تۆ ئه‌وه‌یت، که بیری لێده‌که‌یته‌وه
مێژووی ره‌گی رق و کینه له‌ناو کورددا، به قه‌د مێژووی خه‌باتی کورد خۆی درێژه. مێژوویه‌ک نادۆزیته‌وه له کورددا، که خاڵیی بووبێت له رق و کینه دژ به کورد خۆی. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که بۆچیی؟ وه‌ڵامێکی خێرا، بریتییه له ژێرده‌سته‌یی. ئه‌م ژێرده‌سته‌ییه تووشی نادڵنیایی نه‌ته‌وه‌ییمان ده‌کات، که ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییمان ده‌خاته ناو مه‌ترسییه‌کی گه‌وره و پڕ قه‌یرانه‌وه.
وه‌ک وتم، ئه‌م ڕق و کینه‌یه مێژوویه‌کی درێژیی هه‌یه، لێ با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌رده‌می به‌عس، بۆ ئه‌و گه‌نجه به‌ڕێزانه‌شی، که ژیانی به‌عس نه‌ژیاون، با بیهێننه به‌رچاوی خۆیان، که رژێمێکی فاشیستی به‌عسیی، که ده‌توانین به نازییه‌تی عه‌ره‌بیی پێناسه‌ی بکه‌ین، له‌گه‌ڵ کورد له باشووردا به‌شێوه‌یه‌ک مامه‌ڵه ده‌کات، مه‌گه‌ر نازییه‌کانی ئه‌ڵمانیا به‌وشێوه‌یه مامه‌ڵه‌ی یه‌هووده‌کانیان کردبێت. ئه‌م مامه‌ڵه‌یه کورد نه‌ک تووشی نادڵنیایی نه‌ته‌وه‌یی ده‌کات، به‌ڵکوو تووشی نادڵنیایی بژێوییشی ده‌کات، به‌شێوه‌یه‌ک، که به‌شێکی گه‌وره‌ی کورد که‌م خۆراک ده‌کات. به‌هۆی ئه‌م که‌مخۆراکییه‌وه، به‌شێکی گه‌وره‌ی کورد تووشی نادڵنیایی ته‌ندروستیی ده‌بن، به‌شێوه‌یه‌ک که هاووڵاتییانێکی زۆر نه‌خۆش ده‌که‌ون. به‌شێکی گه‌وره نه‌خۆشییه‌کانیان کرۆنییه، واتا درێژخایانه. به‌هۆی که‌میی مینه‌ڕاڵی پێویست، که‌میی ڤیتامین، که‌می پرۆتین له جه‌سته‌دا، سیستێمی به‌رگریی هاووڵاتییان لاواز ده‌بێت. به‌لاوازبوونی سیستێمی به‌رگریی هاووڵاتییان، نه‌خۆشکه‌وتن ده‌بێته رووداوێکی به‌رده‌وامیی ژیانی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتییان.
له په‌تایه‌کی ساده و ساکار و پنۆیمۆنیی (ته‌شه‌نای سییه‌کان)ـه‌وه بیگره هه‌تاوه‌کوو کانسه‌ر. به‌مشێوه‌یه، به‌شێک له هاووڵاتییانی کورد سه‌رقاڵن به خراپیی ته‌ندروستییانه‌وه. هاووڵاتییان خاوه‌نی ژێرخانێکی لاوازی بژێویی ژیانیانن، به‌شێکی گه‌وره، ئه‌وه‌ی ڕۆژانه په‌یدای نه‌که‌ن، هیچی تریان نییه بۆ ژیان. واتا هیچ دڵنیاییه‌کی ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تییان نییه. له ڕێگای ئه‌م سیستێمه فاشییه‌وه هه‌ژارییه‌کی گه‌وره بڵاوده‌بێته‌وه، ئه‌م هه‌ژارییه تووڕه‌یی و ڕقێکی گه‌وره له‌ناو هاووڵاتییاندا دروست ده‌کات. له‌ناو ئه‌م تووڕه‌ییه‌دا هاووڵاتییان هێنده‌ی بیر له نان ده‌که‌نه‌وه بیر له ئازادیی ناکه‌نه‌وه. له‌ناو ئه‌م تووڕه‌ییه‌دا هاووڵاتییان ڕقیان نه‌ک له ڕژێمه بگره له خۆشیان، چونکه خۆیان لاواز ده‌بینن به‌رانبه‌ر به ڕژێم. ڕژێم دایک و باوک ده‌شکێنێت، له ماڵیشه‌وه دایک و باوک منداڵ، به‌مشێوه‌یه منداڵ وه‌ک نه‌وه‌یه‌کی شکاو له‌دایک ده‌بێت. به‌مشێوه‌یه به‌شێکی گه‌وره‌ی ئێمه، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ژێر ده‌ستی ڕژێمی ئێراقدا له‌دایکبووین، نه‌وه‌یه‌کی شکاوین هه‌تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991. له‌وه به‌دواوه، نه‌وه‌یه‌کی دی په‌یدا ده‌بێت و له‌دایک ده‌بێت، که به‌رهه‌می خۆمانه. ئه‌م نه‌وه‌یه خاوه‌نی به‌شێکی گه‌وره‌ی دونیابینیی ئێمه‌یه، که جیاوازییه‌کی وه‌هایان له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا نییه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه بۆچیی؟ وه‌ڵام، به‌ده‌ر له هۆکاره سیاسییه‌کان، له‌پێش هه‌موو شتێکه‌وه، هۆکارێکی گنێتیک هه‌یه. ئه‌م هۆکاره گنێتییه ده‌روونییه و به ئێپی گنێتیک ناوده‌برێت (Epignetik.Epignetics). به‌مشێوه‌یه ئازاره ڕۆحیی و کێشه ده‌روونییه‌کان ده‌توانێت سێ نه‌وه بگوێزرێته‌وه بۆ ئاینده. واتا وێڕای ئه‌وه‌ی تاک، که‌سێکی ته‌ندروسته، که‌چی هه‌مان خه‌مه‌کانی سێ نه‌وه پێش خۆی ده‌ژیی، هه‌مان تووڕه‌یی، ڕق و کینه و هه‌تا کێشه ده‌روونییه‌کان.
