مه‌سرور بارزانی داوا ده‌كات رێكاره‌كانی دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش خێراتر بكرێت

"پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شدارییه‌كی كارای له‌ بەڕێوەچوونی ئەو دادگایەدا هه‌بێت كه‌ تاوانبارانی داعش دادگایی ده‌كه‌ن"

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/7/23 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کەریم ئەحمەد خان ڕاوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش (يونيتاد UNITAD) کرد.

 لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی ئامادەکارییەکانی دادگاییکردن و بە سزاگەیاندنی تاوانبارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کرا.

ڕاوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش، تیشکی خستە سەر ڕێکارە یاسایی و تەکنیکییەکانی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش لە سەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر مرۆڤایەتی ئەنجامیان داوە . بە تایبەتی پرۆسەی کۆکردنەوەی بەڵگە و بە دیجیتاڵکردنی ئەرشیڤی تاوانەکانی داعش. سوپاسی هەماهەنگیی و پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی لە مبارەیەوە کرد.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی خێراترکردنی ڕێکارەکانی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش کردەوە، چونکە ئەم دادگاییکردنە هەنگاوێکی گرنگە بۆ هێنانەدی دادپەروەری و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان لە داهاتوودا.

گوتیشی ئێمە ئامادەیی هەر هاوکاریی و هەماهەنگییەکین و پێویستە هەرێمی کوردستانیش، بەشدارییەکی کارای لە بەڕێوەچوونی ئەو دادگایە دا هەبێت، چونکە هەرێم لە شوێنەکانی دیکە زیاتر بووەتە قوربانی دەستی تاوانبارانی داعش.