باخەوانێک لە هەولێر 70 جۆری جیاوازی ترێ بەرهەمدێنێت
K24 - هەولێر
باخەوانێك لە ھەولێر بەشی زۆری باخەکەی بە دارمێو بەشێوەیەكی جیاواز چاندووە و نزیكەی 70 جۆر ترێی بە تامی رەنگی جیاواز بەرھەمھێناوە، لەوانە: ترێ بە تامی ھێل، هەروەها بە تامی شلیك.
سەلوان سەردار، باخەوانە لە هەولێر و بەتەنیا سەرپەرشتیی هەزاران دارمێو دەكات. بۆ گەورەكردنی مێوەكان شەونخوونی و ماندووبوونی زۆری بینیوە و وەك خۆی دەڵێت بە ھەوڵ و كۆششی خۆی و باوكی، گەیشتوونە ئەو رۆژەی بەرھەمەكانیان لە بازاڕدا ركابەریی بەرھەمە بیانییەكان بکات.
رووبەری باخەکەی سەلوان 20 دۆنمە و 15 دۆنمی لە دارمێو پێكھاتووە، کە 10 ھەزار دارمێوی تێدایە و رۆژانەش چەند تۆنێك ترێ رەوانەی بازاڕەكان دەكات.
باخەوانەکە بیری لە داھاتووى كارەكەی كردووەتەوە و بۆ ئەمەش پێنج ھەزار دار مێوی دیكەی چاندووە و كار لەسەر بیست جۆری دیكەى ترێ دەكات. ئەو، بەشێكی دارەكانی موتوربە كردووە، ئەمەش وایكردووە تام و رەنگی ترێكان جیاوازبێ.
سەلوان لە ساڵی 1998ـەوە لەگەڵ سەرداری باوکی کار لەسەر باخەکەیان دەكەن و ئامانجیشیان گرنگیدانە بە بەرھەمی ترێی خۆماڵی و ساڵانە 100 بۆ 120 تۆن ترێ دەخەنە بازاڕەكانەوە، هەروەها ھەوڵدەدات چەند جۆرێكی دیكەی ترێ بەرھەمبھێنێت كە لە ھەر چوار وەرزەكانی ساڵدا لە بازاڕەكاندا دەستبکەون.
هـ.ر.