ژیان له‌ناو ئه‌م رژێمه دیکتاتۆرییه‌دا نائومێدییه‌کی وه‌های خسته‌وه، که گومان ببێت به به‌شێکی گه‌وره‌ی ژیانمان. گومان ده‌بێت به به‌شێکی گه‌وره له ژیانمان، چونکه دوژمنه داگیرکاره‌کانمان هه‌رچی نرخ هه‌بێت بۆمان دانانێن. ئه‌م به چاوی که‌م ته‌ماشاکردنه، گومانمان بۆ دروستده‌کات، گومان له خوده‌وه هه‌تاوه‌کوو هه‌موو شتێکی تر. گومان له مرۆڤبوونی کورد، گومان له گه‌یشتن به رۆژێک، که کۆتایی به‌م هه‌موو کوشتن، سووکایه‌تیی و چه‌وساندنه‌وه و برسێتیکردنه بێت. رق له دوژمن هه‌تا ئاستی حه‌زکردن به کوشتنیان، هه‌مانکاتیش رق له خۆبوون و زیانگه‌یاندن به خود. ئه‌م رقه میکانیزمێکی به‌رگرییکردنه له خود. میکانیزمی به‌رگرییکردن له خود له له‌دایکبوونمانه‌وه له‌گه‌ڵماندایه هه‌تا مردن. ئه‌وه‌ی له ژیانی رۆژانه‌ماندا ده‌یکه‌ین، هیچ نییه بێجگه له پراکتیزه‌کردنی میکانیزمیه‌تی به‌رگرییکردن له خود.
ساده‌تریین نموونه دایکێک یان باوکێک، که له سنووربه‌ده‌ر هه‌موو شت ده‌کات بۆ منداڵه‌کانی. هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌کات بۆیان، که ئه‌م له منداڵیی خۆیدا بۆی نه‌کراوه. ئه‌م پرۆسه‌یه میکانیزمیه‌تێکی به‌رگرییکردنه له خود، چونکه دایک یان باوک له ژیانی منداڵیی خۆیدا هه‌ستی به به‌ته‌نها به‌جێهێڵراویی کردووه، دایک و باوکی خۆی، خۆشه‌ویستیی پێویستیان پێنه‌داوه، که‌مته‌رخه‌مبوون له به‌ده‌ستهێنانی پێداویستییه‌کانیدا ...هتد. میکانیزمیه‌تی به‌رگرییکردن له خود، پابه‌نده به جۆری که‌راکته‌ری تاکه‌وه. یاخود که‌سێکی هه‌ژار، به‌رده‌وام ده‌بێت به جوانتریین و گرانتریین جلوبه‌رگه‌وه بچێته ده‌ره‌وه، ئه‌گه‌ر برسیشی بێت، ئه‌وا هیچ بۆ ئه‌و گرنگ نییه، به‌ڵام گرنگه پێڵاوی جوان و جلوبه‌رگی جوانی له‌به‌ردا بێت. هه‌ندێکجار ئه‌م هه‌ژارانه باوکن، ئه‌م باوکانه ئاماده‌ن پاره‌ی خواردنی هه‌فته‌یه‌کی خێزانه‌که‌یان بده‌ن به کراسێک، جووتێ پێڵاو، یان دانیشتنێکی ئێوارانی باڕێک له‌گه‌ڵ هاوڕێکانیاندا.
رقبوون له خود هه‌مانشێوه جۆرێکه له میکانیزمی به‌رگرییکردن له خود. تاک خاوه‌نی هه‌ستێکی ناخۆش و تێکشکێنه‌ره، ئه‌م هه‌سته ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی چه‌ندیین هه‌ستی تر و بیرکردنه‌وه له خۆکووشتن، چونکه تاک هیچ ڕێگاچاره‌یه‌کی تر نادۆزێته‌وه و پێیوایه که شیاوی ئه‌وه نییه بژیی. تووڕه‌ییه‌کی به‌رده‌وامیی و هه‌ڵچوونێکی هه‌سته‌کییانه‌ی سانا له هه‌موو کاتێکدا. تاک له ڕاستیی ڕاسته‌قینه‌دا ڕقی له خۆی نییه، به‌ڵکوو ڕقی له به‌رانبه‌ره، ڕقی له هه‌لومه‌رجه‌کانی ژیانیه‌تی. به گشتیی له جیهاندا هه‌موو مرۆڤێک جارێک له ژیانیدا تووشی ئه‌م هه‌سته ده‌بێت، گه‌نجان به‌تایبه‌ت، به‌ڵام کاتێک ئه‌م هه‌سته به به‌رده‌وامیی له تاکدا بوونی ده‌بێت، ئه‌وا ده‌بێته دۆخێکی پاتۆلۆگیی (پاتۆلۆگیی چه‌مکێکی یۆنانی کۆنه و به واتای نه‌خۆشیی. چه‌مکه‌که له پاتۆسه‌وه هاتووه، به واتای ئازار یاخوود نه‌خۆشیی.). پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، چه‌ند له ئێمه خاوه‌نی ئه‌م هه‌سته‌یه؟ وه‌ڵام، زۆر زیاتر له‌وه‌ی، که ئێمه بیری لێده‌که‌ینه‌وه. به‌ڵگه‌یه‌کی ڕه‌وانی ئه‌م ڕاستییه چاوپیاخشانێکه به میدیا و سۆسیال میدیای کوردییدا.
له میدیای کوردیی و سۆسیال میدیادا چیی ده‌بینین؟ وه‌ڵام.
1- ئیدێنتیتێتێکی به‌رهه‌مهێنراو.
2- وه‌رگرتن و کردن به به‌شێک له خود. واتا تاک ته‌ماشای ڕیالیتێتی ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌کات، له ڕێگای فێربوونه‌وه ده‌یکات به هی خۆی. بۆ نموونه مۆتیڤ بۆ کردنی شتێک، دابونه‌ریت و نرخێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی یان سیاسیی ...هتد.
3- به تیۆرییکردنی ژیان.
ئه‌م دۆخه وه‌ها له تاک ده‌کات، که نه‌بینێت به‌ده‌ست چییه‌وه ده‌ناڵێنێت، بۆ نموونه نه‌بینێت، که خاوه‌نی تێکچوونێکی که‌ڕاکته‌ره، نه‌بینێت، که ئازار ده‌چێژێت. تاک قسه خۆشه، نوکته‌ربازه، کورد وته‌نیی به هه‌موو که‌س ڕاده‌بوێرێت ...هتد. لێره‌دا تاک هیچ ناکات، بێجگه له پراکتیزه‌کردنی میکانیزمێکی به‌رگرییکردن له خود. هه‌ندێک تاک به کچ و کوڕه‌وه، گۆره‌ویی و جلی له هه‌موو شوێنێک فڕێده‌دات. پێشتر ده‌گووترا، پیاوان ئاوهان، به‌ڵام له ئێستادا جیاوازیی نێوان پیاو و ژن نه‌ماوه، ئه‌وه‌ی ده‌گووترێت، بریتییه له ژیان ئاوهایه. تاک تووڕه‌یه بۆ نموونه له هاوڕێیه‌کی، له کرێکارێکی سه‌ر کار ...هتد. له ئه‌نجامدا ده‌ڵێ، دیاره شه‌وێکی ناخۆشی له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌یدا هه‌بووه، شه‌وێکی ناخۆشی له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌یدا هه‌بووه. تاکی کورد تووڕه‌یه له که‌سێک، سیاسییه‌ک، نووسه‌رێک ...هتد. له ئه‌نجامدا ناڵێ، ڕۆژێکی ناخۆشی له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌یدا هه‌بووه، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی ناشیریین بێت به‌ده‌میدا دێت.
