ئەمریکا نزیکەی 12 هەزار سەربازی خۆی لە ئەڵمانیا دەکشێنێتەوە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/4f5e5af0-6761-4e06-9576-6ddb6becfef5/072920TNZ.ism/manifest


K24 - هەولێر

34 ھەزا ر و 500 سەربازی ئەمەریکی 25 ساڵە لە ئەڵمانیان و، ئەمەریکا بڕیاریداوە جێگۆڕکێ بە ھێزەکانی بکات و بەشێکیان لە ئەڵمانیا بکشێنێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەرگری لە بڕیارەکەی دەکات و دەڵێ "ئەڵمانیا بێ بەڵێنە و تێچووی سەربازی خۆی نەداوە. تائێستاش ئامادەنین ئەو پارەی کە پێویستە بیدەن و پشکی خۆیانە لە ناتۆش بیدەن، نەک تەنیا لەڕووی سەربازییەوە بەڵکو لە رووی بازرگانیشەوە، ئەوان بەخراپی سوودیان لە ئەمەریکا بینیوە. ئەوان دەبێ 4٪ـی بودجەی ساڵانەی خۆیان بدەنە ناتۆ، بەڵام تائێستا لەسەدا یەک دەدەن و دەڵێن دەیکەینە لەسەدا دوو، ئەمەش زۆر کەمە".

شەش ھەزار و 400 سەربازی ئەمەریکی لە ئەڵمانیاوە دەگەڕێندرێنەوە ئەمەریکا و پێنج ھەزار و 600ـیشیان دەنێردرێنە وڵاتانی دیکەی ئەندامی ناتۆ. بەڵام ھێشتا 24 ھەزار سەربازی ئەمریکی لە ئەڵمانیا دەمێننەوە. وەک سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێ: 25 ساڵە ئەڵمانیا دەپارێزن.

تۆماس ویگۆڵد، شارەزای سەربازی ئەڵمانیا لەبارەی ئەو بڕیارەوە دەڵێ "پێموایە ئەم بڕیارەی پێنتاگۆنیش بۆ رازیکردنی ترەمپ و بەجێگەیاندنی خواستی ئەوە، کە ھەمووکات ویستوویەتی سزای ئەڵمانیا بدات. بەدڵنیاییەوە ئەم بڕیارە کاریگەری لەسەر ھەندێک ھەرێمی ئەڵمانیا وەک شتوتگارت دەبێت. لەلایەکی دیکەوە ھێشتا 24 ھەزار سەربازی ئەمەریکی لە ئەڵمانیا دەمێننەوە. ئەمەریکا دەیەوێت پەیامەکەی خۆی بنێرێت ئەگینا ستراتیژیی سەربازی خۆی بەرامبەر ئەوروپا ناگۆڕێت".

پلانی جێگۆڕکێ بە ھێزەکانی ئەمەریکا بڕێکی ئێجگار زۆر پارەی تێدەچێت و چەند ساڵێکیش دەخایەنێت. ژمارەیەکیان دەچنە ئەڵمانیا و بەلجیکا و وڵاتانی بەڵکان. ئامانج لەم جێگۆڕکێیەش وەکو مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ئاشکرای دەکات "بۆ بەھێزکردنی سنوورەکانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆیە لە باشووری رۆژھەڵات و نزیک دەریای رەش".