ژنێکی ئێزدی باسی "برینی کراوەی" سەر دڵی خۆی دەکات

شەش ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزدییان تێپەڕدەبێت


K24 - دهۆک

بە سیمای لەیلاوە دیارە ژیانی پڕ لە ئازار و ئێشە، برینێک لە ژیانیدا هەیە تاوەکو ئێستا دەکولێتەوە، ئەو برینە لەلایەن داعشەوە لە دڵی لەیلا دروست کراوە، کە جگە لەو، کاری نامرۆڤانەی بەرامبەر هەموو ئێزدییەکانی سنووری شنگال کرد لە گرتن، رفاندن، کوشتن و تاڵانکردن.

لەیلا زیاتر لە ساڵێک لە زیندانە تاریکەکانی داعشدا ژیا، هاوسەرەکەشی هێشتا چارەنووسی نادیارە. لەگەڵ هاتنی داعش بۆ گوندی وەردێ لە ساڵی 2014، 120 کەس لە کەسوکاری لەیلا لەلایەن داعشەوە گیران.

شەشەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدیان، پتر برینی لەیلا و کەسوکاری قوربانییان دەکولێنێتەوە، ئەو لەنێو چادرەکەیەوە لەگەڵ منداڵەکانی دانیشتووە و قسە بۆ کوردستان24 دەکات، دەڵێ "ئێمە لە وڵاتی خۆماندا کوژراین، بەدیل گیراین و بێسەروشوێن کراین ، حکومەتی عێراق یارمەتیی پێشکەشی ئێمە نەکردووە... من ئێستاش بەبێ مووچە ئەو منداڵە بێ باوکانەی خۆم بەخێودەکەم، بەڕاستی زۆر بە زەحمەتە".

لە 3ـی ئابی 2014 سەدان منداڵی ئێزدی بوونە قوربانی. رێکخراوی ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتێکدا لەم دواییە باسی رەفتاری داعش لەگەڵ ژن و منداڵانی ئێزدی دەکات و، دەڵێ ژن و منداڵانی ئێزدی دوای رزگارکردنیان رەوشیان زۆر زەحمەتە و حکومەتی عێراق پشتگوێی خستوون.

359 منداڵی ئێزدی بەهۆی داعشەوە بێ دایک و باوک بوون، فەوزیا و خەیری دوو لەو منداڵانەن.

خەیری دربۆ، منداڵە، بەڵام بە چاوەکانی خۆی دڕندەیی داعشی بینیوە کاتێک لەژێر دەستیان بووە لە سووریا، باسی ئەو ساتانە دەکات و دەڵێ "هەموو منداڵەکانیان کۆدەکردنەوە، ئەوەی نەچووبووایە مەشق و قورئانی نەخوێندبا، لێیان دەدا. من تەنیا دەمەوێت یارمەتیمان بدەن، چونکە دایک و باوکم و سێ برا و خوشکەکانم هێشتا لەدەستی داعشدان".

بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوان، کاتێک داعش هاتە شنگال 6417 کەسی رفاند، کە تاوەکو ئێستا 2887 کەسیان بێسەروشوێنن. زیاتر لە 80 گۆڕی بە کۆمەڵ لە شنگال و دەوروبەری دۆزراونەتەوە و 68 مەزاری پیرۆزی ئێزدییان لەنێوبراون و لە رۆژانی یەکەمی هێرشەکەدا 1293 کەس شەهید بوون، هەروەها 80٪ـی ژێرخانی ئابووریی شنگال تێکدرا.

 

هـ.ر.