1- پاتۆلۆگیزیرن.
به تیۆرییکردنی ژیان و پاتۆلۆگیزیرن وه‌ک دوو دیووی یه‌ک دراو وه‌هان. تاک ده‌ناڵێت به‌ده‌ست ده‌ردێکه‌وه، که‌چی هه‌میشه خاوه‌نی تیۆرییه‌که بۆ باروودۆخه‌که‌ی خۆی. تاک خاوه‌نی مۆدێلێکی بیرکردنه‌وه‌یه نه‌ک به ته‌نها له‌سه‌ر خۆی، به‌ڵکوو له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیی و جیهان. بۆ نموونه تاک خه‌مبار و تووڕه‌یه، ئه‌گه‌ر تۆ پێیبڵێیت، که ئه‌و خه‌مبار و تووڕه دیاره، ئه‌وا له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ، خه‌تای کۆمه‌ڵگاکه‌مانه.
2- گه‌یاندن یاخوود پرۆجێکشن.
تاک له ڕێگای گه‌یاندنه‌وه یاخوود پرۆجێکشنه‌وه هه‌وڵده‌دات، کێشه‌کانی که‌مبکاته‌وه. کێشه‌گه‌لێک، که تاک له‌گه‌ڵ خودی خۆیدا هه‌یه‌تی. تاک له خۆی تووڕه‌یه، که‌چی شه‌ڕ به به‌رانبه‌ر ده‌فرۆشێت. بۆ نموونه تاک ده‌ڵێ، هه‌ر له خۆیه‌وه ته‌ماشام ده‌کات، مۆڕه‌م لێده‌کات. پێده‌که‌نێت، ده‌زانم به من پێده‌که‌نێت ...هتد.
3- راسیۆناڵیزیرن (به ئه‌قڵانیکردن)
تاک خاوه‌نی پولزێکه، که ده‌یهێنێته پێشچاوی خۆی و خه‌ڵکانی تریش، که مامه‌ڵه‌کانی ئه‌قڵانییه، له‌کاتێکدا ئه‌م دوای پولزێکی کوێر ده‌که‌وێت، لێ به‌مشێوه‌یه هه‌ستی نرخی خۆی تێرده‌کات یاخوود له باڵانسێکدا ڕایده‌گرێت. بۆ نموونه ژنێک هه‌ر هه‌نگێک، جاڵجاڵۆکه‌یه‌ک بێته به‌ر ڕێی ده‌یکووژێت، چونکه ده‌ترسێت لێیان، به‌ڵام ترسه‌که‌ی ده‌شارێته‌وه و ده‌ڵێ، ژه‌هراویین، ده‌توانن پێمانه‌وه بده‌ن.
ئه‌م شه‌ش خاڵه نموونه‌یه‌کی بچکۆلانه‌ی میکانیزمی به‌رگرییکردنن له خود، لێره‌وه ده‌ستده‌که‌ین به‌وه‌ی له‌وه تێبگه‌ین، که بۆچیی به‌شێکی گه‌وره‌ی هاووڵاتییانی کورد به‌وشێوه‌یه‌ن، که هه‌ن. به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی، که تاک و کۆ له چ دۆخێکی سیاسیی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و ده‌روونییدا ده‌ژیین، میکانیزمی به‌رگرییکردن له خۆیان، به‌شێکی گه‌وره‌ی ژیانی خۆیانه. هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌ک، که تاک وه‌ک میکانیزمی به‌رگرییکردن له خود پراکتیزه‌ی ده‌کات، ده‌بێت به خوویه‌کی سه‌قامگیر، بۆ نموونه تاک به به‌رده‌وامیی جنێو ده‌دات، که‌سی به‌رانبه‌ر هه‌رچییه‌ک ده‌ڵێ، ئه‌م له وه‌ڵامدا بۆ نموونه پێیده‌ڵێ، ده‌مت دابخه، تۆ درۆ ده‌که‌ی، تۆ کۆیله‌یت، تۆ وایت و وایت ...هتد. ئه‌م دۆخه زۆرلێکردنێکی نۆیرۆتیکییه، به‌شێوه‌یه‌ک که تاک ده‌کاته خاوه‌نی زۆرلێکردنێکی بیرکردنه‌وه و مامه‌ڵه. واتا بیرکردنه‌وه و مامه‌ڵه‌کانی تاک بیرکردنه‌وه و مامه‌ڵه‌یه‌کی زۆرلێکراون له مێشک‌دا. واتا تاک ناتوانێت هیچی تر بکات، وه‌ک له‌وه‌ی که ده‌یکات و ده‌یڵێت. ئه‌م دۆخه هه‌تا ئاستی نه‌خۆشیی (OCD) ده‌ڕوات، ئۆ سیی دی کورتکراوه‌ی (Obsessive Compulsive Disorder) یه. کورت و پووخت به واتای شێواندنێکی زۆرلێکراو. سه‌باره‌ت به‌م دۆخه، پسپۆران تاقیکردنه‌وه له‌سه‌ر ماسیی ده‌که‌ن. له حه‌وزێکی ماسییدا دیوارێکی شووشه له‌به‌رده‌م هاتووچۆی ماسییه‌کاندا داده‌نرێت، که نه‌په‌ڕنه‌وه بۆ به‌ری ئه‌وبه‌ری حه‌وزه‌که. به‌مشێوه‌یه، ماوه‌یه‌کی زۆر ماسییه‌کان کاتێک ده‌یانه‌وێت بپه‌ڕنه‌وه بۆ ئه‌وبه‌ر خۆیان ده‌کێشن به ته‌نێکی ڕه‌قدا، که شووشه‌که‌یه. لێره‌دا ڕاده‌وه‌ستێنرێن، که ئیتر ناتوانن بپه‌ڕنه‌وه. پاش ماوه‌یه‌ک شووشه‌که ده‌گۆڕن، که به‌شی خواره‌وه‌ی حه‌وزه‌که کراوه بێت هه‌تا ماسییه‌کان پێیدا بێن و بچن. ئه‌مجاره ماسییه‌کان که دێن، دیسان خۆیان ده‌کێشن به شووشه‌که‌دا، لێ کاتێک مه‌له ده‌که‌نه خواره‌وه، هیچ به‌ربه‌ستێک نایه‌ته ڕێگایان، ماسییه‌کان ده‌په‌ڕنه‌وه ئه‌وبه‌ر. ئه‌م پرۆسێسه چه‌ند ڕۆژێک دووباره ده‌بێته‌وه، پاشان ته‌واوی شووشه‌که لاده‌به‌ن. له ئاینده‌دا ماسییه‌کان کاتێک ده‌گه‌نه ئه‌و سنوره‌ی، که پێویسته بپه‌ڕنه‌وه ئه‌و به‌ری حه‌وزه‌که، ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ دێنه خواره‌وه و له خواره‌وه ده‌په‌ڕنه‌وه ئه‌وبه‌ر، له‌کاتێکدا هیچ به‌ربه‌ستێک له‌به‌رده‌میاندا نییه.
