په‌یوه‌ندیی نێوان خوێندنه‌وه و گه‌شه‌ی مێشک

Kurd24

وه‌ک مامۆستا بیهێنه به‌رده‌می خۆت، که خوێندکاره‌کانت له پۆلدا هه‌موو ئاماده‌ن. پاشان سه‌رنج بده، که چه‌ند خوێندکار هه‌موو ئه‌و پێداویستییانه‌یان پێیه، که له‌م ڕۆژی خوێندنه‌دا پێویسته پێیان بێت. سه‌رنج بده چه‌ند خوێندکار بۆ نموونه کتێبێکیان بیرچووه ...هتد. به‌ڵام ته‌ماشاش بکه، که چه‌ند خوێندکار مۆبایله‌کانیان بیرچووه، ئایفۆنه‌کانیان بیرچووه (هیچ قووتابییه‌ک مۆبایله‌که‌ی بیرناچێت). سه‌رنج بده له‌کاتی وتنه‌وه‌ی وانه‌دا، چه‌ند خوێندکار سه‌رقاڵی مۆبایله‌کانیان و له سۆسیال میدیا ئۆنڵاینن ...هتد. ئه‌گه‌ر که‌مێک بگه‌ڕێینه‌وه دواوه، بۆ سه‌رده‌می پێش ڕاپه‌ڕیین، سه‌رده‌می نه‌بوونی سمارتفۆن، سه‌رده‌می نه‌‌بوونی ئه‌م تێکنۆلۆژیایه‌ی، که ئێستا جیهانی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵکردووه، ئه‌وا ده‌بینین، که ژماره‌ی ئه‌و خوێند‌کارانه‌ی، که کتێبێکیان بیرده‌چوو، به په‌نجه‌کانی یه‌ک ده‌ست ده‌ژمێردرا، وێڕای خراپیی و تووندڕه‌ویی مامۆستا و لێدان له خوێندکار به دار و به سۆنده و به زللـه، که‌چی ئاستی وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی خوێندکار له ئاستێکی باش و به‌رزدا بوو.

له وانه‌ی زمانی کوردییدا، ئه‌و هۆنراوانه‌ی، که خوێندکار و قوتابیان پێویست بوو له‌به‌ریان بکات، واتا به‌بێ ته‌ماشاکردنی تێکسته‌که، هۆنراوه‌که بڵێته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ک بوو، که خوێندکار دوای چه‌ندیین ده‌یه‌ش هه‌تا ئێستاش ده‌توانێت ئه‌و هۆنراوانه بڵێته‌وه. خوێندکاری ئێستا ده‌شێت تێکسته‌که له‌به‌ر بکات بۆ کاتی تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک، یان ڕۆژێک، که تێیدا خوێندکاره‌کان پێویسته تێکسته‌که بۆ مامۆستا بڵێنه‌وه. لێ ئه‌م له‌به‌ر‌کردنه بۆ ماوه‌یه‌کی کورته و پاشان قووتابییه‌کان تێکسته‌که‌یان بیرده‌چێته‌وه. به‌شێکی گه‌وره‌ی ده‌رچووانی زانکۆکان، له‌دوای چه‌ند ساڵێک، ئه‌وه‌ی خوێندوویانه بیریان ده‌چێته‌وه. هه‌ندێک له‌مانه ئێستا فه‌رمانبه‌ری ده‌زگایه‌کن، وه‌زاره‌تێکن، فه‌رمانگه‌یه‌کن ...هتد. ده‌شێت پێش دوانزده ساڵێک پێش ئێستا دامه‌زرابێتن، لێ له‌و کاته‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا یه‌ک کۆرس چییه، ده‌رباره‌ی پیشه‌که‌یان پێیان نه‌کراوه، له‌وانه‌شه دواهه‌میین کتێبیان له‌کاتی خوێندندا خوێندبێته‌وه.

