ئه‌ژديهايه‌ك و چوار پڵنگ ده‌توانن ئاسايشى ئابوورى هه‌رێمى كوردستان دابين بكه‌ن!
يه‌كه‌م: ئه‌ژديها و چوار پڵنگه‌كه
هه‌تا سه‌ره‌تاى ساڵانى نۆهه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوو به‌شێكى گه‌وره‌ى ئابووريناسان و بيردۆزه ئابوورييه‌كان پێيانوابوو وڵاته دواكه‌وتووه‌كان پێويسته به‌هه‌مان هه‌نگاوه‌كانى وڵاتانى پێشكه‌وتوو تێپه‌ڕ بن ئه‌گه‌ر بيانه‌وێت پێشكه‌ون، واتا ئه‌گه‌ر وڵاتێكى وه‌ك به‌ريتانيا دوو سه‌د ساڵى پێويست بووبێت بۆ پێشكه‌وتن ئه‌وا هه‌ر وڵاتێكى تر له وڵاته دواكه‌وتووه‌كان بيه‌وێت بگاته ئاستى وڵاتى به‌ريتانيا پێويسته به دوو سه‌د ساڵ هه‌مان هه‌نگاوه‌كان ببڕێته‌وه! به‌ڵام يازده وڵاتى باشوورى رۆژهه‌ڵاتى ئاسيا پێكه‌وه ڕايه‌كى تريان هه‌بوو، كاتێك هه‌موويان پێكه‌وه به كه‌متر له (30) ساڵ، له ناوه‌ڕاستى شه‌سته‌كان تاكو سه‌ره‌تاى نۆهه‌ده‌كان، توانيان په‌ره به ئابوورييان بده‌ن و له زۆر پێوه‌رى ئابوورى پێش وڵاتانى ئه‌وروپاى رۆژئاوا بكه‌ون، به‌تايبه‌تى ئه‌ژديها گه‌وره‌كه (چينى مه‌زن) و چوار پڵنگه‌كه‌ى ئاسيا (كۆرياى باشوور، هۆنگ كۆنگ، تايوان، سه‌نگاپور) بانكى نێوده‌وڵه‌تى له راپۆرتێكدا به‌ناوى (The East Asian miracle: economic growth and public policy) له ساڵى (1993) به ((موعجيزه)) ناوى ده‌بات.
له په‌نجا ساڵى ڕابردوو ئابووريناس و بڕيار به ده‌سته‌كان له سه‌رانسه‌رى جيهان سه‌رقاڵى توێژينه‌وه و گه‌ڕان بوون بۆ تێگه‌يشتن له سه‌رچاوه‌ى گه‌شه‌ى ئابوورى و هۆكاره‌كانى ئه‌داى ئابوورى سه‌رسوڕهێنه‌ر و چاوه‌ڕوان نه‌كراو له وڵاتانى باشورى ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژهه‌ڵاتى ئاسيا. له ماوه‌ى كه‌متر له (30) سى ساڵ ئه‌و وڵاتانه توانيان تێكڕاى گه‌شه‌ى ئابوورى سه‌رسوڕهێنه‌ر و به‌رده‌وام به خۆيانه‌وه ببينن و له وڵاتى هه‌ژار له ڕووى ده‌رامه‌ت و دواكه‌وتوو له ڕووى ته‌كنه‌لۆجى يه‌وه ببنه هێزى ئابوورى گه‌وره و خاوه‌ن پيشه‌سازى ئاڕاسته‌كراو بۆ هه‌نارده كردن، له زۆر پێوه‌ره‌وه ئاستى بژێوى ئه‌و وڵاتانه گه‌يشته ئاستى بژێوى وڵاتانى ده‌وڵه‌مه‌ندى ڕۆژ ئاوا. به‌هۆى خێرايى تێكڕاى گه‌شه‌ى ئه‌و وڵاتانه و بوژانه‌وه‌ى به‌رچاوى پێوه‌ره‌كانى خۆشگوزه‌رانى كۆمه‌ڵايه‌تى وه‌ك دابه‌زينى ڕێژه‌ى هه‌ژارى، به‌رز بوونه‌وه‌ى تێكڕاى ته‌مه‌نى چاوه‌ڕوانكراوى تاكه‌كان، كه‌مبوونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى نه‌خوێنده‌وارى و بێكارى، گۆڕانكارى له په‌يكه‌رى به‌رهه‌م و هه‌نارده، له‌به‌ر ئه‌وه ناو نرا به ((موعجيزه‌ى ئاسيايى Asian Miracles))، ئه‌و ناونانه له خۆڕا نه‌بووه ئه‌گه‌ر وردبينه‌وه له قۆناغه‌كانى گواستنه‌وه‌ى خێراى ئه‌و وڵاتانه به به‌راورد به وڵاتانى تر، چونكه له‌سه‌ره‌تا زۆربه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ئاسيا جياوازى گه‌وره‌يان نه‌بوو له‌گه‌ڵ وڵاتانى ئه‌فريقى له ڕووى به‌رهه‌مى ناوه‌خۆ، به‌ڵام گه‌شه‌ى خێرا و سورسوڕهێنه‌ر واى كرد له وڵاتانى ئه‌فريقى دوور بكه‌ونه‌وه و پێش وڵاتانى ئه‌مريكاى باشووريش بكه‌ونه‌وه و ڕكابه‌رى وڵاتانى ئه‌وڕوپاى ڕۆژئاوا و ئه‌مريكاى باكور بكه‌ن.
