دەرمانە رووسییەکەی كۆرۆنا لە بازاڕەکانی سلێمانی بەردەستە و لە نەخۆشخانەكان نییە

ھاووڵاتییان خۆیان لە دەرمانخانەكان دەیكڕن
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ئەو دەرمانە رووسیەی کە وەک چارەسەر بۆ تووشبووانی کۆرۆنا بەکار دەھێندرێت لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی بە فەرمی بەکار نەھاتووە، بەڵام دەرمانەکە لە دەرمانخانەکان ھەیە و ھاووڵاتییان خۆیان دەیکڕن، وتەبێژی تەندروستی سلێمانیش دەڵێت، ھەر کاتێک پزیشکان بە فەرمی داوای بەکارھێنانی دەرمانەکە بکەن بەردەستی دەخەن.

تەندروستی جیھان، بەدوای دەرمانێکدا دەگەڕێن بۆ چارەسەری ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە، ھەرچەندە چەندین چارەسەر پێشنیاز کراوە، بەڵام ئەوەی کە لە ھەرێمی کوردستان بەکاردەھێندرێت ئەو دەرمانە رووسیەیە کە بە دەرمانی دژە ڤایرۆسی ڤابیڤیر ناسراوەو بەپێی رێكکەوتنی نێوان عێراق و رووسیا لە ھەرێمی کوردستان بەرھەمھێندراوە. لە ھەولێر بەسەر نەخۆشخانەکاندا دابەشکراوە و بۆ تووشبووان بەكارھێندراوە، بەڵام تائێستا لە سلێمانی بە فەرمی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیەوە دابەش نەکراوە و ھاووڵاتییان لە دەرمانخانەکان خۆیان دەیکڕن.

د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی گوتەبێژی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەوان ھەر بڕیارێک بدەن بۆ کڕینی دەرمان لەسەر پێشنیازی پزیشکەکانە، بۆیە ھەرکات بە فەرمی داوای بکەن دابینی دەکەن.

بەگوێرەی توێژینەوەكان، ئەو دەرمانە رووسیە سوودی بۆ تووشبووانی کۆرۆنا ئەوەیە کە رێژەی ڤایرۆسەکە لە لەشی کەسی تووشبوو کەمدەکاتەوەو کاریگەری باشی ھەیە، پسپۆڕێکی ھەناوی ئەوە ئاشکرا دەکات ھەموو تووشبوویەکی کۆرۆنا پێویستی بە بەکارھێنانی ئەو دەرمانە نییە.

ئێستا لە سلێمانی چارەسەرێکی نوێ بۆ تووشبووان دەکرێت کە ناوی ئای ڤی ئای چیە، بەشێوەیەکی دەستکرد بەرگری لەشی ئەو کەسە بەھێز دەکات کە ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە و لە جیھاندا تائێستا بۆ 100 کەس بەکار ھاتووەو لە چەند رۆژی رابردوودا لە سلێمانی بۆ 5 تووشبوو بەکارھاتووە کە تەندروستیان جێگیر نەبووە، سێ لەو كەسانە بە تەواوی چاکبوونەتەوە.