دادگای سەقز سێ گەنجی كورد بە کۆی زیاتر لە 16 ساڵ زیندانی سزادەدات

بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و سووتاندنی وێنەی قاسم سولەیمانی

K24 - هەولێر

دادگای سەقز سێ گەنجی کوردی بەکۆی زیاتر لە 16 ساڵ زیندانیکردن سزادا، بەتاوانی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و سووتاندنی وێنەی قاسم سولەیمانی.

ماڵپەری ھەنگاو بۆ پرسی مافی مرۆڤ ئاشكرای كرد: بەتۆمەتی بەشداریكردن لە خۆپیشاندان و سووتاندنی وێنەی قاسم سولەیمانی لە ساڵی رابردوو لە شاری بانە، ئەو گەنجانە لەلایەن دادگای سەقزەوە سزادراون.

ماڵپەڕەکە ناو و تەمەنی گەنجەکانی ئاشکراکردووە، کە پێکهاتوون لە: ئارمان حوسێنزادە تەمەن 20 ساڵ، بەھمەن رەحیمی و میلاد حوسێنی تەمەن 19 ساڵ.

دەگوترێت ئەو بەندكراوانە لە پرۆسەی دادگاییكردندا، مافی تەواوی خۆیان لە بوونی پارێزەر و كات بۆ بەرگریكردن پێنەدراوە.

بەپێی ئەو حوکمەی لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقزەوە لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ بەسەریاندا سەپاوە، ئارمان حوسێنزادە بە شەش ساڵ و حەوت مانگ، میلاد حوسێنی بە شەش ساڵ و شەش مانگ و بەهمەن رەحیمی بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن حوکم دراون.

 

هـ.ر.