لە مانگی تەمموزی ئهمساڵدا 20 كۆڵبەر كوژران و بریندار بوون
K24 - ھەولێر:
لە مانگی رابردوودا 20 كۆڵبەری رۆژھەڵاتی كوردستان بە تەقەی ھێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژراون و بریندار بوون، بڵاوبوونەوەی ئەو ئامارە وایكرد، كە ھەڵمەتێكی تویتەری بە ھاشتاگی "#كۆڵبەر_مەكوژن" رابگەیەندرێت. ئهو هاشتاگه توانی ترەند بێت و كاردانەوەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤیشی لێبكەوێتەوە.
ھاشتاگی "#كۆڵبەر_مەكوژن"، بووە ترەندی یەكەمی ئێران لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، چالاكوانان و خەڵكی ئاسایی رۆژھەڵاتی كوردستان بەھاوكاری ناوەندی "ھاشتاگ فۆر كورد" ھەڵمەتێكی بەرفراوانیان بۆ رێگریكردن لە كوشتنی كۆڵبەران دەستپێکرد، لە ماوەیەكی كەمدا ھاشتاگهكه لە تویتەر بووە ترەندی یەكەمی ئێران.
ئەو ھەڵمەتە دوای ئەوە ھات، كە ماڵپەڕی ھەنگاو بۆ پرسەكانی مافی مرۆڤ لە رۆژھەڵاتی كوردستان رایگەیاند، تەنیا لە مانگی رابردوودا 20 كۆڵبەر بە تەقەی ھێزە سنوورپارێزەكانی ئێران كوژراون و بریندار بوونە. لە یەك ساڵی رابردووشدا 79 كۆڵبەر كوژراون و 170 كۆڵبەری دیكەش بریندار بوونە. ئەگەرچی بەرپرسانی پلە باڵای ئێران بەڵێنی رێگریكردن لە كوشتنی كۆڵبەران دەدەن، تەنانەت دوای كوژرانی دوو برای مێردمنداڵ بە ناوەكانی "فەرھاد و ئازاد خوسرەوی" لە مەریوان، ئیسحاق جەھانگیری، جێگری سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، ئەو رووداوە كاریگەری لەسەر ویژدانی بەرپرسان و كۆمەڵگە داناوە. پێشتریش عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندبوو، دەبێت رێگری لە قاچاغە گەورەكان بکرێت، نەك كۆڵبەرێك كە كەلوپەلێكی سنوورداری بە كۆڵدا داوە.
لەگەڵ ھەموو ئەوانەش كوشتنی كۆڵبەران لە سنوورەكانی نێوان رۆژھەڵات و باشووری كوردستان بەردەوامە. تەنانەت ئەو چالاكوانانەی كە ناڕەزایەتیش دەردەبڕن، دەستبەسەر دەكرێن، لەدوا كاردانەوەدا 10 چالاكوانی مەدەنی شاری بانە بە تۆمەتی پشتگیریكردن لە كۆڵبەران بە 30 مانگ زیندانیكردن و 250 جەڵدە و پێبژاردن سزا دراون.