كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكرد

ژمارەیەك وەزیر ئامادەی كۆبوونەوەكە دەبن

K24 – ھەولێر

كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك وەزیر دەستیپێكرد و گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێكی ھەنوكەیی ھەرێمی كوردستان دەكرێت.

ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 لە تەلاری پەرلەمان رایگەیاند: "كۆبوونەوەی پەرلەمان دەستیپێكرد و بڕیارە ھەر یەك لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، خالید شوانی، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستانەکانی ھەولێر وبەغدا و ڤاڵا فەرید، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و حکومەت و وەک سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانیش بەشداری دانیشتنەکە بکەن. هەروەها لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا، خوێندنه‌وه‌ بۆ راپۆرتی لیژنه‌ی ته‌ندروستی دەکرێت سه‌باره‌ت به‌په‌تای کۆرۆنا و وه‌زیری ناوخۆ و د. سامان بەرزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی ئامادەی دەبن".

پێش دەستپێكردنی كۆبوونەوەكە ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا رایگەیاند: "كۆبوونەوەی ژمارە 6ی ئاسایی پەرلەمان ئەنجامدەدرێت و سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبوونەوەكە دەكەن".

ئاماژەی بەوەشكرد: "سبەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بەردەوام دەبێت و بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی گفتوگۆ لەسەر دۆخی دارایی ھەرێمی كوردستان دەكرێت".

زکری زێباری، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی بە كوردستان24ی گوت: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان یەكێكە لە كۆبوونەوە گرنگەكان، وەك فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری لە كۆبوونەوەكەدا دەكەین".

راشیگەیاند: "ھەموو فراكسیۆنەكان لەسەر كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان گەیشتوونەتە رێككەوتن، ھەر بۆ ئەمەش ماوەی 24 كاتژمێر كۆبوونەوە دواخرا، چونكە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە پێویستی بە كۆدەنگیییە".

بەگوێرەی بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان كە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، بڵاویكردووەتەوە لە كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوەی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه یاساكانی (له‌ئه‌ستۆكردنی فه‌رمانبه‌ران له‌هه‌رێمی كوردستان، پێشنیازی یاسای به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی شوێنه‌وارو كه‌له‌پوور له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق، پێشنیازی یاسای رێكخستنی میدیای ئه‌لیكترۆنی له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق) دەكرێت. ھەروەھا پەرلەمان دەنگ لەسەر داواكاریی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سۆران عومەر، له ‌ئه‌ندامیه‌تیی په‌رله‌مان دەدات.

جگە لەوەش، خوێندنه‌وه‌ی راپۆرت و گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت بە چەند پرسێك دەكات، لەوانە (خوێندنه‌وه‌ی راپۆرتی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی لیژنه‌ی (كاروباری پێشمه‌رگه‌و ناوچه‌ كورستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم) سه‌باره‌ت به‌دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و هێرشه‌كانی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌كه، به‌ئا‌ماده‌بوونی (وه‌زیری ناوخۆ)و (وه‌زیری كاروباری پێشمه‌رگه‌)و (وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری دانووستاندن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا)و ده‌سته‌ی گشتیی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان-عێراق. ھەروەھا خوێندنه‌وه‌ی راپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌ی (كاروباری پێشمه‌رگه‌)و (ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێیه‌كان)و (په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندی كوردستانی) سه‌باره‌ت به‌دۆخی ناوچه‌ سنوورییه‌كان.

ھەروەھا خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی یاسای (ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش له‌هه‌رێمی كوردستان) دەكات و لە كۆتاییشدا، خوێندنه‌وه‌ی ڕاپۆرتی لێژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری سه‌باره‌ت به‌ (دۆخی دارایی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان) به‌ئاماده‌بوونی وه‌زیرانی دارایی و ئابووری وه‌زیری پلاندان و وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری دانووستاندن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداو سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان-عێراق.