دیندار زێباری بە داتا وەڵامی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ دەداتەوە

هۆکاری نەگەڕانەوەی دانیشتووانی بەشێک لە گوندەکانی رەبیعە بۆ سەر زێدی خۆیان ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر

لە وەڵامی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هۆکاری نەگەڕانەوەی دانیشتووانی بەشێک لە گوندەکانی رەبیعە بۆ سەر زێدی خۆیان ئاشکرا دەکات.

دوێنێ (یەکشەممە، 19-7-2020) رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێکی بەناونیشانی (هەرێمی کوردستانی عێراق: رێگا بە عەرەبەکان نادرێت بگەڕێنەوە)، لەم راپۆرتەیدا رێکخراوەکە باس لەوە دەکات؛ لە چەند گوندێکی شارۆچکەی رەبیعە لایەنە ئەمنییەکان رێگا بە نزیکەی (1200) هاووڵاتی عەرەبی دانیشتووی ناوچەکە نادەن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، لە هەمان کاتدا دانیشتووانی گوندە کوردنشینەکانی ئەو ناوچەیە بە ئازادی دەگەڕێنەوە.

لە دوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگای موسڵ و داگیرکردنی، ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەم ناوچانە ناچار بوون شوێنەکانی خۆیان جێبهێڵن و، بەشی هەرەزۆریان روویان لە هەرێمی کوردستان کرد.

د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ "لایەنە ئەمنییەکانی حکومەت هەرێم بۆ پاراستنی گیانی ئەو هاووڵاتیانە چەند رێوشوێنێکی ئەمنیان گرتە بەر و بەشێک لە گوندەکانی ئەم ناوچانە کەوتنە سەرهێڵی تەماس و لەبەر شەڕ و پرۆسە سەربازییەکان نەتوانرا دانیشتووانەکانی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان".

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی روونکردنەوە؛ بە هۆی پرۆسەی ئازادکردنەوەی ئەم ناوچانە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، ناوچەکە بەگشتی بوو بە مەیدان شەڕ و رووبەڕووی وێرانکارییەکی زۆر بووەوە "لە ئەنجامی هێرشە خۆکوژییەکانی تیرۆریستانی داعش و مینڕێژکردنی ناوچەکە و بۆردومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان. هەروەها لە دوای هێرشی تیرۆریستان لایەنە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند رێوشوێنێکی ئەمنییان گرتەبەر بەتایبەتی لە بازگەکان بۆ رێگاگرتن لە دزەکردنی تیرۆریستان و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان و رێگاگرتن لە شێواندنی ئەمن و ئاسایشی هەرێم، ئەم رێکارە ئەمنیانەش بەپێی رێنمایی تایبەت ئەنجامدراون بەبێ جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکانی ئەم ناوچانە، زۆر جاریش بەهۆی ئەوەی بەشێک لە گوندەکان کەوتوونەتە سەر هێڵی تەماس رێگانەدراوە خەڵکەکەی بگەڕێنەوە، چونکە ئامانجی سەرەکی ئەو رێوشوێنانە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییانە".

کێن بوونەتە داعش؟

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بەو گوندانەی لە راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچ ئاماژەیان پێکراوە گوتی: "لە کاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش بەشێکی دانیشتووانی ئەم گوندانە هاوکاری داعشیان کرد و رۆڵیان لە تاوانەکانی داعشدا هەبوو، بۆیە دوای ئازادکردنەوەی ئەم ناوچانە روویان لە سەنتەری موسڵ و سووریا کرد. لە گوندی قاهیرە (٣٧) خێزان پەیوەندییان بە داعشەوە کرد و بەشێکیان کردەوەی خۆکوژییان دژی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان ئەنجامداوە. لە گوندی سوفییە زیاتر لە (٢٠) خێزان پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە لەوانەش خێزانی نەواف برجش ئەلشمەری کە وەزیری دارایی دەوڵەتی ئیسلامی بوو.

 دیندار زێباری ئەوەشی خستە روو کە لە گوندی سعودیە نزیکەی (٧٠) خێزان پەیوەندییان بە داعشەوە و سەرکردایەتی شەڕەکانیان دەکرد دژی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاشکراکردنی شوێنەکانیان، لە گوندی مەحموودیە زیاتر لە (٨٠) پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە و بەشێکی زۆریان خۆکوژ بوون، سەبارەت بە گوندی شێخان بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئەم گوندە یەکەم جار پێشوازییان لە هاتنی داعش بۆ ناوچەکەیان کرد و رۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە داخستنی رێگای نێوان پارێزگای دهۆک و ناحیە زوممار کە بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە پێشمەرگە.

دیندار زێباری ئەوەشی روونکردەوە دانیشتووانی ئەم ناوچانە "خۆیان رازی نەبوون بە گەڕانەوەی ئەوانەی پەیوەندییان بە تیرۆریستانەوە هەبووە و داوایان لە هێزەکانی هاوپەیمانان کرد کە رێگا نەدرێت بە گەڕانەوەیان، چونکە دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە و زیندووکردنەوەی شانە نووستووەکانی داعش، هەروەها بەهۆی بوونی چەندین هێزی جیاجیا و هێرشی وڵاتانی ئیقلیمی بۆ سەر ناوچەکە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە شڵەژاوە".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم وتی: سەرەڕای رێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ پارێزگای موسڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ بابەتی گەڕانەوەی خەڵکی ئەم ناوچانە بۆ سەر زێدی خۆیان و لەم رووەوە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم رێنمایی تایبەتی دەرکردووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان بەبێ جیاوازی ئایین و نەتەوە".

 

هـ.ر.