ئێران داوای دۆلار لە عێراق دەكات

"عێراق ناتوانێ قەرزەكان بداتەوە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئێران داوا دەکات عێراق قەرزەکانی بە دۆلار بداتەوە، لە کاتێکدا عێراق خۆی لە قەیرانی دارایدایە و ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانیشی دابین بکات.

 بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە کۆبوونەوەی کازمی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، داوای قەرز و غاز و کارەبایان کردووە بە دۆلار پێیان بدرێتەوە، بە قسەی شارەزایانی نێودەوڵەتیش ئەگەر عێراق بچێتە ژێر باری داواکارییەکەی ئێران ئەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا تێکدەچێت.

شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانیش دەڵێت "پێناچێت مستەفا کازمی بە ئاسانی بچێتە ژێر داواکاری ئێرانەوە، لەبەر ئەوەی کازمی دەزانێت دەکەوێتە ناو دوو بەرداشی ئێران و ئەمەریکا و دواجار دەرچوون لێ ئەستەمە".

بەوتەی شارەزایانی ئابووری عێراق ناتوانێت قەرزی ئێران بداتەوە نە بە دینار و نە بەدۆلار، چونکە عێراق خۆی لە قەیرانی دارایی دایە و شەقامی عێراقیش ناڕازییە و بەردەوام دژی نەبوونی خزمەتگوزاری ناڕەزایی دەردەبڕێت.

ئێستا عێراق  لەنێوان دوو وڵات ماوەتەوە کە ھەریەکەیان ھەژموونی تەواویان بەسەر عێراقدا ھەیە، لە لایەک ئێران کە لە ماوەی 16 ساڵی رابردوودا لە عێراقدا ھەژمونی خۆی فراوان کردووە و بە سەدان میلیشیای چەکداری دروستکردووە، ھەرچی ئەمەریکاشە لە 2003وە عێراق بە ماڵی خۆی دەزانێت و نایەوێت بە ئاسانی رادەستی ئێرانی بکات.