هه‌موو ئه‌م پرۆسه‌ی فێربوون و به‌بیرهاتنه‌وانه په‌یوه‌ندییان به مێشکی باش و مێشکی خراپه‌وه هه‌یه. مێشکێکی باش، مێشکێکی ته‌ندروسته، مێشکێکی خراپ، مێشکێکی ناته‌ندروسته، مێشکێکی نه‌خۆشه. مێشکی نه‌خۆش، به ناته‌واویی له‌دایک ده‌بێت، به نه‌خۆشیی له‌دایک ده‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی کۆمه‌ڵێک فاکتۆری چ گنێتیک و چ ده‌ره‌کییه‌وه. له حه‌فتاکان و هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابوورددا، قووتابیان به پیاسه‌کردنه‌وه کتێبێکیان ده‌خوێنده‌وه، تێکستێکیان ده‌خوێنده‌وه. ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه به جوڵه‌وه، کولتوور بوو، من نازانم ئێستا ئه‌م کولتووره ماوه یان نه‌خێر. به‌ڵام له سه‌رده‌می مندا، گه‌نجان ده‌چوونه پارکه‌کان، ده‌چوونه شوێنێک، که ده‌ره‌ختی لێبێت، هه‌تا له‌بن سێبه‌ریدا دابنیشن، کاتێک له ڕۆیشتن ماندوو ده‌بن. قووتابییان له به‌یانیانێکی زوودا یان له ئێواراندا ده‌چوونه سه‌ربان، به جوڵه‌وه، به ڕۆیشتنه‌وه ده‌یانخوێنده‌وه، هه‌ندێکجار کوڕان و کچان له دووره‌وه له سه‌ربانه‌وه یه‌کیان ده‌دی، له ڕێگای ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌وه له سه‌رباندا، ده‌بوونه هاوڕێ و ده‌بوونه خۆشه‌ویستی یه‌کتر. ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه، خوێندنه‌وه‌یه‌کی چڕ و کاریگه‌ر بوو، خاوه‌ن ئێفێکت بوو. ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه له مێشکدا ده‌مایه‌وه، قووتابیی هه‌تا ماوه‌یه‌کی درێژی ژیانی به‌بیری ده‌هاته‌وه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که بۆچیی هه‌تا ماوه‌یه‌کی درێژ ده‌مایه‌وه؟

وه‌ڵام، چونکه مێشک له‌کاتی جوڵه‌دا نۆیرۆنی نوێ بۆ مێشک دروست ده‌کات، سوناپسی نوێ بۆ مێشک دروست ده‌کات. سوناپس ئۆرگانێکی بچکۆلانه‌یه، که په‌یوه‌ندیی له‌نێوان دوو نۆیرۆندا دروستده‌کات. له سه‌ره‌تادا زاناکان پێیانوابوو، که کاری سوناپس گواستنه‌وه‌ی زانیارییه له نۆیرۆنێکه‌وه بۆ نۆیرۆنێکی تر، لێ له سه‌ره‌تای دوو هه‌زاره‌کانه‌وه، پشکنینه نوێکان سه‌لماندوویانه، که کاری سوناپس بێجگه له گواستنه‌وه‌ی زانیاریی، بگره فێربوونیشه. واتا ئێمه هه‌رچ شتێک له ژیانی ڕۆژانه‌ماندا فێرده‌بین، له ڕێگای سوناپسه‌کانه‌وه فێرده‌بین. چه‌ند زانیاریی له‌م سوناپسانه‌دا کۆبێته‌وه، ئه‌وه‌نده زیاتر سوناپسه‌کان به‌هێزتر و گه‌وره‌تر ده‌بن. هه‌رچ شتێک به جوڵه فێری بوویت، هه‌رگیز له‌بیرت ناچێته‌وه. پاسکیل لێخوڕین یه‌کجار فێر ده‌بیت و هه‌تا مردن بیرت ناچێته‌وه، ئاوتۆمۆبیل لێخوڕین هه‌مانشێوه. له لێخوڕیندا به‌رده‌وام ده‌ست و قاچ له جوڵه‌دایه. ئه‌وانه‌ی ئاتۆمۆبیلی گێڕ ئاوتۆماتیک لێده‌خوڕن، کێشه‌یان له‌گه‌ڵ ئاتۆمۆبیلێکی گێڕنۆرماڵدا هه‌یه، چونکه مێشکیان فێرنه‌بووه به‌کاریبهێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گێڕ نۆرماڵ لێده‌خوڕێت، سانا ده‌توانێت گێڕ ئاوتۆماتیکێک لێبخوڕێت.

