ئەو گەنجەی هەژماری تویتەری ئۆباما و بیڵ گەیتسی هاككرد دەستگیركرا

هەژماری تویتەری ئۆباما و دەوڵەمەندترین كەسی جیهان هاككردبوو

K24  - هەولێر:

گەنجێكی 17 ساڵان كە هەژماری تویتەری چەندین كەسی بەناوبانگی جیهانی هاككردبوو دەستگیركرا.

بە گوێرەی میدیاكانی ئەمەریكا، ناوەڕاستی مانگی تەممووز، ئەو گەنجە 17 ساڵییە، هەژماری تویتەری هەر یەكە لە باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، جۆزیف بایدن جێگری سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا و كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا 2020، بیل گەیتسی دامەزرێنەری كۆمپانیای مایكرۆسۆفت و جیف بیزۆسی خاوەنی كۆمپانیای ئەمازۆن و دەوڵەمەندترین كەسی جیهانی هاككردبوو.

بە گوێرەی راگەیەندراوی داواكاری گشتی ویلایەتەكە، ئەو گەنجە 17 ساڵییە، رووبەڕووی نزیكەی 30 تاوانی تایبەت بە هاككردن و تاوانی ئەلیكترۆنی دەبێتەوە، تا ئێستاش مەزەندە نەكراوە سزاكەی چەند و چۆن دەبێت. 

دەسەڵاتدارانی فلۆریدا ئاشكرایان كردووە، بەر لەوەی هەژماری تویتەری ئەو كەسایەتییانە هاك بكرێت، ئەو گەنجە 17 ساڵییە داواكراو بووە و پۆلیس بەدوایدا گەڕاوە، دوای دەستگیركردنیشی، دەست بەسەر 700 هەزار دۆلاردا گیراوە، كە لە رێگەی دراوی ئەلیكترۆنی "بیتكۆین"ـەوە، دەستیكەوتووە.

پۆلیسی فلۆریدا ناسنامەی ئەو گەنجەی ئاشكرا كردووە و رایگەیاندووە، ناوی "گراهام ئیڤان كلارك"ـە و تەمەنیشی 17 ساڵانە، نیشتەجێی شاری تامپای فلۆریدایە و بەیانی رۆژی هەینی لەلایەن دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنی ئەمەریكا دەستگیركراوە.