ئەمەریکا ئەو فڕۆکە F35ـانە دەکڕێتەوە کە بۆ تورکیا دروستکراون

نرخی هەر فڕۆکەیەکی جەنگیی F35 نزیکەی 78 ملیۆن دۆلارە

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ئەو فڕۆکە ئێف 35ـانە دەکڕێتەوە، کە کۆمپانیای لۆکید مارتن بۆ تورکیای دروستکردوون.

ئێوارەی دووشەممە (20-7-2020) وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لەڕێگەی بڵاوکراوەی رۆژانەی لەبارەی گرێبەستەکانی رایگەیاند: هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا بەفەرمی هەشت فڕۆکەی F-35A دەکڕێت، کە لەبنەڕەتدا لەلایەن کۆمپانیای لۆکید مارتن بۆ تورکیا دروستکرابوون.

تورکیا لە پلانیدابوو 100 فڕۆکەی F-35A لەڕێگەی پرۆگرامی "هێرشی هاوبەشی فڕۆکەی جەنگی" بکڕێت، بەڵام لە مانگی تەممووزی ساڵی رابردوو لە پڕۆگرامەکە دەرکرا، بەهۆی ئەوەی سیستەمی بەرگریی S-400ـی لە رووسیا کڕی، لەکاتێکدا بەرپرسانی ئەمەریکا بە بەردەوامی هۆشدارییان دەدایە تورکیا ئەو سیستەمە نەکڕێت.

واشنتن دەڵێ بوونی ئەو سیستەمە رووسییە لە تورکیا جێی مەترسییە بۆ فڕۆکەی F-35 کە بە یەکێک لە نوێترین فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکا و وڵاتانی ناتۆ دادەنرێت، بەڵام ئەنقەرە ئەم لێکدانەوەی واشنتن رەتدەکاتەوە.

نرخی هەر فڕۆکەیەکی جەنگیی F35 نزیکەی 78 ملیۆن دۆلارە، کە لە ساڵی 2015ـەوە چووەتە خزمەتی هێزی ئاسمانیی ئەمه‌ریکا، فڕۆکەکە توانای مانۆڕی ئاسمانی و رووبەڕووبوونەوەی رادارەکانی هەیە.

 

هـ.ر.