ئه‌م ئێکسپه‌ریمێنته، ئه‌م تاقیکردنه‌وه‌یه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت، که تاک له باروودۆخێکدا ده‌بێته خاوه‌نی نۆیرۆنێک بۆ مامه‌ڵه‌یه‌ک، که له ئاینده‌دا به داتای ئه‌و نۆیرۆنه بیرده‌کاته‌وه و مامه‌ڵه ده‌کات، له‌کاتێکدا ده‌توانێت به‌شێوه‌یه‌کی تریش بیربکاته‌وه و مامه‌ڵه‌ش بکات. بۆ نموونه تاکێک له‌بری ئه‌وه‌ی بیر له خۆکووشتن و پراکتیزه‌کردنی خۆکووشتن بکاته‌وه، ئه‌وا بیر له ژیانی خۆش و هه‌وڵدان بۆ پراکتیزه‌کردنی ژیانێکی خۆش بکاته‌وه. له‌بری ئه‌وه‌ی جنێو بدات و هێرش بکاته سه‌ر به‌رانبه‌ر، ئه‌وا ڕێز پیشان بدات و هه‌وڵی گفتووگۆکردن بدات.
له دۆخێکی تردا تاک ئه‌سۆسیره‌ی هه‌ستێک و مامه‌ڵه‌یه‌ک ده‌کات، که پێشتر تێیدا ژیاوه، وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م باردوودۆخه‌ی ئێستا که تێیدا ده‌ژیی هیچ په‌یوه‌ندیی به باروودۆخه کۆنه‌که‌وه نییه، که‌چی تاک وه‌ک ئه‌وه وه‌هایه، که ئێستا و ئالێره‌دا له هه‌مان هه‌ست و مامه‌ڵه کۆنه‌که‌یدا بژیی. ئه‌سۆسیاسیۆن یاخوود ئه‌سۆسسیه‌یشن چه‌مکێکی لاتاینه له ئه‌سۆسیاره‌وه هاتووه، به واتای په‌یوه‌ندیی، به‌ستنه‌وه. له ده‌روونناسییدا ئاگایی و نائاگایی پێکه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه به هێنانه پێشچاو خۆت. بۆ نموونه تۆ ئه‌گه‌ر نه‌وه‌ی سه‌رده‌می به‌عس بیت، له بازاڕدا یان له هه‌ر شوێنێکی تردا، پۆلیسێک زلله‌یه‌کت لێبدات، ئه‌وا نائاگاییت په‌یوه‌ندییه‌ک له‌گه‌ڵ ئاگاییتدا دروست ده‌کات، ئێستا و ئالێره‌دا ئه‌و زلله‌یه‌ی، که ئه‌و پۆلیسه لێت ده‌دات، وه‌ک ئه‌وه وه‌هایه، که پۆلیسێکی سه‌رده‌می به‌عس لێت بدات. له‌کاتێکدا تۆ ئێستا له سه‌رده‌مێکی تردا ده‌ژییت، که به‌عس بوونی نه‌ماوه. به‌ڵام ڕه‌فتاره تووندڕه‌وییه‌که هه‌مان ڕه‌فتاره، وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م پۆلیسه به‌عسیی نییه، به‌ڵکوو ڕه‌فتاره‌کانی به‌عسییانه‌یه. به‌ڵام تاک ناتوانێت جیای بکاته‌وه له‌گه‌ڵ پۆلیسێکی به‌عسییدا.
بۆچیی پۆلیسێکی وه‌ها خاوه‌نی ڕه‌فتارێکی به‌عسییانه‌یه؟ وه‌ڵام، ئه‌گه‌ر پۆلیسه‌که له‌سه‌رده‌می به‌عسدا ژیابێت، ئه‌وا له ڕێگای بینینی ڕه‌فتاری به‌عسییه‌کانه‌وه فێربووه، که به‌وشێوه‌یه مامه‌ڵه بکات، پۆلیسه‌که‌ش دیسان له ڕێگای ئه‌سۆسیاسیۆنه‌وه په‌یوه‌ندییه‌ک له‌نێوانی نائاگایی و ئاگاییدا دروستده‌کات و به‌شێوه‌یه مامه‌ڵه ده‌کات، که پۆلیسێکی به‌عسیی ده‌یکات. لێره‌دا سنوری نێوان ئاگایی و ناگایی هه‌ڵده‌گیرێت. له‌م دۆخه‌شدا چ پۆلیسه‌که و چ هاووڵاتییه‌که‌ش دوو قوربانیی ده‌ستی ڕژێمێکی فاشیین. ئه‌زموونی دوای ڕاپه‌ڕیین به کۆمه‌ڵێک کاره‌ساتی وه‌هایدا بردین. تاکی ئاقڵ و ته‌ندروست ئه‌و تاکه‌یه، که به‌ئاگا ده‌بێت له‌م فێنۆمێنه و به‌شێوه‌یه‌کی تر مامه‌ڵه ده‌کات. ئینجا ئه‌گه‌ر سیاسییه، نووسه‌ره، مامۆستایه، کرێکاره، پۆلیسه، پێشمه‌رگه‌یه ....هتد.
