خاوەن پێداویستییەکی تایبەت دوای 15 ساڵ "تۆڵە دەکاتەوە و کەسێک دەکوژێت"

رووداوەکە لە سەرووچاوە روویداوە

K24 - رانیە

لە سنووری راپەڕین، کەسێک لە ئەنجامی شەڕێکدا بریندار دەبێت و دەبێتە خاوەن پێداویستیی تایبەت، قینی ئەو رووداوە هەر لە دڵی دەمێنێت و دوای 15 ساڵ، ئەو کەسە بە گوللـە دەکوژێت کە بووەتە هۆی کەمئەندامبوونی.

رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ (سێشەممە، 21-7-2020) لە بەنداوی سەرووچاوە، کە ناوچەیەکی گەشتیاریی قەرەباڵغە لە سنووری رانیە روویداوە.

رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لە لێدوانێکدا بە کوردستان24 رایگەیاند "رووداوەکە کاتژمێر 07:40ـی ئێوارە روویداوە و هاووڵاتییەک بەناوی (م. ع.) کە تەمەنی 49 ساڵە و شۆفێری ئەمبیوڵانسی نەخۆشخانەی چوارقوڕنە بووە، کوژراوە".

شۆفێری ئەمبیوڵانسەکە، دەسڕێژی گوللـەی لێکراوە و پێنج گوللـەی بەرکەوتووە، تەنیا پێنج فیشەکیش لە شوێنی رووداوەکە دۆزراونەتەوە. ئەمە دەبێتە یەکەم رووداوی کوشتنی راستەوخۆ لە سەروچاوە لەماوەی ئەمساڵدا.

گوتەبێژەکەی پۆلیسی راپەڕین ئاشکرای دەکات، لەکاتی رووداوەکە ئەوان تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە، دواتر تۆمەتبارێکی دیکە خۆی خۆی رادەست کردووە و، یەکێک لە تۆمەتبارەکان لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

هۆکاری رووداوەکە "کۆنە قینێکە"، بە گوتەی رائید شۆڕش "کوژراو، پێش 15 ساڵ لە شەڕێکدا بکوژەکەی بریندار کردووە و ئەو بکوژە ئێستا خاوەن پێداویستیی تایبەتە".

لەماوەی ئەمساڵدا، ئەمە یەکەم رووداوی کوشتنی راستەوخۆیە لە سنوورەکە تۆمارکرابێت و، 11ـیەمین رووداوی کوشتنی بەئەنقەستە لە سنووری راپەڕین، جگە لە 10 هەوڵی کوشتن و سێ هەوڵی خۆکوشتن.

هـ.ر.