سەرپەرشیاری گۆڕستانی کۆرۆنا لە سلێمانی: بەچاوی خۆم دڵسۆزیی کچێکم بۆ باوکەکەی بینی

کچەکە نەیهێشتووە خۆڵ بەسەر گۆڕی باوکیدا بکەن، تاوەکو قسەی لەگەڵ نەکردووە
kurdistan24.net

 

K24 - سلێمانی

بەرپرسی گۆڕستانەکانی سلێمانی، شەو رۆژ خەریکی ئامادەکارییە بۆ ھەڵکەندنی گۆڕی نوێی بۆ ئەوانەی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، چونکە لە ھەر کاتێکدا بێت، پەیوەندی پێوەدەکرێت و داوای گۆڕی نوێی لێ دەکەن.

خەبات ناجی نووری، بەرپرسی گۆڕستانەکان لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی زیاتر لە 15 ساڵە کاری ھەڵکەندنی گۆڕ دەکات، لەگەڵ ئەوەی سەرپەرشتیی 23 گۆڕستانی سنووری سلێمانی دەکات، گۆڕستانی تایبەت بە مردووانی کۆرۆناش کاری ئەوی قورستر کردووە.

تێپەرێنی رۆژەکانی مام خەبات لە نێو گۆرستان پڕن لە چیرۆکی تراژیدیای ئەو خێزانانەی کەس و کاریان بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

ئەو لەڕێگەی کوردستان24 چیرۆکێک دەگێڕێتەوە کە خۆی لە گۆڕستانی تووشبووانی کۆرۆنا بینیویەتی. دەڵێ "کچێک گوتی توخوا خۆڵ بەسەر باوکمدا مەدەن، حەزدەکەم قسەیەکی لەگەڵ بکەم ئینجا خۆڵی بەسەردا بدەن، ئەوە رووداوێکی زۆر ناخۆش بوو، چونکە کچ زۆر دڵسۆزە بۆ باوک، من دەزانم و هەستی پێدەکەم".

کچەکە چووەتە سەر گۆڕی باوکی و وەک خەبات ناجی دەیگێڕێتەوە گوتوویەتی "باوکە گیان، تۆ باوکێکی زۆر پاک بووی بۆ ئێمە، باوکێکی قورئانخوێن، بێ ئەزیەت و بێ ئەرک بووی بۆ ئێمە، گەردەنت ئازادبێت، خوات لەگەڵ بێت". دواتر رێگەی پێداون خۆڵی بەسەردا بکەن.