بەوێنە.. فڕۆكەكانی توركیا دوو ئۆتۆمبیلیان لە سنووری پارێزگای دهۆك كردە ئامانج

تەواوی سەرنشینانیش لەناو ئۆتۆمبێلەكاندا سووتان

K24- دهۆك:

ئەمڕۆ فڕۆكەكانی توركیا لە درێژەی بۆردومانەكانیدا لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، دوو ئۆتۆمبێلیان لە سنووری پارێزگای دهۆك لە نزیك گوندی هەست پیركای سەر بە ناحیەی بامەڕنێ لە سنووری قەزای ئامێدر كردە ئامانج.

پەیامنێری كوردستان 24 لە ناوچەكە رایگەیاند، لە بۆردومانەكەدا هەردوو ئۆتۆمبیلەكە كە لە جۆری تۆیۆتا پیكاب و هیۆندا سەنتافی بوون، بە تەواوەتی سووتاون.

گوتیشی: لەكاتی بە ئامانجكردنیان سەرجەم ئەو كەسانەی لەناو ئۆتۆمبیلەكاندا بوون كوژراون، بەبێ ئەوەی ژمارەیان بزانرێت.

گوتیشی: لەو بۆردومانەدا هاووڵاتییەكی سڤیل بە ناوی دلۆڤان شاهین، خەڵكی ناوچەی گولی گیانی لەدەستداوە و یەكێكی دیكەش كە لەو بۆردومانەدا كوژراوە، ناسنامەكەی دیار نییە.

ماوەی چەند مانگێكە بەهۆی بوونی گەریلاكانی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنەكانی لەو ناوچانە چڕ كردووەتەوە و بەو هۆیەشەوە تا ئێستا بە دەیان گوندی سەر سنوور لە دیوی هەرێمی كوردستان چۆڵ كراون.

H.B