کاره‌ساته‌کانی دوای ڕاپه‌ڕیین له‌سه‌ر ده‌ستی خه‌ڵکانێک به‌رهه‌مهێنران، که ژیانیان له سه‌رده‌می به‌عسدا به‌ڕێکردووه، به‌شێکیان خه‌ڵکانی پێگه‌یشتوو بوون و به‌شێکیشیان منداڵ، گه‌نج، به‌ڵام هه‌رچیی تووندوتیژیی به‌عسه بینوویانه. دیمه‌نێکی ئه‌منه سووره‌که‌ی سلێمانییم هه‌رگیز بیرناچێته‌وه، من ئه‌و ده‌م ته‌مه‌نم بیست و یه‌ک ساڵ بوو. چه‌ند گه‌نجێک به چه‌قۆ، ئه‌و دیله ئه‌من و به‌عسییانه‌یان ده‌کووشت، که له ئه‌منه‌که‌دا له‌کاتی ته‌قه و شه‌ڕدا ده‌گیران و ده‌رده‌هێنرانه ده‌ره‌وه. ئه‌وه‌ی من دیم تووشی شۆکێکی گه‌وره‌ی کردم. که به‌وشێوه‌یه به قه‌مه و چه‌قۆی گه‌وره ئه‌و هه‌موو دیله بکووژیت، به‌شێوه‌یه‌ک، که گردێکی بچکۆلانه له لاشه‌ی ئه‌منه‌کان دروستکرابوو. لێره‌دا سنوری نێوان قوربانیی و تاوانکار هه‌ڵگیرابوو. جیاوازیی نێوان جه‌للادێکی به‌عس و گه‌نجێکی کورد نه‌مابوو. دیسانه‌وه له ڕێگای ئه‌سۆسیاسیۆنه‌وه په‌یوه‌ندییه‌ک له‌نێوان نائاگایی و ئاگایی ئه‌و گه‌نجانه‌دا دروست ده‌بێت، که ئه‌وه‌ی پێشتر له به‌عس فێربووبوون، ئێستا خۆیان وه‌ک به‌عسییه‌ک له به‌عسییه‌کاندا پراکتیزه‌ی ده‌که‌ن.
کاره‌ساته‌کانی دوای ڕاپه‌ڕیین ده‌رئه‌نجامی باروودۆخێکی ئاڵۆز و سه‌ختی ده‌روونیی تاک و کۆ بوو. وێڕای ئه‌وه‌ی، که به‌عس دوور بوو لێمانه‌وه، که‌چیی ڕه‌فتاره‌کانمان به‌عسییانه بوو. وێڕای ئه‌وه‌ی، که کورد له باشووردا پێی نایه قۆناغێکی تری چ خه‌بات و چ ژیانه‌وه، به‌ڵام ئه‌سۆسیاسیۆن به به‌رده‌وامیی له‌گه‌ڵماندا ده‌ژیا. له ماڵه‌وه، له‌ناو خێزاندا، له ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ده‌رودراوسێدا، له بازاڕدا له‌گه‌ڵ پۆلیس و کارمه‌نده‌کانی ئاسایش و ....هتد.دا. له ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی و ڕه‌خنه‌دا. لێره‌دا ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی و ڕه‌خنه، دیسانه‌وه به پرۆسێسێکی ده‌روونیی ئاڵۆز و سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێت، چونکه تاکی ناڕازیی و تاکی ڕه‌خنه‌گر دیسان له ڕێگای ئه‌سۆسیاسیۆنه له پۆلیسێکدا، له کارمه‌ندێکی ئاسایش‌دا، له پێشمه‌رگه‌یه‌کدا، له سیاسییه‌کدا ....هتد. به‌عسییه‌ک ده‌بینێت، که نه‌ک شیاوی ئه‌وه‌یه ڕه‌خنه‌ی لێبگریت، به‌ڵکوو شیاوی ئه‌وه‌شه، که سه‌ری پان بکه‌یته‌وه. کاره‌ساته‌کان لێره‌وه ده‌ستپێده‌که‌ن.
له‌دوای ڕاپه‌ڕیینیشه‌وه کورد خۆی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وه‌کانیه‌تی، به‌ڵام نه‌وه نوێکانیشی هاوشێوه‌ی نه‌وه کۆنه‌کانیه‌تی، له بیرکردنه‌وه و مامه‌ڵه کردندا. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که بۆچیی؟ وه‌ڵام، چونکه به‌شێک له نه‌وه کۆنه‌کان خاوه‌نی ڕه‌فتارگه‌لێکی به‌عسییانه بوون. ئه‌م نه‌وه‌یه دیسان له ڕێگای ته‌ماشاکردن و خوێندنه‌وه‌وه فێری کۆمه‌ڵێک ڕه‌فتار ده‌بێت، که زیانێکی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی ده‌خاته‌وه. حکومه‌تی هه‌رێم هیچ چارێکی تری نییه، بێجگه له‌وه‌ی، که په‌روه‌رده‌یه‌کی پێداگۆگییانه و ده‌روونناسییانه بکاته کۆڵه‌که‌ی گه‌شه‌ی ده‌روونیی تاک له باخچه‌ی ساوایانه‌وه هه‌تاوه‌کوو پۆلی دوانزده. خوێندنی ده‌روونناسیی، به‌تایبه‌ت ستراکتووری که‌ڕاکته‌ری تاک و گه‌شه‌ی ده‌روونیی تاک له پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تاییه‌وه بخوێنرێت هه‌تاوه‌کوو پۆلی دوانزده‌ی دواناوه‌ندیی.
