قۆناغێکی دیکەی خزمەت... دانانی بەردی بناغەی گەورەترین دەڤەری پیشەسازیی خۆراک لە دهۆک

K24 – دهۆک

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی گەورەترین دەڤەری پیشەسازی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لە سنووری دهۆک دانا، ئەمەش دەبێتە سێیەم پرۆژەی گەورە کە لە ماوەی نۆ رۆژی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان بەردی بناغەیان دانراوە، یان بەگەڕخراون.

دەڤەری پیشەسازیی خۆراک دەکەوێتە ناوچەی کاشێ، لە سنووری قەزای سێمێلی پارێزگای دهۆک، یەکێکە لە مەزنترین پرۆژەکانی پیشەسازی، کە خزمەتێکی زۆر نەک تەنیا بە دهۆک، بەڵکو بە هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەکات.

ئەو رێگەیەی پرۆژەکەی لەسەر بنیاتدەنرێت لە نزیک دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلە.

ئامادەسازی کراوە ئەو پرژەیە بەشێوەیەکی زانستی و سەردەمییانە دابنرێت و ژمارەیەکی زۆر کارگە و کۆگای خۆراک لەخۆبگرێت.

لەسەر رووبەری 1423 دۆنم زەوی دروستدەکرێت، کە ئەمەش رووبەرێکی فراوانە، نزیکەی 275 کارگەی جۆراوجۆری خۆراکی لێ دەبێت، کە دەتوانن زۆربەی بەروبوومی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرن.

دەڤەری پیشەسازیی خۆراک هەروەها 229 کۆگە لەخۆدەگرێت، کە توانایان دەبێت بەرهەمی جووتیاران بۆ ماوەی چەند مانگێک هەڵبگرن.

جگە لەوانە، پرۆژەکە ژمارەیەک هۆتێل، مۆتێل و رێستۆرانت و شوێنی دیکەی خزمەتگوزاری لەخۆدەگرێت.

قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە 70 ملیار و 128 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. جگە لەوەش حکومەت هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەران دەکات تاوەکو کارگە و پرۆژەکانیان لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیە بکەنەوە.

مەسرور بارزانی: ئەمە دوایین پرۆژە نابێت

لە گوتارێکدا لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لە ده‌ستپێكی كابینه‌ی نوێ به‌ڵێنماندا گرنگی به‌ كه‌رتی دیكه‌ی ئابووری بده‌ین و پشت به‌ یه‌ك سه‌رچاوه‌ نه‌به‌ستین... به‌رهه‌می ئه‌و پرۆژانه‌ ره‌نگه‌ له‌ كاتێكی نزیكدا به‌ده‌ستبێت، ئینجا دیارده‌بێت ئه‌و سیاسه‌ته‌ی حكومه‌ت بۆ هه‌مه‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌ی داهات و جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆژه‌ ستراتیژیانه،‌ بڕیاری دروستن".

سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە لەوەی "  بێگومان ئه‌وه‌ دوایین پرۆژه‌ نابێت، له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا بە سێیه‌م پرۆژه‌ی ستراتیژی داده‌نرێت و له‌ داهاتووشدا به‌بێ جیاوازی پرۆژه‌ی ستراتیژیی له‌ هه‌موو كوردستان دەستپێدەکرێن".

قۆناغێکی دیکەی خزمەت؟

لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا چەند بەرهەمێکی جووتیاران پێگەیشتن لەوانە، شووتی، کاڵەک و بەتایبەتیش تەماتە کە بەهۆی زۆریی لە بازاڕەکان خواست لەسەری کەم بوو، بەمەش نرخی زۆر هەرزان بوو و دەنگی ناڕەزایی جووتیاران بەهۆیەوە بەرزبووەوە.

بە کردنەوەی ئەو پرۆژەیە خزمەتێکی زۆر بە جووتیاران و کەرتی کشتوکاڵ دەگەیەنرێت، بەهۆی بوونی چەندین کۆگا و کارگەی پیشەسازیی خۆراک لەنێو پرۆژەکەدا، چیدیکە جووتیاران رەنج بەخەسار نابن.

جگە لەوە، بەهۆی ئەوەی پرۆژەکە زیاتر لە 500 کارگە و کۆگا لەخۆدەگرێت، ژمارەیەکی زۆر هەلی کار دەڕەخسێنێت و خەڵکی ناوچەکە لێی سوودمەند دەبن.

عەلی تەتەر:  پرۆژەکە كاریگەری دەبێت لەسەر ژێرخانی ئابووری ھەرێمی كوردستان

عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆك، لە وتارێكیدا لە رێوڕەسمەکە رایگەیاند "ئەو پڕۆژەیە یەكێكە لەو پڕۆژە ستراتیژییانەی لە ماوەیەكی نزیكدا دەتوانێت كاریگەرییەكی باشی ھەبێت لەسەر ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی كوردستان".

پارێزگاری دھۆك راشیگەیاند، پڕۆژەكە رۆڵی گرنگی دەبێت بۆ گەشەكردنی بەرھەمی كشتوكاڵ و پەلەوەر، ھاوكات كاریگەری دەبێت لەسەر ژیانی ھاووڵاتییان.

سێ پرۆژەی ستراتیژیی گەورە لەماوەی تەنیا نۆ رۆژدا  

ئەو پرۆژانەی دیکە کە لە ماوەی نۆ رۆژی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەیان دانراوە، یان بەگەڕخراون، هەریەک لە پرۆژەکانی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی و پرۆژەی وێستگەی 300 مێگاواتی کارەبای هەڵمی خەبات.

شەقامی 100 مەتری سلێمانی، کە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیجییە گرنگەکانی کابینەی نۆیەم، 11-7-2020  لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دانرا. پڕۆژەکە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی شەقامەکانی سلێمانی و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ.

شەقامەکە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی پارێزگای سلێمانی. لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەكییەكانی 146 كیلۆمەترە، کە بە سێ قۆناغ بە گوژمەی 400 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت.

هەروەها وێستگەی 300 مێگاواتی کارەبای هەڵمی خەبات، 14-7-2020 لەلایەن مەسرور بارزانی کرایەوە و بەگەڕخرا کە زیاتر لە 564 ملیۆن دۆلاری تێچوو و لە هەولێرەوە رێژەی 10٪ـی کارەبای هەرێمی کوردستان زیاد دەکات.