هۆکاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و تورکیا ئاشکرا دەکرێت

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراقی روونکردنەوە دەدات

K24 - هەولێر

تورکیا بەهۆی رێکاری تەندروستی، گەشتە ئاسمانییە مەدەنییەکانی تاوەکو یەکی مانگی داهاتوو لەگەڵ عێراق راگرتووە.

لە راگەیەندراوێکدا دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراقی، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 2-8-2020) رایگەیاند "دەمانەوێت بە گەشتیارانی بەڕێز رابگەیەنین، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی تورکی لەسەر داواکاریی وەزارەتی تەندروستیی تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ عێراق راگرتووە، تاوەکو یەکی مانگی داهاتوو".

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە لەوەی "ئەوەی پەیوەندیی بە گەڕانەوەی هاووڵاتییانمان هەیە لە تورکیاوە بۆ عێراق، لەڕێگەی کەناڵەکانی دیپلۆماسییەوە دەبێت لەنێوان هەردوو وڵات".

وەکو یەکێک لە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، گەشتە ئاسمانییەکان لە 17-3-2020ـەوە لە عێراق راگیران، دواتر لە 23ـی مانگی رابردوو گەشتی فڕۆکە مەدەنییەکان دەستیانپێکردەوە.

ئەمانە لەکاتێکدان شەوی رابردوو گەشتی فڕۆکەیەکی مەدەنیی عێراقی لە فڕۆکەخانەی بەغداوە بۆ فڕۆکەخانەی سەبیحە لە تورکیا هەڵوەشێنرایەوە، بەهۆی ئەوەی لایەنی تورکی رەزامەندیی نیشاننەدابوو.

تورکیا دەیەوێت لەڕێگەی قەدەغەکردنی هاتووچۆی فڕۆکەی مەدەنییەوە لە عێراقەوە بۆ وڵاتەکەی، رێگە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا بگرێت، لەکاتێکدا تائێستا زیاتر لە 126 هەزار کەس لە عێراق تووشی کۆرۆنا بوون، لە بەرامبەردا زیاتر لە 231 هەزار کەس لە تورکیا تووشی پەتاکە بوون.