واشنتن پۆست: ئاشکراکردنی بکوژانی هیشام هاشمی رەوشی عێراق سەراوژێر دەکات

"روون نییە کازمی تاچەند بوێریی هەیە بەردەوام بێت"

 

K24 - هەولێر

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی لە راپۆرتێکدا لەبارەی کاردانەوەکانی کوشتنی هیشام هاشمی دەڵێ: دەستنیشانکردنی ئەوەی فەرمانی کوشتنی هیشام هاشمی داوە، رەنگە ببێتە هۆی تەقینەوەیەکی سیاسی لە عێراق و روون نییە کازمی تاچەند بوێریی هەیە بەردەوام بێت.

راوێژکارانی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق تووشی شۆک بوون لەوەی چۆن تیرۆرکردن ئەوەندە لە بازنەی دەوری سەرۆک وەزیران نزیک بووەتەوە، چونکە هیشام هاشمی، پسپۆر لە بواری ئەمن و گرووپە تووندڕەوەکان، جێگەی متمانەی زۆربەی ئەو راوێژکارانە بوو.

هیشام هاشمی 6-7-2020 لەکاتێکدا لە رێگە بوو بۆ ماڵەوەی لە ناوچەی زەیوونە لە بەغدا، بە گوللـە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی کوژرا، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئەو گەڕەکە، دەستی کەسیان پێناگات.

رۆژنامەی واشنتن پۆست راپۆرتێکی بە ناونیشانی "کوشتنی کەسێکی جێگەی متمانەی حکومەتی عێراق، ترسناکیی شەڕکردن لەگەڵ گرووپەکانی لایەنگری ئێران دەخاتەڕوو"، بڵاوکردووەتەوە و تێیدا وردەکاری لەبارەی کاردانەوەکانی کوشتنی هیشام هاشمی خستووەتەڕوو.

رۆژنامەکە نووسیویەتی "روون نییە کازمی تاچەند بوێریی هەیە بەردەوام بێت لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانەی تۆمەتباردەکرێن بە کوشتنی هیشام هاشمی، کە دەگوترێت لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن".

لەبەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە "لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەیەک بەسەرۆکایەتیی جێگری وەزیری ناوخۆ بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنی بکوژی هاشمی، یاریدەدەرەکانی کازمی و هاوپەیمانە سیاسییەکانی دەڵێن دەستنیشانکردنی ئەوەی فەرمانەکەی داوە، رەنگە ببێتە هۆی تەقینەوەیەکی سیاسی".

راوێژکارێک، کە بەمەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوی لەبەر هەستیاریی بابەتەکە، نەیویستووە ناوی لە رۆژنامە ئەمەریکییەکە بڵاوبکرێتەوە، گوتوویەتی "کازمی دەیەوێت دادپەروەی بەدیبهێنێت، بەڵام دەستی بەستراوە... لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەمە روویدا، زۆر بە سادەیی دەڵێم: زۆر ترسناکە بۆ هەر سەرۆک وەزیرانێک لێرە".

لە راپۆرتەکەی واشنتن پۆست ئاشکرا کراوە "هاوبەشە سیاسییەکانی کازمی بە دەنگی بەرز دەپرسن؛ ئایا سرەی ئەوانیش دێت. هەندێکیان خۆیان ونکردووە، هەندێکیان بەغدایان جێهێشتووە، ئەوانەش کە پێشتر لە دەرەوەبوون، گوتوویانە بۆ ماوەیەک ناگەڕێنەوە".