له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه سنوری نێوان ڕه‌خنه و له‌ناوبردن هه‌ڵگیرا. له‌کاتێکدا ئێمه پێشتر خاوه‌نی کولتووری ڕه‌خنه نه‌بووین، چونکه به‌عس هی ئه‌وه نه‌بوو ڕه‌خنه‌ی لێبگریت، به‌ڵکوو هی ئه‌وه بوو، که له‌ناوی به‌ریت. به‌ڵام ئه‌م دیده، سانا له سه‌رده‌می به‌عسه‌وه گوێزرایه‌وه بۆ سه‌رده‌می ئازادیی. ئه‌م له‌ناوبردنه بوو به به‌شێک له سروشتمان، که ڕۆژانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ین. مامه‌ڵه‌کانمان به‌شێکن له سروشتمان به‌شێکن له خودمان. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، بۆچیی وه‌هایه؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره سه‌ره‌تا پێویسته بزانین، که خود چییه؟
خود: خود به‌رهه‌می گه‌شه‌یه‌کی ده‌روونیی تاکه. ئه‌م گه‌شه ده‌روونییه، له یه‌که‌م چرکه‌ساتی جووتبوونی هه‌ردوو تووخمی ژن و پیاو له سکی دایکدا ده‌ستپێده‌کات و درێژه‌ی هه‌یه هه‌تا مردنی تاک. ئه‌م گه‌شه‌یه ئۆرگانیزمیانه چ له مرۆڤدا و چ له ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ره‌کاندا بوونی هه‌یه. ئه‌م گه‌شه‌یه له گرووپی ئۆرگانیزمه‌کاندا بوونی هه‌یه، وه‌ک له خێزان و له گه‌لاندا. ئه‌م گه‌شه‌یه له کو‌لتووردا بوونی هه‌یه، وه‌ک له زانست و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و ...هتد.دا. گۆڕانی چ مرۆڤ و چ ئاژه‌ڵ پابه‌نده به گۆڕینی مامه‌ڵه‌کانیانه‌وه، پابه‌نده به که‌ڕاکته‌ریانه‌وه. گۆڕان پرۆسه‌یه‌کی گشتگیر و پڕ ڤاریانته، بۆ نموونه مرۆڤ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت، سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت، ده‌سته‌ڵاتدار ده‌بێت. به‌ڵام پێچه‌وانه‌که‌شی هه‌ر ڕاسته، مرۆڤ گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، هه‌ژار ده‌بێت، ژێرده‌ست ده‌بێت و نه‌خۆش ده‌که‌وێت ...هتد. که‌واته گه‌شه‌ی ده‌روونیی پابه‌نده به فێرنبوونه‌وه، به‌مشێوه گه‌شه‌ی ده‌روونیی پانتاییه‌کی تری وه‌ک پێناس هه‌یه، که ئه‌ویش فێربوونه.
مێژووی گه‌شه‌ی ده‌روونیی مرۆڤ، مێژوویه‌کی کۆنی هه‌یه، له سه‌رده‌می یۆنانی کۆنه‌وه، پلاتۆن و ئه‌ریستۆتێلێس به فه‌لسه‌فه قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م گه‌شه‌یه کردووه. ئه‌وان پێیانوایه، که بیرلێکردنه‌وه و سه‌رنجدان به‌شێکه له فازه‌ی تێپه‌ڕبوونی ژیانی مرۆڤ. له کۆتایی سه‌ده‌ی حه‌ڤده و سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا ژان ژاک ڕۆسۆ به ڕۆمان قسه له‌سه‌ر په‌روه‌رده و گه‌شه‌ی مرۆڤ ده‌کات، بۆ نموونه له ڕۆمانی ئێمیله‌دا (Emile). چه‌نده‌ها فیلۆسۆف قسه‌یان له‌سه‌ر گۆڕان و گه‌شه‌ی مرۆڤ کردووه، دیارتریینیان فیلۆسۆفی ئه‌ڵمان دیتریش تیده‌مانسه، که له نیوه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا بۆ یه‌که‌میینجا به‌شێوه‌یه‌کی جیاوازتر وه‌ک له فیلۆسۆفانی پێشوو کتێبێک له‌سه‌ر گه‌شه‌ی ده‌روونیی پێشینه‌ی منداڵ بڵاوده‌کاته‌وه. به‌ڵام به ده‌رکه‌وتنی زیگمووند فرۆید، کۆتایی به‌و هه‌موو پێوابوونانه هێنرا، که پێشتر له‌سه‌ر گه‌شه قسه‌یان کردووه. وێڕای ئه‌وه‌ی فرۆید به‌ربه‌ستێکی گه‌وره‌ی خه‌ڵکانی ئه‌کادێمیی و پرۆفێسۆره‌کانی زانکۆ و نه‌خۆشخانه‌کانی له‌به‌رده‌مدا بوو، لێ دواجار سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا. فرۆید له هه‌ڕه‌تی گه‌نجێتیی و ده‌ستبه‌کارکردنیدا وه‌ک پزیشکێکی نۆیرۆلۆگ، پزیشکی مێشک، ده‌ڵێ جه‌سته‌ی مرۆڤ خانوویه‌که، (من) له‌ناو ئه‌م خانووه‌دا ده‌ژیی، خانوویه‌کی تاریک تاریک، (من) ته‌نیایه، نادڵنیایه و ده‌ترسێت.
فرۆید گه‌شه‌یه‌کی ده‌روونیی پسیشۆئه‌نالیزه به‌رهه‌مدێنێت، که وه‌ک مۆدێلێکی گه‌شه‌ی ده‌روونیی تاک و ئه‌نالیزه‌ی که‌ڕاکته‌ر به‌کاردێت. خوێنه‌ری کورد کێشه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌مکی پسیشۆئه‌نالیزه هه‌یه و پێیان باشه بکرێت به ئینگلیزیی له‌بری پسیشۆئه‌نالیزه سایکۆئه‌نالیسیس به‌کاربهێنرێت. به‌ڵام پسیشۆئه‌نالیزه وه‌رناگێردڕێت. خودی فرۆید خۆی تووڕه ده‌بوو به وه‌رگێڕانی پسیشۆئه‌نالیزه، چونکه وه‌رناگێڕدرێت. پسیشۆئه‌نالیزه چه‌مێکی ئه‌ڵمانیی نییه، به‌ڵکوو یۆنانی کۆنه. پسیشه، له یۆنانی کۆندا وه‌ک ڕۆح پێناسکراوه، ئه‌نالیزه به واتای شیتاڵکردن، شیکردنه‌وه، شیکارکردن. بۆ خوودی فرۆید پسیشۆئه‌نالیزه له ده‌ربڕیندا له وتندا جیا ده‌کرێته‌وه نه‌ک به‌سه‌ر یه‌که‌وه بگووترێت. بۆ نموونه پسیشۆ ئه‌نالیزه. دیاره له نووسیندا به‌سه‌ریه‌که‌وه ده‌نووسرێت، لێ له ده‌ربڕیندا پێویسته بۆشاییه‌کی کورتی پێوه دیار بێت پسیشۆ ئه‌نالیزه. له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆ ڕۆح شیده‌که‌یته‌وه، شیکاری ده‌که‌یت، ده‌روون شیکار ده‌که‌یت، ئه‌نالیزه‌ی ده‌که‌یت. ئه‌م کێشه‌یه فرۆید له‌گه‌ڵ کاڕل گووستاف یوونگیشدا هه‌یبوو. به هه‌رحاڵ فرۆید مۆدێلی گه‌شه‌ی ده‌روونیی تاک دابه‌ش ده‌کات به‌سه‌ر سێ مێژوودا.