ئه‌و هه‌نگاوه گه‌وره‌ى په‌ره‌پێدانى ئابوورى له وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵاتى ئاسيا سه‌ره‌تا به ئه‌زموونى ژاپۆن ده‌ستى پێكرد كاتێك توانى به (40) چل ساڵ له وڵاتێكى هه‌ژار و دۆڕاو له جه‌نگى جيهانى دووه‌م ببێته دووه‌م گه‌وره‌ترين ئابوورى له جيهان، تێكڕاى داهاتى تاكه‌كه‌س (10) ده ئه‌وه‌نده زيادى كرد له‌و ماوه‌يه، كه‌چى وڵاتانى شۆرشى پيشه‌سازى ئه‌وڕوپى (150) سه‌د وپه‌نجا ساڵيان پێويست بوو بۆ هه‌مان ده‌ستكه‌وت! دواتر موعجيزه‌ى ئابوورى كۆرياى باشوورى سه‌رنجى جيهانى ڕ‌اكێشا چونكه تێكڕاى به‌رهه‌مى نيشتمانى بووه (3) سێ ئه‌وه‌نده به كه‌متر له (20) ساڵ، وه به هه‌مان شێوه تێكڕاى گه‌شه‌ى ئابوورى سێ وڵاته‌كه‌ى تر (هۆنگ كۆنگ و تايوان و سه‌نگافوره) زيادى كرد. له‌به‌ر ئه‌وه ناونران به چوار پڵنگه‌كه‌ى ئاسيا (Four Asian Tigers).
دواتر تێكڕاى گه‌شه‌ى خێرا و به‌رزى ئه‌ژديهاى ئاسيا (چين) له سه‌ره‌تاى ساڵانى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوو كاريگه‌رى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر بيركردنه‌وه‌ى ئابووريناسان جێهێشت، ئابووريناسانى ئه‌مريكا به سه‌ركردايه‌تى (پيته‌ر ناڤاڕۆ Peter Navarro) ڕاوێژكارى بازرگانى ئێستاى سه‌رۆكى ئه‌مركا، پێيان وايه ئه‌و ئه‌ژديهايه چۆك به وڵاته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا داده‌دات له‌به‌ر ئه‌وه له ساڵى 2011 بانگه‌وازێكى جيهانيان له چوارچێوه‌ى كتێبێك بڵاوكرده‌وه به‌ناوى (( مه‌رگ له‌سه‌ر ده‌ستى چين، ڕوو به‌ڕوو بوونه‌وه‌ى ئه‌ژديها، بانگه‌وازێكى جيهانى)) ((Death by China: Confronting the Dragon – A Global Call to Action))
هه‌رێمى كوردستان و ئه‌زموونى ئه‌ژديها و چوار پڵنگه‌كه
له دواى ئه‌م ئه‌زموونه هه‌موو لايه‌نێك گه‌يشتنه ئه‌و بڕوايه ئه‌گه‌ر ويست و شاره‌زايى هه‌بێت ده‌توانرێت موعجيزه‌ى ئابوورى وڵاتانى باشوورى ڕۆژهه‌ڵاتى ئاسيا دووباره بكرێته‌وه. ئێمه‌ش له هه‌رێمى كوردستان ده‌توانين سوود له ئه‌زموونى ئه‌و وڵاتانه وه‌ر‌گرين بيگونجێنين له‌گه‌ڵ بارودۆخى ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تى كوردستان، مه‌رجى يه‌كه‌م و سه‌ره‌كى سه‌ركه‌وتن هه‌بوونى سه‌ركرده‌يه كه ويستى چاكسازى و په‌ره‌پێدانى ئابوورى و به‌ره‌و پێشبردنى وڵاتى هه‌بێت، وه‌ك (دينگ زياوبينگ)سه‌رۆكى چين (1978-1992) بنياتنه‌رى چينى نوێ، (مهاتير محمد) له ماليزيا، (لى كوان يو) له سه‌نگاپور، (باك تشونغ هى) له