دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆبووەوە

K24 - هەولێر

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی هەرسێ ئەندامی دەستەکە کە پێکهاتوون لە: سەرۆک، جێگر و سکرتێری پەرلەمان کۆبووەوە.

بڕیاربوو دوێنێ (چوارشەممە، 22-7-2020) دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 "کۆبوونەوەکە لەسەر داواکاریی فراکسیۆنی یەکێتیی" بۆ ئەمڕۆ دواخرا.

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمان لە کۆبوونەوەکەیاندا گفتوگۆیان لە بارەی ریزبەندیی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کۆمەڵێک بابەت گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، کە پەیوەستن بە ژیانی رۆژانەی خەڵک، بەتایبەتی: هێرشەکانی تورکیا و ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ، حکومەت بە فەرمی وەڵامی پەرلەمانی دایەوە، کە ئەو وەزیرانەی پەرلەمان داوای کردوون بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان ئامادەبن، ئامادە دەبن.