1- له پێشینه‌ی منداڵییدا، وه‌ک له فازه‌ی ئۆرال (ده‌م)، ئه‌م فازه‌یه له له‌دایکبوونه‌وه هه‌تا ته‌مه‌نی یه‌ک ساڵیی ده‌ڕوات، فازه‌ی ئه‌نال (کۆم)، ئه‌م فازه‌یه له ته‌مه‌نی دوو ساڵییه‌وه هه‌تاوه‌کوو ته‌مه‌نی سێ ساڵیی ده‌ڕوات. فازه‌ی فال (کێر)، ئه‌م فازه‌یه له ته‌مه‌نی چوار ساڵییه‌وه هه‌تا ته‌مه‌نی پێنج ساڵیی ده‌ڕوات، که به فازه‌ی ئۆدیبیش ناوده‌برێت.
2- له فازه‌ی لاتێنت (لاتێنت، به واتای ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه و دیار نییه)، ئه‌م فازه‌یه له‌نێوانی شه‌ش ساڵیی بۆ دوانزده ساڵییدا ده‌رده‌که‌وێت. پاشان فازه‌ی گێنیتال (ئه‌ندامه‌کانی سێکسوال)، که له سه‌رده‌می هه‌رزه‌ییدا ده‌ستپێده‌کات، له ته‌مه‌نی سیانزده ساڵییه‌وه.
3- له کۆتاییدا ته‌مه‌نی پێگه‌یشتن، که له هه‌ژده ساڵییه‌وه ده‌ستپێده‌کات.
لێره‌وه ده‌گه‌ین به‌وه‌ی، که قوڵتر له خود بڕوانین. له‌لای ده‌روونناس و پسیشۆئه‌نالیتیکه‌ری ئه‌مێریکیی به ڕه‌سه‌ن نه‌مساویی هاینتس کۆوت، خود ئینستانسێکی ده‌روونیی نییه وه‌ک (ئه‌وه، من، به‌رزه من)ی زیگمووند فرۆید. ئینستانس به واتای توێژ، توێژی ئاگایی و نائاگایی تاک. به‌ڵکوو چاوگه‌یه‌که، سه‌نته‌رێکه، سه‌نته‌ری چالاکیی و ویست و ئینته‌رێسه، سه‌نته‌ری کرده‌ی به دڵ و گیان، سه‌نته‌ری قووتکردنه‌وه‌ی نرخ. به پێناسێکی تر، خود بوونه‌وه‌ری ناوه‌وه‌ی تاکه، بوونه‌وه‌ری ناوه‌وه‌ی بوونه‌وه‌رێکه. خود یه‌که‌یه‌که، که هه‌وڵده‌دات و تێده‌کۆشیت بۆ ئه‌وه‌ی چ ڕێگای خۆی بدۆزێته‌وه و چ به ڕێگای خۆیدا بڕوات و هه‌ڵیبژێرێت. خود له یه‌که‌م چرکه ساتی جووتبوونی تۆوی دایک و باوکه‌وه، له سکی دایکدا چالاک ده‌بێت. به‌ڵام له‌لای کارڵ گووستاف یوونگ، کۆتایی یاخوود دوا پله‌ی پێگه‌یشتنی ئیدێنتیتێته. گه‌شه‌ی خود، گه‌شه‌یه‌کی به‌رده‌وامییه، نرخی خود بۆ خود و بۆ تاک له هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه‌کانیه‌وه ده‌ستپێده‌کات، له هه‌نگاوه‌کانی جیابوونه‌وه‌ی له دایک.
هه‌موو شێواندنێکی ناوه‌کیی باڵانسی خود بۆ تاک ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک کێشه چ بۆ تاک و چ بۆ که‌ڕاکته‌ریشی. منداڵ له‌م دۆخه‌دا، به‌هۆی ئه‌و شێواندنه ناوه‌کییه‌وه، که به‌هۆی دایک و باوکه‌وه تووشی ده‌بێت، به‌تایبه‌ت دایک، ده‌ستده‌کات به به‌رهه‌مهێنانی دایک و باوکێکی تری ئیدیاڵی له خه‌یاڵ و بیرکردنه‌وه‌ی خۆیدا، به‌مشێوه‌یه هه‌وڵی ڕاگرتنی باڵانسی خودی ده‌دات، له ڕێگای پێدانی نرخێکی تره‌وه پێی. ئه‌مه ڕه‌گی هه‌موو ئه‌و کێشانه‌یه، که تاک له ئاینده‌دا له ته‌مه‌نێکی پێگه‌یشتوودا له ته‌مه‌نێکی گه‌ییوودا تووشی ده‌بێت. تاکی هه‌ژار پێی شه‌رمه هه‌ژاره، چ ڕقی له هه‌ژارییه و چ ڕقی له خۆشیه‌تی، تاکی کچ له کۆمه‌ڵگا و کلتوورێکی باوکسالارییدا پێی شه‌رمه کچه، چ ڕقی له کچه و چ ڕقی له خۆشیه‌تی وه‌ک کچ ...هتد. هونه‌رمه‌ندێکی کورد ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر ئه‌وروپیی بوومایه، ئه‌گه‌ر ئه‌مێریکیی بوومایه و به ئینگلیزیی گۆرانییم بگووتایه، ئێستا میلیاردێر بووم و ناوبانگیشم له هه‌موو جیهاندا هه‌بوو. ئه‌م بیرکردنه‌وه هێنانه‌به‌رچاوی خوده، ئه‌م ئیدیالیزیره‌کردنه سه‌بووریی ده‌دات به تاک و هه‌وڵی ڕاگرتنی باڵانسی "خود"ی بۆ ده‌دات.
