توركیا: رێككەوتنی نەوتیی ئەمه‌ریكا و هه‌سه‌ده‌ "قبوڵكراو نیە"

پۆمپیۆ: ئیداره‌ی ئەمەریكا پشتیوانی لە رێككەوتنەكە كردووە

K24- ھەولێر

وەزارەتی دەرەوەی توركیا، ئەمڕۆ دووشەممە رایگه‌یاند، ئەنجامدانی رێككەوتنی نەوتیی ھێزیكی سووریا بە سەركردایەتیی كورد و كۆمپانیایەكی ئەمه‌ریكی لە باكووری رۆژھەڵاتی سووریا "قبوڵكراو نیە".

ئەنقەرە، بە بیانووی پەیوەندیی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، بە توندی دژایەتی یەكینەكانی پارستنی گەل (یەپەگە) دەكات، كە پێكھاتەی سەرەكییە لە ھێزەكانی سوریای دیموكرات(ھەسەدە) و لە لایەن ئەمه‌ریكاوە پشتیوانی دەكرێت و رێككەوتنەكەی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمه‌ریكییەكە ئەنجامداوە.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا گووتی: "لە رۆژنامەكان باس لەوە دەكرێت، ھێزەكانی سوریای دیموكرات، كە پەكەكە كۆنترۆڵی دەكات/ یەپەگەی تیرۆریست رێككەوتنێكی ئەنجامداوە لەگەڵ كۆمپانیای دلتا كریسنت ئێنرجی، كە بارەگاكەی لە ئەمەریكایە" بەبێ ئەوەی ناوی ئەو راپۆرتانە باس بكات كە ئاماژەی بەو رێككەوتنە دەكەن.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە بەیاننامەیەكدا گووتیشی: ئەم رێككەتنە "بەڵگەیەكی روونە" لەسەر "ئەجێندای جیاخوازیی" پەكەكە/ یەپەگەی تیرۆریست بە دەستبەسەرداگرتنی سامانە سروشتییەكانی گەلی سووریا". گووتیشی: "ئەم بڕیارە، ھیچ پاساوێكی رەوای نییە، قبووڵ نیە".

پێنجشەممەی رابردوو، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریكا لە دانیشتنێكی لیژنه‌ی كاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی پیراندا، ئاماژەی بە رێككەوتنێكی نێوان ھەسەدە و كۆمپانیایەكی ئەمەریكی كرد دەربارەی كێڵگە نەوتییەكان.

سیناتۆری كۆماری، لینزی گراھام گووتی: مەزڵووم عەبدی، فەرمانداری گشتی ھێزە چەكدارەكانی ھەسەدە پێی راگەیاندووە، كەوا رێكەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمەریكی واژوو كردووە "بۆ نوێكردنەوەی كێڵگە نەوتییەكانی باكووری رۆژھەڵاتی سووریا".

پۆمپیۆ گووتیشی: ئیداره‌ی ئەمەریكا پشتیوانی لە رێككەوتنەكە كردووە و رێككەوتنەكە كاتێكی زیاتری خایاند لەوەی ئێمە چاوەڕوانمان دەكرد. ئێستاش كەوتینە قۆناغی جێبەجێكردنی.

سووریا لە پێش شەڕی ناوخۆوە كە لە ساڵی 2011 سەریھەڵداوە، رۆژانە 380 ھەزار بەرمیل نەوتی بەرھەم دەھێنا. ئێران و رووسیا له‌ شه‌ڕی سووریادا پشتوانی حكومەتی بەشار ئەسەد دەكەن، له‌ به‌رامبه‌ردا ئەمه‌ریكا پشتیوانی ئۆپۆزسیۆن دەكات.

دیمەشق كۆنترۆڵی زۆربەی كێڵگە نەوتییەكانی لە رۆژھەڵاتی فورات لە دێرەزوور لەدەستداوە، ھەروەھا سزاكانی رۆژئاوا زیانێكی زۆری بە كەرتی نەوتی ئەو وڵاتە گەیاندووە.

لە مانگی ئاداری ساڵی رابردوودا، سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان گووتبووی، كەوا داوای لە سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتن كردبوو كە لە جیاتی ھێزەكانی ھەسەدە، رووسیا بەشداری لە بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكاندا بكات لە رۆژھەڵاتی سووریا.

سەرچاوە: رۆیتەرز