کۆرپەیەکی دهۆک، بچووکترین تووشبووی کۆرۆنایە لە کوردستان

تەمەنی 17 رۆژە و هێشتا ناوی لێنەنراوە


K24 - دهۆک

بچووکترین تووشبووی کۆرۆنا لە کوردستان، منداڵێکی دهۆکە، کە هێشتا چلەی نەچووە و ماڵباتەکەی ناویان بۆ هەڵنەبژاردووە.

منداڵەکە، تەمەنی 17 رۆژە و لە نەخۆشخانەیە. هەرچەندە عومەری مامی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی حەوت کەسی خانەوادەکەی تووشی کۆرۆنا بوون، ئەرکی چاودێریی منداڵەکەی لە ئەستۆگرتووە.

عومەر دەڵێ "برای من لە نەخۆشخانە نییە لە کەرەنتینەیە، بەڵام هاوژین و منداڵەکانی لە نەخۆشانەن، بۆیە من هاتووم چاودێرییان دەکەم... حەوت کەس لە ماڵباتەکەمان تووشی کۆرۆنا بوون، تەنیا دایک و باوکم کەمێک رەوشیان خراپە، ئەوانەی دیکە هەموویان زۆر باشن".

هەرچەندە بەتەواوەتی دڵنیانەبوونەتەوە، بەڵام دەگوترێت ئەو منداڵە، لە باپیرییەوە تووشی کۆرۆنا بووە.

ئەو پزیشکەی سەرپەرشتیی نەخۆشەکانی کۆرۆنا دەکات لە نەخۆشخانەکە دەڵێ: "ئەو کۆرپەیە بچووکترین تووشبووی کۆرۆنایە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرابێت، رەوشی تەندروستیی زۆر باشە و هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەی لێ دیار نەبووە. ئێمە تەنیا بۆ چاودێریکردنی رەوشی تەندروستیی لێرە هێڵاومانەتەوە تاوەکو ئەوکاتەی چاکدەبێتەوە".

بەگشتی هەرچەندە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە دهۆکیش زیادبووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 300 کەس، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی دهۆک رەوشی تەندروستیی لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا دەبینێت.

هـ.ر.