جوڵه له فێربووندا فاکتۆرێکی گه‌وره‌ی تۆمارکردن و وه‌بیرهاتنه‌وه‌یه. جوڵه وه‌ها ده‌کات، که ئه‌وه‌ی فێری ده‌بین له سیستێمی وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی کورته‌وه بگوێزرێته‌وه بۆ سیستێمی وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی درێژخایان. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که چی جوڵه‌یه بۆ فێربوون؟ وه‌ڵام، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی، که به پراکتیک ده‌یکه‌یت، بۆ نموونه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌کینه‌یه‌ک و به‌ستنه‌وه‌ی، ئه‌مه پرۆسه‌یه‌کی فیزیکییه، که مرۆڤ به جوڵه‌ی ده‌ست و په‌نجه‌ی فێری ده‌بێت. یاخوود له‌به‌رکردنی تێکستێک به نووسینه‌وه‌ی. نووسیین پرۆسه‌یه‌کی فیزیکییه، جوڵه‌یه. ئه‌و که‌سه‌ی ده‌یه‌وێت تێکسته‌که له‌به‌ربکات، ئه‌وا پێویسته سه‌ره‌تا بیخوێنێته‌وه و پاشان هه‌وڵبدات، به‌بێ ته‌ماشاکردنی تێکسته‌که، خۆی تێکسته‌که بنووسێته‌وه، له هه‌ر شوێنێکدا وشه‌یه‌کی بیرنایه‌ته‌وه، ئه‌وا ڕێگا به خۆی بدات، که ته‌ماشای تێکسته‌که بکات و وشه‌که بنووسێت. ئه‌م پرۆسه‌یه چه‌ند جارێک دووباره‌ بکه‌ره‌وه، ئه‌وا دواجار هه‌موو تێکسته‌که له‌به‌رده‌که‌یت و ده‌ینووسیته‌وه. به‌مشێوه‌یه تێکسته‌که له وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی کورته‌وه ده‌گوێزرێته‌وه بۆ وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی درێژخایان.

ئه‌و که‌سه‌ی تێکستێکی ئێلێکترۆنیی ده‌خوێنێته‌وه، زووتر تێکسته‌که‌ی بیرده‌چێته‌وه، چونکه به‌ده‌ر له جوڵه‌ی چاوه‌کان هیچ جوڵه‌یه‌کی تری فیزیکیی ڕوونادات، به‌تایبه‌ت په‌نجه‌کانی ده‌ست. په‌نجه‌ی سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی کتێبێک، که له ڕێگای ده‌ستلێدانه‌وه په‌یوه‌ندیی به سه‌نته‌ری زانیاریی مێشکه‌وه ده‌کات، یاریده‌ده‌ره نه‌ک به‌ته‌نها بۆ وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی تێکسته‌که، به‌ڵکوو بۆ وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌که‌ش. سه‌نته‌ری زانیاریی و لۆگیک وا له به‌شی ڕاستی مێشکدا له (پاریتاڵ لاپن)دا. خوێندنه‌وه‌ی کتێبێکی ئێلێکترۆنیی، وه‌ک خوێندنه‌وه‌ی ڕێکلامی سه‌ر پاسێک وه‌هایه، که به‌خێرایی به‌لاتدا تێده‌په‌ڕێت و پاش ماوه‌یه‌کی کورت، نه‌ک بیرت نه‌ماوه ڕێکلامه‌که باسی چیده‌کرد، به‌ڵکوو بیریشت نامێنێت، که پاسێکی وه‌ها به‌لاتدا تێپه‌‌ڕیبێت. کاتێک قسه له‌سه‌ر فێربوون ده‌که‌ین، قسه له‌سه‌ر ئه‌و زانیارییانه ده‌که‌ین، که له وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی کورته‌وه گوێزراونه‌ته‌وه بۆ وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی درێژ. به‌مشێوه‌یه، خوێندنه‌وه‌ی کتێبی ئێلێکترۆنیی تێکسته‌کانی ده‌گاته وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی کورتمان، به‌ڵام ناگاته وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی درێژمان.

