تەندروستی سلێمانی ھۆشداری دەدات

داوا لە ھاووڵاتییان دەكرێت لە جەژندا خۆیان لە سەردانیكردنی یەكتری بپارێزن
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

تەندروستی سلێمانی ھۆشداری بە ھاووڵاتییان دەدات، کە پێویستە رۆژانی جەژنی قوربان ھەمان سیناریۆی جەژنی رەمەزان دووبارە نەکەنەوە، چونکە ئەگەر ئەوە رووبدات ئەوا دەگەڕێنەوە خاڵی سفر، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانیش دەڵێت ئەگەر ھاووڵاتییان پابەندبن ئەوا لە مانگی داھاتوودا ھەواڵی دڵخۆشکەر دەبیستن.

رۆژانە ئامارەکانی تووشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، تەندروستی سلێمانیش مەبەستیەتی ئامارەکان وەکو ئێستا بھێڵنەوەو رۆژانی داھاتووش بەرەو کەمبوونەوەی زیاتر بچێت، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، دۆخی سلێمانی بەرەو جێگیر بون دەڕوات و لە مانگی ھەشتدا ھەواڵی دڵخۆشکەر بڵاودەکەنەوە، بەڵام پێویستە ھاووڵاتییان زیاتر پابەندی رێنمایەکان بن و تاکە لەمپەر لەبەردەمیشیان رۆژانی جەژنی قوربانە، ھاوکات باس لەو چارەسەرانەش دەکات کە ئێستا بۆ تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی بەکار دەھێنرێت.

بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی کەمبوونەوەی ئامارەکانی تووشبوون وادەکات حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان و ئەو کەسانەی کە دۆخیان ناجێگیرە کەمببێتەوە، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی دەڵێ "ئەگەر ھاووڵاتییان رۆژانی جەژن پابەندنەبن ئەوا دەگەڕێینەوە خاڵی سفر".

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 ئێستا لەنێو نەخۆشخانەکانی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی کەمتر لە 120 تووشبوو ماون و لەو ژمارەیەش زۆربەیان باری تەندروستیان جێگیرە.