خاوەن پشكەكانی چاڤی لاند: شاسوار بە پارەی ئێمە پڕۆژەی دیكەی ئەنجامداوە

خاوەن پشكەكانی چاڤی لاند داوای مافەكانیان دەكەنەوە
kurdistan24.net

K24 سلێمانی

بەھۆی پێنەدانی مافەکانیان و خواردنی پشکەکانیان، جارێکیتر خاوەن پشکەکانی پڕۆژەی چاڤی لاند گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا و داوای پشکەکانیان دەکەن، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن، شاسوار عەبدولواحید خاوەنی پڕۆژەکە بە پارەکەی ئەوان پڕۆژەی دیکەی جێبەجێکردووە.

نزیکەی 8 ساڵە بەشێک لە ھاووڵاتییان بە مەبەستی وەرگرتنی قازانج بە پێدانی بڕیک پارەو وەرگرتنی پشک بەشداری پڕۆژەی چاڤی لاندیان کرد، بەڵام ھەر لەسەرەتاوە خاوەنی پڕۆژەکە شاسوار عەبدولواحید، فێڵی لێکردن و بە پارەکەی ئەوان کە نزیکەی 10 ھەزار کەس دەبێت، چەندین پڕۆژەی بۆ سوودی خۆی دروستکرد، خاوەن پشکەکانیش چەند جارێکە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی رێکدەخەن و داوای مافەکانیان دەکەن، بەڵام وەڵامیان نادرێتەوە. ھاووڵاتییەك كە 61 ملیۆن دیناری لە پڕۆژەکەدا ھەیە رایدگەیەنێت، تائێستا ھیچ قازانجێکی وەرنەگرتووە.

خاوەن پشکەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، چاڤی لاند داھاتێکی زۆری ھەیە و تەنیا دەچێتە گیرفانی شاسوار و بڕوایان بەو قسانە نییە کە دەڵێن چاڤی لاند داھاتی نییە، بۆیە بە پێویستی دەزانن  داواکاری گشتی سلێمانی لەسەر ئەم بابەتە قسەی خۆی ھەبێت.

خاوەنی پڕۆژەکە لە ساڵی 2012 بە سەدان کەسی فریودا و  توانی پارەیەکی زۆری ھاووڵاتییان بەناوی پڕۆژەی گەشتیاری چاڤی لاندەوە بۆ خۆی کۆ بکاتەوە. بەو پارانە توانی حزبی سیاسی دروست بکات و وەک خاوەن پشکەکانیش دەڵێن، شاسوار عەبدولواحید بە پارەکەی ئەوان حزب چەندین دەزگای راگەیاندن بەڕێوەدەبات، بەڵام ئامادە نییە مافەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.