کێشەکانی کارەبا عێراق بەرەو قەیرانێکی نوێ دەبات

"دوو مانگی داهاتوودا رووبەڕووی قەرانێكی نوێ دەبێتەوە"

K24 - ھەولێر

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە راپۆرتێکیدا هۆشداری دا لەوەی کەمی کارەبا لە عێراق، کە هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت، هەڕەشە لە جێگیربوونی سیاسی وڵاتەکە دەکات و پێویستە لەسەر دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەر لە رێکخراوی ئۆپێک دەست بە جووڵەیەکی خێرا بکات بۆ ئەوەی کارەبای تەواو دابین بكات، ئەگەر نا  لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا رووبەڕووی قەرانێكی نوێ دەبێتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەكە فاتح بیرۆل سەرۆکی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، عێراق دووچاری کەمی کارەبا بووەتەوە، هۆکاری سەرەکیشی بۆ کەمی وەبەرهێنان لە وێستگەکان و هێڵە کۆنەکانی وزە دەگەڕێتەوە، و کاری لە پێشینەی بەغدا ئەوەیە كە دەست بە  چاکسازی بكات .

جەختیشیکردەوە، عێراق نزیکەی 9 هەزار و 500 مێگاوات کارەبا دابیندەکات، کە ئەوەش کەمترە لەو بڕەی پێویستە بۆ ئەم وەرزە دابینی بکات.