ئه‌گه‌ر بێتوو کتێبێک نه‌ک به ئێلێکترۆنیی بخوێنینه‌وه، به‌ڵکوو گوێی لێبگرین، ئه‌وا ته‌واوی کتێبه‌که له وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی کورتماندا ده‌مێنێته‌وه و ناگاته وه‌بیرهاتنه‌وه‌ی درێژمان، به‌‌مشێوه‌یه نه‌ک به ته‌نها ناوه‌ڕۆکی تێکسته‌که، به‌ڵکوو ناوی نووسه‌ره‌که‌یشمان بیرنایه‌ته‌وه. بۆ به‌شێکی گه‌وره‌ی هاووڵاتییان، له‌کاتی گوێلێگرتندا، که‌متریین چالاکیی مێشک ڕووده‌دات، له‌کاتی ته‌ماشاکردنی ڤیدیۆدا، که‌متریین چالاکیی مێشک ڕووده‌دات. ئه‌م که‌میی چالاکییه، ده‌بێته هۆی خه‌ولێخه‌واندنی چ گوێگر و چ و ته‌ماشاکه‌ریش. هه‌ندێکجار خوێندکار له پۆلدا خه‌وی لێده‌که‌وێت، وێڕای ئه‌وه‌ی ماندووش نییه و شه‌ویش باش خه‌وتووه. ئه‌م خه‌ولێکه‌وتنه‌، په‌یوه‌ندیی به هه‌‌بوونی که‌متریین چالاکییه‌وه هه‌یه له مێشکدا، واتا نۆیرۆنه‌کانی مێشک هیچ داتایه‌کیان نییه، که له ڕێگای سوناپسه‌کانه‌وه بیگه‌یه‌نن به یه‌کتریی. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که بۆچیی ئه‌م شته ڕووده‌دات؟ وه‌ڵام، قووتابیی هیچ ویست و ئینته‌رێسه‌یه‌کی بۆ وانه‌که نییه، هه‌تاوه‌کوو مێشک پێوه‌ی سه‌رقاڵ بێت. له‌م نه‌بوونی چالاکییه‌دا له مێشکدا، مێشک هۆڕمۆنی مێلانتۆنین ده‌ڕژێت، هه‌تاوه‌کوو قووتابییه‌که خه‌وی لێبکه‌وێت. مێشک ئۆرگانێکی ئۆکۆنۆمییه و زۆرتریین ئه‌نه‌رگیی پاشه‌که‌وت ده‌کات. گوێگرتن و فێربوون و پیشاندانی ئینته‌رێسه ئه‌نه‌رگیی تێده‌چێت، کاتێکیش مرۆڤ ئه‌م ویستانه‌ی نییه، ئه‌وا مێشک پاشه‌که‌وت ده‌کات. بیهێنه به‌رده‌می خۆت، گڵۆپی هه‌موو ماڵه‌که‌ت پێیه، ته‌ماشا ده‌که‌یت، که‌سیش له ماڵ نییه، به ته‌نها خۆتیت، ئه‌وا ده‌چیت هه‌رچی گڵۆپی زیاده چ له ژووره‌وه و چ له ده‌ره‌وه ده‌یکووژێنیته‌وه، چونکه ده‌ته‌وێت پاشه‌که‌وت بکه‌یت. مێشکیش ئاوها. مێشک له سه‌دا په‌نجای ئه‌نه‌رگیی له‌ش ده‌بات بۆ خۆی. واتا هه‌رچ خواردنێک ده‌خۆیت، ئه‌وا ئه‌نه‌رگییه‌که‌ی له سه‌دا په‌نجای بۆ مێشکه، هه‌ربۆیه مێشک ده‌بێت زۆر پاشه‌که‌وت له ئه‌نه‌رگیی بکات.