كۆرياى باشوور، ئه‌و سه‌ركردانه ويستيان هه‌بوو و ئه‌نجامياندا، ئێستا مێژوو سه‌رى ڕێزيان بۆ داده‌نه‌وێنێت. له هه‌رێمى كوردستانيش ئێستا ڕێزدار (مسرور بارزانى)ئه‌و سه‌ركرده به‌هێزه‌يه كه سه‌رۆكايه‌تى حكومه‌ت ده‌كات و ويستى به‌هێزى خۆى بۆ په‌ره‌پێدانى ئابوورى و به‌ره‌و پێش بردنى كوردستانى به هه‌موو لايه‌ك ڕاگه‌ياندووه، ئه‌و وڵاتانه‌ى ئاماژه‌مان پێيان كرد سامانى سروشتيشيان نه‌بوو ئێمه سامانى سروشتيشمان هه‌يه كه كاره‌كه‌مان ئاسانتر ده‌كات. مه‌رجى دووه‌م هه‌بوونى شاره‌زاييه، له كۆرياى باشوور كاتێك (باك تشونغ هى) سه‌رۆك كۆمار بوو دامه‌زراوه‌يه‌كى دروستكرد به‌ناوى (بۆردى پلاندانانى ئابووى) كه هه‌ڵسا به ڕێكخستنه‌وه‌ى كارى هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان و دروستكردنى هه‌ماهه‌نگى له نێوانيان به‌مه‌ش توانيان كۆرياى باشوور له هه‌ژارترين وڵاتى دونيا بكه‌نه نۆيه‌م به‌هێزترين وڵاتى پيشه‌سازى له جيهان، له هه‌ندێك بوار له پێش وڵاته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكاشه وه‌ك پيشه‌سازى كه‌شتى، له بوراى ته‌كنه‌لۆجياش كۆمپانياى سامسونگ كێبڕكێ له‌گه‌ڵ كۆمپانياى ئه‌پڵى ئه‌مريكى ده‌كات و بازاڕى جيهانيان له نێوان خۆيان دابه‌شكردووه، سه‌ره‌ڕاى كۆمپانيا ئێڵ جى كه بازاڕى جيهانى ئامێره كاره‌باييه‌كانى ناو ماڵى داگير كردووه، له بوارى ئۆتۆمبێل سازيش هه‌ردوو كۆمپانياى (كيا) و (هيونداى) ڕكابه‌رى گه‌وره‌ترين گروپى كۆمپانياكانى به‌رهه‌مهێنانى ئۆمبێل له جيهان ده‌كه‌ن وه‌ك (جه‌نه‌ڕاڵ مۆتۆرزى) ئه‌مريكى و (تۆيۆتا) ى يابانى و (ڤؤڵگس واگن) ى ئه‌ڵمانى.
لێهاتوويى و دادپه‌روه‌رى دوو پێوه‌رن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى سيسته‌مى ئابوورى له هه‌ر وڵاتێك، لێهاتوويى له په‌ره‌پێدانى ئابوورى (به‌رهه‌مهێنان) و دادپه‌روه‌رى له دابه‌شكردنى داهاتى نه‌ته‌وه‌يى، په‌ره‌پێدانى ئابوورى به بێ پلاندانان به‌رى نا‌بێـت، پلاندانانيش به‌بێ ئامار و توێژينه‌وه و زانيارى متمانه پێكراو سوودى نابێت، توێژينه‌وه و ئامار و پلاندانانيش به‌بێ سه‌رمايه‌ى مرۆيى بوونيان نابێت! ئێمه‌ش ده‌توانين سوود له ئه‌زموونى ئه‌ژديها كه (چين) و چوار پڵنگه‌كه (كۆرياى باشوور، هۆنگ كۆنگ و تايوان و سه‌نگاپور) ببينين، به‌ڵام ده‌يگونجێنين له‌گه‌ڵ بارودۆخى خۆمان، وه دڵنياين كه ئه‌گه‌ر هه‌موو ئامانجه‌كانيش نه‌پێكين به‌شى هه‌ره زۆرى ئامانجه‌كان ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ين.