له گه‌شه‌ی پێشینه‌ی منداڵییدا، منداڵ هه‌ست به بێده‌سته‌ڵاتییه‌کی گه‌وره ده‌کات و له ڕێگای ئه‌م فه‌نتازیایانه‌وه، ده‌بێته خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک ئۆبیه‌کت، هاینتس کۆوت ئه‌م ئۆبیه‌کتانه ناوده‌نێت، ئۆبیه‌کتی خود. به‌مشێوه‌یه خود وه‌ک سه‌نته‌ری تاک، له سه‌ره‌تای ژیانه‌وه ده‌ستده‌کات به وێناکردنی ژیانمان. ئه‌م وێناکردنه ئیدیالیزیره‌ی ژیانمان ده‌کات، ده‌مانکاته خاوه‌نی فه‌نتازیا و دایک و باوکێکی تر له خه‌یاڵماندا به‌رهه‌مدێنین، ده‌بینه که‌سایه‌تیی گه‌وره و نرخدار ...هتد. ئه‌و منداڵه‌ی له گه‌شه‌ی پێشینه‌ی منداڵییدا نه‌توانێت خودێکی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ به‌رهه‌مبهێنێت، له ته‌مه‌نی گه‌ییوییدا ناتوانێت، هیچ په‌یوه‌ندییه‌ک ببه‌ستێت، چونکه خودی تاک ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نی په‌نجا ساڵیش بێت، ئه‌وا خودێکی ناته‌واو و پێنه‌گه‌یشتووه. وه‌ک خانوویه‌ک وه‌هایه، که ده‌ستتپێکردبێت و ته‌واوت نه‌کردبێت، هه‌ر بۆیه له‌دوای په‌نجا ساڵیش هه‌ر نا‌توانیت تێیدا بژییت.
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که چیی ڕووده‌دات، ئه‌گه‌ر بێت‌و تاک له گه‌شه‌ی ده‌روونیی پێشینه‌ی منداڵییدا، نه‌یتوانیبێت (خود) به‌رهه‌مبهێنێت یاخوود (خود)ی به ته‌واویی به‌رهه‌منه‌هێنابێت؟ وه‌ڵام، تاک له ئاینده‌دا ده‌بێته خاوه‌نی لانیکه‌م شێواندنێکی که‌سایه‌تیی، له پێکنه‌هێنانی خوددا گه‌وره‌تریین لێکه‌وتنه‌وه له‌سه‌ری به‌رهه‌مهێنانی که‌سایه‌تییه‌کی نارسیسته. له شێواندن و ته‌واونه‌بوونی (خود)دا، نه‌دۆزینه‌وه‌ی خود، نادڵنیایی، ترس و هه‌ستێکی خۆبه‌که‌م زان. هه‌ستی خۆبه‌که‌مزان سه‌ره‌کییتریین سیمپتۆم (نیشانه‌ی نه‌خۆشیی) شێواندنی خود یاخوود دیارنه‌بوون و له‌وێدانه‌بوونی خوده. له کۆتایی ئه‌م باسه‌دا قسه له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ستی خۆبه‌که‌مزانینه ده‌که‌م.
گه‌شه‌ی ده‌روونیی پابه‌نده به باوه‌ڕه کۆن و نوێکانه‌وه، له‌م پرۆسه‌یه‌دا ئیدێنتیتێت به‌رهه‌مدێت. له ئه‌ده‌بی کوردییدا زۆرجار ده‌بینم، که ئیدێنتیتێت وه‌رده‌گێڕدرێت بۆ خود، که هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه. خود و ئیدێنتیتێت دوو بوون و ڕه‌وتی جیاوازن. ئیدێنتیتێت پابه‌نده به باوه‌ڕ و گه‌شه‌وه، پابه‌نده به ده‌ستبه‌رداربوون و وه‌رگرتنه‌وه، پابه‌نده به گۆڕانه‌وه. بۆ نموونه ساوایه‌ک له سه‌ره‌تادا له‌سه‌ر سک ڕاده‌کشێت، پاشان به سک ده‌ڕوات، کاتێک فێرده‌بێت دابنیشێت، ئه‌وا ده‌ستبه‌رداری ڕۆیشتن ده‌بێت به سک. کاتێک موسکله‌کانی گه‌شه ده‌که‌ن و ده‌توانێت پێکانی له زه‌ویی تووند بکات، ئه‌وا هه‌وڵده‌دات به ده‌ست و ئه‌ژنۆ بڕوات. ساوا ده‌ستبه‌رداری باوه‌ڕه کۆنه‌کانی ده‌بێت و باوه‌ڕی نوێ به‌ده‌ستدێنێت. کاتێک فێرده‌بێت له‌سه‌رپێ ڕابوه‌ستێت، هه‌وڵده‌دات بڕوات، چه‌ندیینجار ده‌که‌وێت و هه‌ڵده‌ستێته‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باوه‌ڕه کۆنه‌که‌ی، واتا به سک و ئه‌ژنۆ و ده‌ست ده‌ڕوات. چه‌ندجارێک به‌کاری ده‌هێنێت، تا ئه‌و کاته‌ی چیتر ناکه‌وێت و به ئاسانیی چ ڕاده‌وه‌سێت و چ ده‌ڕوات. له‌وه به‌دواوه ناگه‌ڕێته‌وه بۆ باوه‌ڕه کۆنه‌که‌ی. هیچ مرۆڤێکی گه‌ییوو ناگه‌ڕێته‌وه بۆ باوه‌ڕه کۆنه‌که‌ی و له‌سه‌ر سک بڕوات، مه‌گه‌ر پیر و په‌ککه‌وته و نه‌خۆش بێت. ڕێککه‌وتنی نێوان دوولایه‌نیش جۆرێکه له ئیدێنتیتێت، که لایه‌نێک گه‌شه ده‌کات و باوه‌ڕی نوێ به‌ده‌ستدێنێت هه‌تا ئه‌و کاته‌ی ده‌ستبه‌رداری باوه‌ڕه کۆنه‌که‌ی ده‌بێت. به‌ڵام لایه‌نی به‌رانبه‌ر هه‌ر ده‌یه‌وێت به باوه‌ڕه کۆنه‌که کار بکه‌ن.
ئیدێنتیتێتی تاک به‌رده‌وام له کێشه و قه‌یران و گۆڕاندایه له‌نێوانی کۆنفلیکته ناوه‌کییه‌کانی تاک و گۆڕانکارییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی تاکدا. له‌لای ئێریکسۆن ئیدێنتیتێت به واتای گۆڕان و به‌رده‌وامیی، ئه‌م دوو یه‌که‌یه، هه‌ردووکیان پێویسته تاک تێیدا بژیی، ده‌نا مرۆڤ تووشی ڕیتوالێکی زۆرلێکراو ده‌بێت. واتا تاک ده‌بێت به‌رده‌وام ده‌ستبه‌رداری باوه‌ڕه کۆنه‌کانی بێت و باوه‌ڕی نوێ به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌مه‌ش به به‌رده‌وامیی. بۆ نموونه تۆ باوه‌ڕده‌که‌یت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ندروست بژییت، ئه‌وا پێویسته ته‌ندروست بخۆیت، ئه‌مه بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ پراکتیزه ده‌که‌یت، پاشان گۆڕان به‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌تدا دێت و ده‌ڵێی، به‌سوودخواردن به‌س نییه بۆ ژیانێکی ته&