"چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانییەكان پێویستی بە بڕیارێكی سیاسییە"

"ئەوەی سەددام حوسێن بە 30 ساڵ پێی نەكرا ھەندێك لایەن دەیانەوێت بە 3 ساڵ بیكەن"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانییەكان، كورد پێویستی بە ھەڵوێست و بڕیارێكی سیاسیی یەكگرتوو ھەیە. ھاوكات سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێ "ئەوەی سەددام حوسێن بە 30 ساڵ پێی نەكرا ھەندێك لایەن دەیانەوێت بە 3 ساڵ بیكەن".

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك سەبارەت بە بەردەوامی پرۆسەی تەعریب لە ناوچە كوردستانییەكان لە میانی بەشداریكردنی لە گەشتەكانی ھەواڵی كوردستان24 گوتی: "دوای 16ی ئۆكتۆبەر پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆماری عێراق ھیچ ھەڵوێستێكیان لەبارەی داگیركارییەكانی ناوچە كوردستانییەكان نەبووە، 60 پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھەن، تائێستا جورئەتی ئەوەیان نەبووە بڵێن بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەین، تا بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكان یەكلا دەكرێتەوە، ھاوكات دەبێ وەزیری پێشمەرگە لەم كاتەدا بێتە سەر خەت و بڵێ پێشێلكردنی دەستوور قبوڵ ناكەین".

راشیگەیاند: "ھەست دەكەم دەستێكی ناوچەیی لە پشت ئەم ھەوڵانەوەیە، ھەندێك لایەنی دژە پێشمەرگە و كورد و بێ وەفا بەرامبەر خوێنی 1600 پێشمەرگە كە لەپێناو كەركووك شەھیدبوون، ئێستا ھاوكاری راكان جبووری دەكەن، ئەو لایەنانەی نێو ھەندێك حزب لەپێناو جێبەجێكردنی پلانێكی ھەرێمی كاردەكەن و دەیانەوێت ھەموو ھەوڵەكانی لێك نزیك بوونەوەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەباربەرن، بەتایبەتی دوای پێكھێنانی لیژنەیەك بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك".

رێبوار تاڵەبانی گوتیشی: "ئەوەی سەددام حوسێن بە 30 ساڵ پێی نەكرا ئەوان دەیانەوێت بە سێ ساڵ لە كەركووك بیكەن، بەداخەوە كە ناو ماڵی كورد وایە ناتوانرێت بڕیارێكی یەكگرتوو لەسەر ئەو دۆخە ھەبێت".

ئاماژەی بەوەشكرد: "حەیدەر عەبادی خۆی گوتویەتی ئێمە و ئێران و توركیا كۆكین لەسەر ئەوەی كە بەھیچ شێوەیەك كەركووك نەگەڕێتەوە سەر ھەرێمی كوردستان و مادەی 140یش جێبەجێ نەكرێت".

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك دەشڵێ: "پێویستە ھەرێمی كوردستان دانووستان لەگەڵ حكومەتی عێراق ھەڵبەسێرێت، چونكە ھەست دەكرێت كە ئەوان كات بەفیڕۆ دەدەن و دەستی دەستیمان پێدەكەن، دەبێ وەزارەتی پێشمەرگە بە كازمی رابگەیەنێت ھێنانی ھێز بۆسەر گوندەكانی كوردستان راگرن و ماوەیەكیان بۆ دیاربكرێت، ئەگەر ئەو كێشانە لەسەربنەمای دەستوور یەكلا ناكەنەوە پێویستە كورد جارێكی دیكە راپەڕین بكات ھاوشێوەی راپەڕینی ساڵی 1991".

جەختیكردەوە: "وەزیر و پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا ئەگەر ناتوانن بەرگری لە مافە دەستوورییەكانی گەلەكەیان بكەن بۆچی لەوێن؟، ئێستا حكومەتی عێراق لە ھەموو كات لاوازترە، بەڵام لە بەرامبەردا نێوماڵی كورد پەرتەوازەیە، بۆیە ناتوانن رووبەڕووی نەیارەكان ببنەوە".

ھەر پەیوەست بەو پرسە بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "بابەتی دەستبەسەرداگرتنی زەوی ھاووڵاتییانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكان بابەتێكی سیاسییە و پێویستی بە یەك ھەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ھەیە، دەبێ ئەو بابەتە لە دانووستان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باس بكرێت و كۆتایی پێبھێندرێت".

گوتیشی: "دەكرێت ئەو بڕیارانەی بۆ گەڕاندنەوەی عەرەبە ھاوردەكان دراوە ھەڵبوەشێندرێتەوە، بەڵام ھەموو پەرلەمانتاران سەر بە حزبەكانن، بۆیە بەبێ رێككەوتن و بڕیاری سیاسیی ئەو كێشەیە بە یەكجاری چارەسەر ناكرێت، چونكە لە بنەڕەتدا بڕیارێكی سیاسییە".

بەشیر حەداد، ئەوەشی خستەڕوو: "لایەنە عێراقییەكان سوود لە پەرتەوازەیی لایەنە كوردستانییەكان دەبینن، ھەركاتێك زانیان كێشە لەنێوان لایەنە كوردستانییەكان ھەیە، پەلاماری كوردستان دەدەن".

دەربارەی ئەو رایەی كە دەگوترێت پێویستە فراكسیۆنە كوردستانییەكان ھەڵوێست وەرگرن و بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق بكەن، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێ: "ئەمەش پێویستی بە یەكدەنگی كورد و بڕیاری سیاسیی ھەیە، ئێستا 7 فراكسیۆنی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق ھەن، ئەگەر بڕیارێكی سیاسی نەبێت فراكسیۆنەكان یەكھەڵوێست نابن".

ھ.م