بۆچى ته‌نها ئه‌ژديها و پڵنگه‌كان؟
تايبه‌تمه‌ندييه‌كانى ئه‌زموونى په‌ره‌پێدانى ئابوورى له وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵاتى ئاسيا
ئه‌زموونى په‌ره‌پێدانى ئابوورى وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵاتى ئاسيا به سه‌ركردايه‌تى پڵنگه‌كان به‌و جيا ده‌كرێته‌وه تاكه ئه‌زموونه كه توانيبێتى گه‌شه‌ى ئابوورى گه‌وره و خێرا تێكه‌ڵ به دادپه‌روه‌رى له دابه‌شكردنى داهات بكات. له‌به‌ر ئه‌وه چاكسازى پێويسته له‌سه‌ر بنه‌ماى سوود وه‌رگرتن بێت له‌و سياسه‌ته سه‌ركه‌وتووانه بۆ دووباره كردنه‌وه‌ى هه‌مان ئه‌زموون له هه‌رێمى كوردستان.
چه‌ندين توێژينه‌وه ئه‌نجامدراون به‌مه‌به‌ستى ده‌ستنيشانكردنى ئه‌و هۆكارانه‌ى ياريده‌ده‌ر بوونه له سه‌ركه‌وتنى ئه‌و ((موعجيزه‌يه)). له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و گه‌شه‌يه ته‌نها پشتى به پاشه‌كه‌وتى تاكه‌كان نه‌به‌ستووه به‌ڵكو پشتى به پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆجى به‌ستووه بۆيه پێشبينى كراوه گه‌شه‌ى ئابوورى ئه‌و وڵاتانه له ده‌يه‌كانى داتووش به‌رده‌وام بێت.
دووه‌م: ئاسايشى ئابوورى هه‌رێمى كوردستان
هه‌رێمى كوردستان پێويستى به دانانى به‌ردى بناغه‌ى ئاسايشى ئابوورى هه‌يه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى په‌ره‌پێدانى ئابوورى به‌رده‌وام و دادپه‌روه‌رى له دابه‌شكردنى به‌رهه‌مى په‌ره‌پێدان، سه‌ره‌ڕاى به‌هێزكردن و پاراستنى پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان له ڕووىى ئابوورى و سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌وه، چونكه سه‌قامگيرى سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تى به‌بێ سه‌قامگيرى ئابوورى بوونى نابێت. ته‌نها ئاسايشى ئابوورى دڵنيايى بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران و متمانه بۆ دامه‌زراوه داراييه‌كان ده‌گێڕێته‌وه و پێگه‌ى هه‌رێم له ڕووى ئابوورى و سياسى به‌هێز ده‌كات.
ئاسايشى ئابوورى ده‌بێته داينه‌مۆى بوژاندنه‌وه‌ى ئابوورى و ڕێكخستنى په‌يكه‌رى ئابوورى و به سيسته‌مكردنى، چونكه په‌يكه‌رى ئابوورى هه‌رێمى كوردستان ڕێكنه‌خراوه و كارگێڕى حكومه‌تيش به دامه‌زراوه‌يى نه‌كراوه، بۆيه نه حكومه‌ت ئه‌توانێت ڕۆڵى خۆى به‌ته‌واوى بگێڕێت و نه كه‌رتى تايبه‌تيش هيچى له‌ده‌ست دێت، ئابوورى كوردستان له قۆناغى گواسته‌نه‌وه‌يه له له سيسته‌مى سۆشياليستى بۆ سيسته‌مى سه‌رمايه‌دارى له‌به‌ر ئه‌وه كێشه‌ى دامه‌زراوه‌يى و په‌يكه‌رييمان هه‌يه له ئابوورى و ناتوانين پلانى ستراتيجى دابڕێژين تاكو هه‌موو كه‌رته ئابوورييه‌كان بگرێته‌وه و بيانكاته پاڵپشتى يه‌كتر هه‌ندێكيان كه‌رسته‌ى خاو بۆ ئه‌وانى تر دابين بكه‌ن و هه‌ندێكيان به‌رهه‌مى ئه‌وانى تر ساغ بكه‌نه‌وه و وه‌ك كه‌رسته‌ى خاو بۆ به‌رهه‌مه‌كانيان به‌كارى بهێنن.
