاڵپشتیی رووسیا و ئێرانی هاوپەیمانی چەندین شوێنی ستراتیژی کۆنترۆڵکردووەتەوە کە بەشێکیان شوێنی گرنگی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆن بوون، لەوانە: لە باکوورەوە گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی حەلەب تاوەکو غوتەی رۆژهەڵات نزیک لە دیمەشق و باکووری حەمس و تەواوی پارێزگاکانی دەرعا و قونەیتیرە لە باشوور، هەروەها لەڕێگەی چەندین هێرشی لەدوای یەک لەکۆتاییدا توانی نیوەی پارێزگای ئیدلیب لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵات کۆنترۆڵ بکاتەوە.

هەڵبژاردنەکە لەکاتێکدایە، سووریا لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا لە خراپترین دۆخی ئابووریدایە، بەهای لیرە ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە لە دابەزین و سوورییەکان توانای کڕینیان نەماوە، بەشی هەرە زۆریشیان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

هەرچەندە حکومەتی سووریا زیاتر لە 70٪ـی خاکی وڵاتەکەی بەدەستهێناوەتەوە، بەڵام بەدرێژایی ئەو ساڵانەی شەڕ ئەمەریکا و ئەوروپا سزاکانیان بەسەر دەسەڵاتدارانی سووریا چڕتر کردووە، بەجۆرێک لە مانگی رابردووەوە یاسای قەیسەر جێبەجێ دەکرێت، کە کاریگەری زۆری لەسەر سووریا هەبووە.

 

هـ.ر.