دھۆك.. دەوامی فەرمی تا 15ـى ئەم مانگە راگیرا

رێگای نێوان توركیا و ھەرێمی كوردستان بۆ ماوەی یەك ھەفتە دادەخرێت

 K24- ھەولێر 

جێگری پارێزگاری دھۆك، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەوامی فەرمیی دامودەزگاكانی حكوومەت لە تەواوی سنووری پارێزگای دھۆك تا 15 ئەم مانگە رادەگیرێت.

ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆك، وێڕای جەختكردنەوەی لە سەر جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی رێنماییە نوێیەكانی وەزارەتی ناوخۆ دەربارەی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا گووتیشی: ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سنووری پارێزگای دھۆك لە زیادبوون دایە، بە رادەیەك كە بەداخەوە جێگای نەخۆشەكان لە نەخۆشخانەكاندا نەماوە، ھەروەھا شوێن بۆ كەرەنتینەكردنیش نەماوە.

راشیگەیاند، رێگای نێوان توركیا و ھەرێمی كوردستان بۆ ماوەی یەك ھەفتە دادەخرێت، تەنیا رێگا بەو حاڵەتانە دەدرێت، كە بە رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ بێت.

جێگری پارێزگاری دھۆك گووتی: دەوامی فەرمیی دامودەزگاكانی حكومەت لە تەواوی پارێزگای دھۆك تا 15ی ئەم مانگە رادەگیرێت و لە 16/8 دەست بەدەوام دەكرێتەوە.