كوردستان24 دۆخی تووشبووان لە نەخۆشخانەی رزگاری دەخاتەڕوو
K24 – ھەولێر
بۆ خستنەڕوو زانیاری لەبارەی تەندروستی تووشبووانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی رزگاری و ئەو دەنگۆیانەی لە چەند میدیایەك بڵاوكراونەتەوە. تیمی كوردستان24 دەچێتە ناو نەخۆشخانەكە و چەند تووشبووێك رەتیدەكەنەوە ئۆكسجین لە نەخۆشخانەكە نەبووبێت.
سەعدی عەلی، یەكێكە لە تووشبووانی كۆرۆنا لە ھەمانكاتدا سەرپەرشتیاری پەرستارانی نەخۆشخانەی رزگارییە، ئەو بەھۆی بەركەوتنی لەگەڵ نەخۆشەكان تووشی كۆرۆنا بووە، بە كوردستان24ی گوت: "منیش وەك نەخۆشەكانی دیكە لەژێر ئۆكسجین دام، ئەگەر ئۆكسجین نەبایە منیش دەمردم، ئەو دەنگۆیانە راست نین و ھیچ كەسێك بەھۆی نەبوونی ئۆكسجین گیانی لەدەست نەداوە".
ئاراس ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 لەناو نەخۆشخانەكە ئاماژەی بەوەدا، لە سێ نھۆمی نەخۆشخانەكە تووشبووان خەوێندراون و پزیشك و كارمەندانی ئەو نەخۆشخانەكە بەردەوام چاودێریان دەكەن.
ئەمڕۆ 30/7/2020، د. لاوەند سەردار بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری بۆ كوردستان24 ئاشكرای كرد، ئێستا زیاتر لە 200 تووشبووی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكەیان لەژێر ئۆكسجین دان و 9 كەسیشیان لەژێر چاودێری چڕدان.