کاتێک کتێبێک به لاپه‌ڕه ده‌خوێنینه‌وه، فیزیکییه‌ن له جوڵه‌داین، هه‌رکاتێکیش فیزیکییه‌ن له جوڵه‌دا نه‌بووین، ئه‌وا مێشکمان مێلانتۆنین ده‌ڕژێت و خه‌ومان لێده‌که‌وێت. جوڵه‌ی فیزیکیی کتێب خوێندنه‌وه، په‌نجه‌کانن، په‌نجه‌کان له ڕێگای هه‌سته‌وه، سیگناڵ بۆ مێشک ده‌نێرن، که ئه‌مه لاپه‌ڕه‌ی کتێبێکه، پاشان ویست و ئینته‌رێسه‌ی خوێنه‌ر، مێشک به چالاکیی ده‌هێڵێته‌وه، خوێنه‌ر چه‌ند ویست و ئینته‌رێسه پیشان بدات، مێشک هێنده چالاکه. کاتێک به‌شێک له تێکستی لاپه‌ڕه‌یه‌ک ڕه‌نگ ده‌که‌ین، ئه‌وا مێشک چالاکه، ئه‌م ڕه‌نگکردنه سیگناڵێکه بۆ مێشک، که ئه‌م به‌شه گرنگه و ده‌مه‌وێت بیرمبێته‌وه، یاخوود که ویستم ئه‌وا، ده‌مه‌وێت زوو بیدۆزمه‌وه، به‌مشێوه‌یه مێشک بیری ئه‌وه‌ی دێت، که ئه‌و به‌شه‌ ڕه‌نگکراوه باس له چیی ده‌کات. به‌ دڵنیایی خوێنه‌ر تێکستی سه‌ر کتێبی لاپه‌ڕه‌شی بیرده‌چێته‌وه، به‌ڵام خوێنه‌ر هه‌تا خوێنه‌ر که‌وتووه. خوێنه‌ر هه‌یه به دوو کاتژمێر پێنج سه‌د لاپه‌ڕه ده‌خوێنێته‌وه، به‌ڵام به کورتتریین ماوه تێکسته‌که‌ی بیرده‌چێته‌وه. خوێنه‌ر هه‌یه به هه‌فته‌یه‌ک یان به دوو هه‌فته پێنج سه‌د لاپه‌‌ڕه ده‌خوێنێته‌وه، به‌ڵام ناوه‌ڕۆکی تێکسته‌ بۆ ماوه‌ی درێژ له مێشکیدا هه‌ڵده‌گرێت. خوێنه‌ر هه‌یه به مانگێک یان به چه‌ند مانگێک پێنج سه‌د لاپه‌ڕه ده‌خوێنێته‌وه، به‌ڵام کار له تێکسته‌که‌دا ده‌کات، بۆ نموونه بیریان لێده‌کاته‌وه، به‌شێک له تێکسته‌که له په‌ڕاوێکی تێبینییدا به ده‌ست ده‌نووسێته‌وه. ئه‌م خوێنه‌ره نه‌ک ناوه‌ڕۆکی تێکسته‌کانی بیره، به‌ڵکوو خاوه‌نی شیکارییشه له‌سه‌ری. ئه‌وانه‌ی به‌مشێوه‌یه، ده‌خوێننه‌وه که‌ڕاکته‌ر و بیرکردنه‌وه‌یان ده‌‌گۆڕێت، ئه‌م گۆڕانه له ژیانی ڕۆژانه‌یاندا سانا دیاره.

ناوه‌ڕۆکی تێکست، ویست و ئینته‌رێسه‌ی خوێنه‌ر ده‌جوڵێنێت. چه‌ند ویست و ئینته‌رێسه‌مان زیاتر بێت و خاوه‌نی باکگراوندێکی پیشه‌یی بین له‌سه‌ر تێکسته‌که، ئه‌وه‌نده باشتر چ له تێکسته‌که تێده‌گه‌ین و چ له خودی نووسه‌ره‌که‌ش تێده‌گه‌ین. له کۆمه‌ڵگای کوردییدا، کاتێک قسه‌ له‌سه‌ر خوێندنه‌وه ده‌کرێت، ڕاسته‌وخۆ ده‌به‌سترێته‌وه به شیعر و ڕۆمانه‌وه، به‌ڵام خوێندنه‌وه ته‌نها له شیعر و ڕۆماندا نییه، به‌ڵکوو زانستیش. خوێنه‌ر به ته‌نها شیعرێک ناهێنێته پێشچاوی خۆی، گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانێک ناهێنێته پێشچاوی خۆی، به‌ڵکوو تێکستێکی زانستییش هه‌مانشێوه. ئه‌و خوێنه‌ره‌ی، ڕۆمانێک ده‌خوێنێته‌وه و پاشان به فیلمێک ته‌ماشای ده‌کات، نیگه‌رانه، چونکه به‌شێکی زۆری ڕۆمانه‌که له فیلمه‌که‌دا ونده‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ی، که ده‌رهێنه‌ر هه‌میشه له‌به‌ر که‌میی کات، ڕۆمانه‌که کورت ده‌کاته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که‌ی نه‌خوێندۆته‌وه، ئاسووده‌یه به فیلمه‌که.

