سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا باس له هه‌ڕه‌شه‌كانی شه‌پۆلی دووه‌می كۆرۆنا ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند: ھێشتا قۆناغێکی سەختمان لەپێشە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پێشبینی دەکات، وڵاتەکەی تا ناوەراستی ساڵی داھاتوو ڤایرۆسەکە تێپەرێنێت.
جۆنسن دەڵێت: ھێشتا ھەڕەشەی شەپۆلی دووەمی کۆڤید- 19 ماوە و دەبێ به‌ر له ھاتنی وەرزی زستان و سەرما ھەموو ھاووڵاتیەکی بەریتانی پێکوتەی دژی ئەنفلۆنزا وەربگرێت، بۆ ئەوەی فشاره‌كانی سه‌ر کەرتی تەندروستی کەم ببنەوە.
سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا دووپاتی كرده‌وه، "ئێمە دەمانەوێت به‌ر له هاتنی زستان ھەموو کەسێك پێکوتەی دژی ئەنفلۆنزای پێ بگات. بۆ ئەو مەبەستەش پرۆگرامێکی فراوانمان دەسپێکردووە، بۆ بەھێزکردنی سیستمی بەرگری".
گوتیشی: "ئامانجمانە یەکەم ھەنگاوی پێكوته‌كه قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی تا ١١ بۆ ١٢ ساڵیش بگرێتەوە. دواتر ژنانی دووگیان و خەڵکی سەروو ٦٥ ساڵ. بەم کارەشمان دەمانەوێت لەگەڵ ھاتنی زستان، خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانیمان بپارێزین، چونکە ھێشتا ھەڕەشەی شەپۆلی دووەمی کۆڤید ماوە".
جه‌ختیشی كرده‌وه، "ئەگەر ھەموو کەسێك پێکوتەی خۆی دژی ئەنفلۆنزا وەرگرێت فشار لەسەر کەرتی تەندروستی وڵاته‌كه‌مان کەم دەبێتەوە".
جۆنسن ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "پێموایە ناوەڕاستی ساڵی داھاتوو ڤایرۆسەکە تێدەپەرێنین، بەڵام دەبێ راشکاویش بم لەگەڵ خەڵکی و پێیان بڵێم: ھێشتا قۆناغێکی سەختمان لەپێشە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە و قۆناغێکی سەختی ئابووریشمان له‌پێشه، بەڵام تەواو دڵنیام کە تێیدەپەرێنین و دۆخه‌كه زۆر لەجاران باشتر ده‌بێته‌وه".
H.B