پێكهاتەكان ئاسایشی ئابوورى
ئاسایشی ئابوورى پێك دێت لە چەند توخمێكى سەرەكى گرنگترینیان:
1. ئاسایشی خۆراك: ئاسایشى خۆراك گرنگترین پێكهاتەى ئاسایشی ئابوورییە، دەكرێت پێناسەى بكەین بە (( تواناى كۆمەڵگا لە دابینكردنى ئاستى پێویستى خۆراك بۆ تاكەكانى كۆمەڵگا لە سنوورى داهاتى بەردەستیان، لە گەڵ دڵنیایی دابینكردنى ئاستى خۆراكى پێویست بۆ مانەوە لە ژیان بۆ ئەو تاكانەى كە ناتوانن خۆراك دەستەبەر بكەن بە داهاتى بەردەستیان، جا دابین كردنى خۆراكەكە لە ڕێگاى بەرهەمهێنانى ناوەخۆ بێت یان هاوردە كردنى لەدەرەوە لە ڕێگاى داهاتى ناوەخۆ)). لەبەر ئەوەى خۆراك لە گرنگترین پێكهاتەكانى پارێزگارى كردنە لە ژیان، سەیرى خۆراك دەكرێت وەك پێكهێنەرى ڕه‌هه‌ندى كۆمەڵایەتى و سیاسی بەو پێیەى یەكێكە لە مافە سەرەتاییەكانى مرۆڤ، كەواتە دابینكردنى ئاسایشی خۆراك بریتی یە لە ڕەنگدانەوەى تواناى كۆمەڵگا لە مسۆگەر كردنى مافی خۆراك، بە تایبەتى دابینكردنى ئاستى مانەوە لە ژیان بۆ هەموو تاكەكان بۆ بەردەوام بوون لە ژیانیان بە شێوەیەكى تەندروست و چالاك.
2. ئاسایشی تەندروستى: مەبەست لە ئاسایشی تەندروستى دابینكردنى هۆكارەكانى خۆ پارێزی و چارەسەرە لە نەخۆشی و پەتاكان. دابین كردنى ئاسایشی تەندروستى ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئاسایشی ئابوورى كۆمەڵگا، چونكە ئەو كۆمەڵگایەى تەندروستە تاكەكانى چالاك و بەهێزن، ئەوەش ڕەنگدانەوەى دەبێت لە سه‌ر بەرهەم و كار و دەستەبەركردنى گەشەى ئابوورى گونجاو، پێچەوانەى ڕوو دەدات لەو وڵاتانەى نەخۆشی و پەتا تێیدا بڵاوە، بۆیە وڵاتان بەردەوام هەوڵى نەهێشتنى نەخۆشیيە مەترسیدارەكانى وەك ئایدز و ئەنفلۆوەنزاى باڵندە و بەراز كۆڕۆنا دەده‌ن، وە هەوڵى نەهێشتنى نەخۆشیەكانى ئاژەڵانیش دەدەن بۆ پاراستنى ئابوورى وڵات و دانیشتوانەكەى. بە شێوەیەكى سەرەكى ئاسایشی تەندروستى گرنگى دەدات بە دابینكردنى بەرنامەكانى چاودێرى تەندروستى سەرەتایی، سەرەڕاى دابین كردنى خزمەتگوزارى دڵنیایی تەندروستى بۆ هاوڵاتیان وە ئەو دەرمانانەى ژیانى تاكەكان ڕزگار دەكات، وە پەرەپێدانى دامەزراوە تەندروستییەكان و ناوەندەكانى ڕێنمایی و ڕ‌ۆشنبیرى تەندروستى وە گرنگى تایبەت بدرێ بە تەندروستى چینە لاوازەكانى كۆمەڵگا وەك منداڵ و ئافرەت و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان.
3. ئاسایشی كۆمەڵایەتى: پێویستە سیاسەتى تایبەت هەبێت بە دابینكردنى پاراستنى كۆمەڵایەتى ئەو كەسانەى كار دەكەن لە دامەزراوە حكومییەكان و تایبەتەكان، لە ڕێگاى بڕینى بە شێك لە مووچەى كرێكارەكان و دانانى باج لەسەر خاوەنكارەكان ودانانى ئەو بڕە پارەیە لە سندوقێكى تایبەت بە پێ ى یاسا تاكو دواتر بەكاربێتەوە بۆ قەرەبوو كردنەوەى ئەو كەسانەى كار بە جێ دەهێڵن یان لەكارەكانیان دەردەكرێن یان دەگەنە تەمەنى خانەنشینى، یان پەككەوتە و نەخۆش دەكەون. ئەو سیستەمەش بە سیستەمى دڵنیایی كۆمەڵایەتى یان سوودەكانى دواى خزمەتكردن دەناسرێت، بەڵام ئاسایشی دڵنیایی تەندروستى بریتییە لە سیستەمى دڵنیایی نێوان هاوڵاتیان و حكومەت، بە جۆرێك هەموو هاوڵاتییەك مانگانە بە پێ ى داهاتى بڕێك پارە دەدات تاكو لە بەرامبەردا خۆی و خێزانەى سوود لە خزمەتگوزارى تەندروستى وەرگرن، بەبێ گوێدانە ژمارەى تاكەكانى خێزان و قەبارەى خزمەتگوزارى وەرگیراو، كە بریتییە لە پشكنینى پزیشكى بێ بەرامبەر و وەرگرتنى دەرمان بە نرخی ڕەمزى.
