'' پێویستە یاریگەی کامپ نۆ بە ناوی میسی بکرێت ''

دانی ئالڤێس پێیوایە پێویستە لە داهاتوو ناوی یاریگەی کامپ نۆ بگۆڕدرێت بۆ لیۆنێل میسی گۆڵکاری ئارجێنتینایی ئەو یانەیە.

دانی ئالڤێس بەرگریکاری پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی دەڵێت لە نیگەرانیەکانی ئەم دواییەی میسی شتێکی ئاسایین، چونکە ئەو بە سەرکەوتوویی لەدایک بووە و هەمیشە حەز بە سەرکەوتن دەکات، ئەو یاریزانەی پێشووی سامبا دەشڵێت کە میسی مێژوویەکی ئەوەندی گەورەی لەگەڵ بارسا تۆمار کردووە، پێویستە دوای خانەنشین بوونی لەو یانەیە، ناوی یاریگەکەیان بگۆڕێن و ناو بنێن لیۆنێل میسی ستادیۆم.

ئالڤێس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە ئەگەر کارگێری بارسێلۆنا بیانەوێت لە داهاتوودا یانەکەیان بگەڕێتەوە سەر ئاستی راستەقینەی خۆیان ململانێ هەموو نازناوەکان بکات، ئەوا پێویست دەکات نێیمار داسیلڤا بگەڕێننەوە یانەکەیان.