فێربوون پرۆسه‌یه‌کی گشتگیره، هه‌ربۆیه فێربوون ته‌نها له خوێندنه‌وه‌دا نییه، به‌ڵکوو له ته‌ماشاکردنیشدا. بۆ نموونه منداڵ فێری هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌بێت، که ده‌یبینێت و گوێی لێده‌بێت. هه‌ربۆیه له ڕووی ده‌روونناسییه‌وه، ڕێگا به منداڵ نابێت بدرێت، که گوێی له هه‌موو شت بێت و هه‌موو شتیش ببینێت. له شوێنێک هه‌ڕه‌شه و جنێو و شه‌ڕ هه‌یه، پێویسته منداڵ دووربخرێته‌وه، چونکه ئه‌ویش فێرده‌بێت له ئاینده‌دا به‌وشێوه‌یه مامه‌ڵه بکات.  له ته‌ماشاکردنی فیلم و ڤیدیۆشدا هه‌مانشێوه، بینه‌ر فێری ئه‌وه ده‌بێت، که ده‌یبینێت. بینه‌ر له ته‌ماشاکردنی ڕێکلامدا ئه‌و کاڵایانه ده‌کڕێت، که به ڕێکلام ته‌ماشای ده‌کات. هه‌تا کۆتایی ساڵی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابوورد، سووپای ئه‌مێریکا کێشه‌یان له‌گه‌ڵ به‌شێک له سه‌ربازه‌کانیاندا هه‌بوو، که له شه‌ڕدا به‌س ته‌قه‌یان ده‌کرد و که‌سیان نه‌ده‌کووشت. ئه‌مه‌ش ده‌بووه هۆی کوژرانی زیاتری سه‌ربازی ئه‌مێریکیی. پاشان له ڕێگای چه‌ند ده‌روونناسێکی پسپۆره‌وه، پێشنیارکرا بۆ دروستکردنی چه‌ند یارییه‌کی کۆمپیوته‌ر، که جه‌نگی تێدا بکرێت. له‌م یارییه‌دا سه‌رباز ته‌قه بۆ کووشتن ده‌کات، چونکه پێیانوایه، که ته‌نها یارییه‌که و به‌س. پاشان ئه‌و سه‌ربازانه‌ی، که به‌س ته‌قه‌یان ده‌کرد له شه‌ڕدا، کۆرسیان پێده‌کرا، که ته‌قه بۆ کووشتن بکه‌ن، به‌شێک له کۆرسه‌کانیان ئه‌م یاریی کۆمپیوته‌ره بوو. له ئاینده‌دا ئه‌م یارییه بوو به به‌شێک له مه‌شقی سه‌ربازیی ئه‌مێریکیی. پاشان بیر له‌وه کرایه‌وه، که خه‌ڵک ئاماده بکه‌ن، پێش ئه‌وه‌ی ببێت به سه‌رباز. ئه‌م ئاماده‌کردنه‌ش به‌وه ده‌ستیپێکرد، که ئه‌م یارییانه بخرێته بازاڕاوه بۆ فرۆشتن. ئیمڕۆ ده‌بینین، که هه‌موو منداڵێک له ته‌واوی جیهاندا ئاشنای ئه‌مجۆره یارییانه‌یه و هه‌موو کات ئاماده‌ن بۆ ته‌قه‌کردن بۆ کووشتن.

دواجار په‌یوه‌ندیی نێوان خوێندنه‌وه و گه‌شه‌ی مێشک، په‌یوه‌ندییه‌کی کۆگنه‌تیڤیی و فیزیکییه.  کۆگنه‌تیڤ، چه‌مکێکی لاتاینه و به واتای زانین و ناسینه‌وه. به‌هۆی توانای کۆگنه‌تیڤانه‌وه، مرۆڤ ته‌ماشا ده‌کات و بینینه‌کانی به ڕاست وه‌رده‌گرێت، ده‌خوێنێته‌وه، بیری دێته‌وه، بیرده‌کاته‌وه. به‌مشێوه‌یه بیرکردنه‌وه و زانین پابه‌ندن پێکه‌وه، که دواجار کریاتیڤیتێتی لێده‌که‌وێته‌وه، کاری جوان و پێرفێکتی لێده‌که‌وێته‌وه.