4. نەهێشتنى هەژارى: نەهێشتنى هەژارى یەكێكە لە گرنگترین پێكهاتەكانى ئاسایشی ئابوورى، چونكە هەژارى مەترسى گەورە دروست دەكات لەناو كۆمەڵگا، بە بڵاو بوونەوەى هەژارى لە كۆمەڵگا نەخۆشی و بەدخۆراكى بڵاو دەبێتەوە، تاوان و دزى بڵاو دەبێتەوە، سەرەڕاى بەرز بوونەوەى دەنگى ناڕەزایەتى، ئەمەش هەمووى دەبێتە هۆی ناسەقامگیرى سیاسی و ئابوورى و ئەمنى، لەبەر ئەوە نەهێشتنى هەژارى هۆكارى سەرەكى بەرقەرار بوونى ئاسایشی ئابووریە.
5. دەرفەتى كار: كار سەرچاوەى داهاتى خێزان و هۆكارى دەستەبەركردنى پێداویستییە سەرەكییەكانى مرۆڤە، ڕەخساندنى هەڵى كار بۆ تاكەكان دەبێتە هۆكارى گواستنەوەیان لە هەژارى و برسیەتى وترس بۆ حاڵەتى سەقامگیرى كۆمەڵایەتى و ئابوورى، شا ڕێگاى دابینكردنى هێز و ئاسایشی ئابوورییە، ئەو وڵاتانەى ڕێژەى بێكارى تێدا بەرزە بە وڵات و كۆمەڵگاى هەژار دەناسرێن، یان بە دواكەوتوو و گەشە نەسەندوو دەناسرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی ناسەقامگییرى كۆمەڵایەتى .
6. سوود وەرگرتن لە دەرامەتى سروشتى: سامانە سروشتییەكان بەخششێكە و پێویستە بە باشترین شێوە سوودى لێ وەربگرین، سەرەڕاى نەوتى خاو و گازى سروشتى كوردستان چەندین جۆر كانزاى گرانبەها و ستراتیجی هەیە، بەڵام تا ئێستا تەنها سوود لە نەوتى خاو و بەشێك لە غازى سروشتى وەرگیراوە بۆ بەرهەمهێنانى وزەى كارەبا، نەوتى خاویش بە تەواوەتى سوودى لێ وەرنەگیراوە، چونكە فرۆشتنى نەوت بە شێوەى خاو داهاتى باش ناداتە كوردستان و نابێتە هۆى پەرەپێدان، توێژینەوەكان دەیسەلمێنن ئەگەر فرۆشتنى نەوت بە شێوەى خاو یەك دۆلار بداتە هەناردەكار ئەوا پڕۆژە پترۆكیمیاوییەكان( 100) دۆلار دەدات، واتە گۆڕینى نەوت بۆ پتڕۆكیمیاوى بەهاى زیادەى نەوتى خاو سەد ئەوەندە زیاد دەكات! بۆیە پێویستە پرۆژەى پتڕۆكیمیاوى دابنرێت لە كوردستان تاكو داهاتمان زیاد بكات و جۆراو جۆرى بكات و ده‌رفه‌تى كاریش بۆ گەنجەكانمان بڕەخسێنى، لە جیهاندا ئێستا (6000) بەرهەمى پتڕۆكیماوى هەیە، ئەگەر كوردستان لە (1%) ئەو بەرهەمانە دروست بكات دەكاتە (60) بەرهەمى پتڕۆكیمیاوى كە ڕاستەوخۆ ڕەنگانەوەى لەسەر كەرتى پیشەسازى دەبێت، چونكە كەرستەى سەرەتایی بۆ چەندین پڕۆژەى تر دروست دەكەن كە ئێستا ناتوانرێت ئەو جۆرە پڕۆژانە دابمەزرێت، چونكە هێنانى ئەو كەرستە سەرەتاییانە لە دەرەوە تێچوونى زۆرە.
وە پێویستە ڕووپێوێكى كانزایی لە كوردستان بكرێت بەهاو كارى ڕووپێوى جیۆلۆجى، بۆ دیاریكردنى شوێن و جۆر و بڕی كانزاكان لە كوردستان و دروستكردنى نەخشەیەك بۆ ئەوەى سوودى لێ وەربگیرێت بۆ پلانى ستراتیجى پەرەپێدانى ئابوورى كوردستان.
