خەلیفە حەفتەر: بەهەموو شێوەیەک بەرەنگاری داگیرکاریی تورکیا دەبینەوە
K24 - هەولێر
فەرمانەی سوپای نیشتمانیی لیبیا رایگەیاند "بەهەموو شێوەیەک بەرەنگاری چەکدارانی سووری و داگیرکاری تورکیا دەبینەوە، کە بەشێکی لیبیایان داگیرکردووە".
خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی سوپای نیشتمانیی لیبیا ئێوارەی دوێنێ (شەممە، 1-8-2020) لە بنکەیەکی سەربازیی وڵاتەکەی گوتاریکی پێشکەش کرد و، رایگەیاند "تورک ماوەی 300 ساڵ لە لیبیا مانەوە، لیبییەکانیش تەنیا شەڕانگێزییان لێ بینین".
خەلیفە حەفتەر جەختی کردەوە لەوەی لەدژی هەموو داگیرکەرێک دەوەستن. دەڵێ "قبوڵ ناکەین جارێکی دیکە ببینەوە کۆڵۆنیای تورکیا، ئەوەی لە رابردوودا روویدا بۆ ئێمە بەسە... بەهەموو شێوەیەک بەرەنگاری داگیرکاری تورکیا دەبینەوە".
لە ساڵی 2011ـەوە موعەمەر قەزافی، سەرۆکی لیبیا کوژرا و لە دەسەڵات نەما، لەو کاتەوە جەنگی ناوخۆ لە لیبیا بەردەوامە و ئێستاش ئەو وڵاتە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە.
لیبیای دەوڵەمەند بە نەوت هەروەها بووەتە شوێنی هێزە دەرەکییەکان، بەجۆرێک هەریەک لە میسر، ئیمارات و سعودیە پاڵپشتی لە خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی لیبیا دەکەن، کە بە سوپای نیشتمانی ناسراوە، لەبەرامبەردا تورکیا و قەتەری هاوپەیمانی، پشتیوانی لە حکومەتی ویفاقی نیشتمانی دەکەن، کە بەشێوەیەکی نێودەوڵەتی دانیپێدانراوە.
روانگهی سووری بۆ مافهكانی مرۆڤ 18-7-2020 رایگەیاند "تورکیا تائێستا دوو ههزار و 500 چهكداری سهر به رێكخراوی داعشی گواستووهتهوه لیبیا. ئهو چهكدارانهی داعش، خهڵكی توونس بوون و ماوهی چهندین ساڵه له ریزی داعشدان".
هەر بهگوێرهی ئاماری روانگهكه، تائێستا 16 ههزار و 100 چهكداری رهچهڵهك جیاجیای سهر به داعش و گرووپه جیهادییهكانی سووریا، رهوانهی لیبیا كراون.
هـ.ر.