چیرۆکی ئەو جووتیارەی سەیدسادق کە بە چاندنی توودڕک بەناوبانگە

داوا لە جووتیاران دەکات بەرهەمەکانیان هەمەجۆر بکەن
kurdistan24.net

K24 - سەیدسادق

لەکاتێکدا جووتیاران گلـەیی دەکەن، لەوەی بەهۆی زۆریی بەرهەمەکانیان لە بازاڕ بۆیان ساغنابێتەوە، جەلال قادر ئەو کێشەیەی نییە، بەهۆی ئەوەی دوو ساڵە جیاواز لە ساڵانی رابردووی باخداری دەکات.

جەلال قادر، چەندین ساڵە جووتیاره، بەڵام دوو ساڵە جیاواز لە ساڵانی رابردوو گرنگی بە چاندنی توودڕک (تووتڕک) داوە، کە جۆرێکی تووە و بە چاندنی 18 نەمام لە باخەکەی لە سەیدسادق دەستیپێکردووە.

ئیستا رووبەری 500 مەتر لە زەویی باخەکەی جەلال توودڕکە، ئەمەش بەهۆی خواستی زۆر لەسەر بەرهەمی ئەم جۆرە تووە.

ئەو باخەوانە بەیانیان زوو بەرهەمی باخەکەی دەچنێ و دەینێریتە بازاڕی سەیدسادق و سلێمانی.

جەلال قادر پێی وایە پەرەدان بە چاندنی توودڕک سوودێکی زۆر بە جووتیاران دەگەیەنێت، بۆیە داوا لە جووتیاران دەکات گرنگی پێ بدەن، ئامۆژگارییان دەکات و دەڵێ "توودڕک بچێنن، نرخەکەشی باشە".

ئەو تووەی جەلال قادر چاندوویەتی بە تووڕک ناسراوە، ساڵانی رابردوو بۆ پەرژینکردنی باخەکان بەکاریان هێناوە. ئەو تووە لە سەرەتای مانگی چوارەوە دەست بە گوڵکردن دەکات و لە کۆتایی مانگی شەش بەرهەمی دەبێت.

ئەو جۆرە تووە بەچەند ناوێک بەنێوبانگە، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە تووڕک، لە سلێمانی و هەولێر پێی دەگوترێت تووتڕک و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش پێی دەڵێن توودڕک. بەگشتی ئەم تووە لەڕووی نرخەوە بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی توو، گرانە. 

هـ.ر.