ئەوەى زۆر گرنگە لێرە ئاماژەى پێ بكرێت ئەوەیە كە دادپەروەرى لە دابەشكردنى داهاتى سامانى سروشتى لە نێوان تاك و چینەكانى كۆمەڵگا گرنگى كەمتر نییە لە خودى سوود وەرگرتن لە دەرامەتە سروشتییەكان، چونكە ئەگەر داهات زۆریش بوو بەڵام داد پەروەرى نەبوو لەدابەشكردنى ئەو داهاتە ئەوا سەقامگیرى كۆمەڵایەتى دروست نابێت و ئاسایشی ئابوورى بەرقەرار نابێت بە هۆى بڵاو بوونەوەى بێكارى و هەژارى و دروست بوونى كەلێن لە نیوان تاك و چینەكانى كۆمەڵگا.
7. ئاسایشی ژینگەیی: پارێزگارى لە ژینگە دەمانپارێزێت لە شڵەژانى ژینگە، چونكە نەپاراستنى ژینگە كاریگەرى دەبێت لەسەر وڵات و هاوڵاتیان، نەبوونى ئاوى خاوێن بۆتە هەڕەشە لە وڵاتانى پیشەسازى، وە پیس بوونى هەواو و قەتیس بوونى گەرما و كێشەى چارەسەركرنى پاشماوە و زبڵ مەترسیدارترین هەڕەشەى ژینگەیە لەسەر ژیانى تاكەكان.
8. دادپەروەرى و دەرفەتى یەكسان: ڕاپۆرتى ((پەرەپێدان لە جیهان)) كە لە لایەن بانكى نێودەوڵەتى دەردەچێت، بۆ ساڵى 2006 دەڵێت (( دادپەروەرى هێزى گەشە زیاد دەكات لە پێناو كەمكردنەوەى ژمارەى هەژاران)). وە دووپاتى دەكاتەوە كە پێویستە دادپەرەوەرى بەشێك بێت لە ستراتیجییەتى كەمكردنەوەى ژمارەى هەژاران لە هەموو شوێنێكى جیهانى تازە پیگەیشتوو. گومان لە گرنگى هەبوونى دادپەروەرى و ڕەخساندنى دەرفەتى یەكسان نییە، چونكە ئابوورى كاتێك گەشە دەكات كە زۆربەى تاكەكان ئامرازى پێویستى بەشدارى كردنى هەبێت لە دەرەنجامى گەشەى ئابوورى.
ئه‌ركه‌كانى ئاسایشی ئابوورى
ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانى ئاسایشی ئابوورى كه بریتین له: په‌ره‌پێدانى ئابوورى و ئاسایشی خۆراك و ئاسایشی ته‌ندروستی و ده‌رمان و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تى به‌مه‌به‌ستى نه‌هێشتنى هه‌ژاری و سوود وه‌رگرتن به‌باشترین شێوه له ده‌رامه‌تى سروشتى و پارێزگارى له ژینگه و ڕه‌خساندنى ده‌رفه‌تى یه‌كسان و دادپه‌روه‌رى له نێوان تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى دامه‌زراوه حكومییه‌كان به دامه‌زراوه‌یی نه‌كراون و ناتوانن كاره‌كانیان به باشى ئه‌نجام بده‌ن پێویسته دامه‌زراوه‌یه‌كى مه‌ڵبه‌ندى هه‌بێت و فشار بخاته سه‌ریان و ئاماده‌یان بكات بۆ كارى دامه‌زراوه‌یی و ڕاهێنیان پێ بكات و كه‌سى شیاو له شوێنى شیاو دابنرێت و ئه‌ركى به‌رده‌وامیان پێ بسپێرێت و هه‌ماهه‌نگى له نێوان ئه‌و وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوانه دروست بكات تاكو هه‌موو كاره‌كان ده‌كه‌ونه سه‌ر ڕێچكه‌ى خۆیان، بۆیه ئاسایشی ئابوورى هه‌ڵده‌ستێ به:
1. كۆنتڕۆڵكردنى خۆراك و ده‌رمان و كاركردن بۆ به‌رهه‌مهێنانيان له‌ناوه‌خۆ به ستانداردى جيهانى و كواليتى به‌رز، وه كاركردن بۆ پشت به‌ستن به به‌رهه‌مى ناوه‌خۆ له قۆناغى يه‌كه‌م وه هه‌نارده‌كردنى له قۆناغى دووه‌م.
2. رووپێوكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنى هه‌موو ده‌رامه‌ته سروشتى و ماددیه‌كان و ده‌ست نیشانكردنى شوێن و بڕیان تاكو بتوانین پلانى به‌كارهێنانیان وه سوود وه‌رگرتن لێیان دابنێین، ئه‌م زانیارییانه‌ش هه‌مووى له نێو داتا سه‌نته‌رێك هه‌ڵده‌گیرێت، هه‌ندێك له زانیارییه‌كان به نهێنى ده‌هێڵدرێته‌وه كه تایبه‌تن به نهێنى نیشتمانى، وه ئه‌وانى تر ده‌خرێته به‌رده‌ستى توێژه‌ر و وه‌به‌رهێن و پیاوانى كار، به‌هه‌مان شێوه ڕووپێوى سه‌رمایه مرۆییه‌كان ده‌كرێت و زانیارى له‌سه‌ریان كۆ ده‌كرێته‌وه تاكو سوود له تواناكانیان وه‌ربگرین و بیانخه‌ینه شوێنى گونجاو.
3. دروستكردنى په‌یكه‌رى ئابوورى گونجاو بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه ئابوورییه‌كان له هه‌رێم.
4. دارشتنى سیاسه‌تى ئابوورى به‌جۆرێك به باشترین شێوه سوود له ده‌رامه‌ته سروشتى و مرۆییه‌كانى هه‌رێم وه‌ربگرین.
5. پشتگیرى كردنى كه‌رتى تایبه‌ت و به‌شداریكردن له هه‌ندێك پرۆژه وه‌ك وه‌به‌رهێنى حكومى له‌كاتى پێویست.
6. ڕاكێشانى سه‌رمایه‌ى بیانى بۆ دامه‌زراندنى هێلى ئاسنین و فراوانكردن و به‌هێزكردنى ژێرخانى ئابوورى.
7. جێبه‌جێكردنى كارى له پێشینه‌ى وه‌به‌رهێنان به ئامانجى په‌ره‌پێدانى ئابوورى، هه‌ماهه‌نگى و ڕێكخستنى دیده جیاوازه‌كان له نێوان وه‌زاره‌ته‌كان و دامه‌زراوه‌كان و ژووره‌بازرگانى پیشه‌سازییه‌كان و پیاوانى كار.
ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانى ئاسایشی ئابوورى
ئامانجه سه‌ره‌كیه‌كانى ئاسایشی ئابوورى بریتى ده‌بێت له:
1. دامه‌زراندنى ئابوورى پشت به‌خۆ به‌ستو (خۆ بژێوى) و زياد كردنى داهاتى ناوه‌خۆ له ڕێگاى جۆراوجۆركردنى سه‌رچاوه‌كانى داهات (Self-Sustaining Economy).
2. نوێكردنه‌وه‌ى په‌یكه‌رى پیشه‌سازى و پاڵپشتى ئابوورى به‌رده‌وام، وه گرنگى دان به دامه‌زراندنى پیشه‌سازى پترۆكیمیاوى و میكانیكى و فراوانكردنى هه‌نارده (Modernizing the Industrial Structure).
3. گه‌شه‌ى ئابوورى، دامه‌زراندنى پیشه‌سازى قورس و په‌ره‌پێدانى هاوسه‌نگ (Growth, Growth and Balance).
4. باشكردنى ئاستى بژێوى و دادپه‌روه‌رى له دابه‌شكردنى داهاتى گشتى(Equality in Income Distribution).
ئه‌و هۆكارانه‌ى ڕۆڵيان هه‌بوو له دروستكردنى گه‌شه و په‌ره‌پێدانى به‌رده‌وامى خێرا و سه‌رسوڕهێنه‌ر له ڕۆژهه‌ڵاتى ئاسيا له په‌نجا ساڵى ڕابردوو. بنياتنانى ئاسایشی ئابوورى بۆ گرنگى دان به په‌ره‌پێدان و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵى له ڕێگاى پلان دانان و جێ به‌جێ كردنى مه‌نهه‌جی. وه هه‌وڵدان بۆ دروستكردنى سیسته‌مى ئابوورى تێكه‌ڵاو و پلان بۆ دانراو به‌سه‌ركردایه‌تى حكومه‌ت له ژێر سیسته‌مى ئابوورى لیبڕاڵى، ئه‌م كاره‌ش به تێكه‌ڵكردنى سامانى مرۆيى و سامانى سروشتى كوردستانه‌وه ده‌كرێت.
بۆ سوود وه‌رگرتن له ئه‌زموونى ئه‌ژديها و چوار پڵنگه‌كه‌ى ئاسيا و كۆپيكردنه‌وه‌ى ڕێككارو سياسه‌ته‌كانى هانده‌ر بۆ گه‌شه‌ى ئابوورى و گونجاندنى له‌گه‌ڵ سروشتى ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تى هه‌رێمى كوردستان له به‌شه‌كانى تر گرنگترين سياسه‌ته جۆربه‌جۆره‌كانى ئه‌م وڵاتانه ئه‌خه‌مه به‌رده‌ست حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هيوادارم سوودى لێ وه‌ربگرن.