نرخی نه‌وت زیاتر هه‌ڵكشا

نرخی نەوت لە بەرزبوونەوە بەردەوام دەبێت

K24 - هەولێر:

وێڕای بەردەوامی زیاتر تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەكان لەبارەی چالاكبوونەوەی پیشەسازی لە ئاسیا و ئەوروپا، ئەمڕۆ نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان تا رادەیەك بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.

ئاژانسی رۆیتەرز لەبارەی نرخی نەوت بڵاویكردەوە، نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت 5 سەنت بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی. ئه‌مڕۆ هەر بەرمیلێك بە 43 دۆلار و 57 سەنت مامەڵەی پێوە كرا، لەكاتێكدا خامی ئەمەریكا 6 سەنت بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی. بۆ هەر بەرمیلێك بە 40 دۆلار و 33 سەنت مامەڵەی پێوە كرا.

هەر لەم بارەوە وارن باترسۆن، بەڕێوبەری ستراتیژیەتی كەرەستەی خاو لە دامەزراوەی "ئای ئێن جی" بۆ راوێژكاری لە ئەمەریكا گوتی: "بەگوێرەی پێشبینییەكان، بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر نەوت، لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ نرخی نەوت لە بەرزبوونەوە بەردەوام دەبێت".

H.B