بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی لە هەولێر بە گریانەوە: ئەو رەوشەی ئێستا کارەساتە

K24 - هەولێر

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەولێر لە هەڵکشانە و دوێنێ زۆرترین ژمارەی تووشبوون بەو پەتایەی تۆمارکرا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی لە هەولێر ئەو رەوشە بە ترسناک دەبینێت و بە گریانەوە باس لەوە دەکات، رەوشەکە کارەساتە.

کەمێک پێش ئێستا، تووشبوویەکی دیکەی کۆرۆنا لە هەولێر لە نەخۆشخانەی ئیماراتی گیانی لەدەستدا، د. شاخەوان خەیلانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە لەبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئافرەتێک چەند خوولەکێک پێش ئێستا لە نەخۆشخانەکەمان گیانی لەدەستدا، کە تەمەنی لە 60 ساڵ زیاتر بوو و چەند رۆژێکە لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردە"

لەبارەی رەوشی تووشبووانی کۆرۆنا، د. شاخەوان خەیلانی دەڵێ بەداخەوە حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەولێر زۆر بوون، زۆربەی نەخۆشەکانی نەخۆشخانەکەمان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.

"رەوشەکە ترسناکە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە لووتکەی ترسناکی"

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی هەروەها باس لەوە دەکات "ئێمە چەند مانگە دەڵێین رەوشەکە زۆر ترسناکە، بەڵام ئەمڕۆ رەوشەکە گەیشتووەتە ئەوەی نەتوانین بەرگە بگرین. خەڵکانیکی زۆر و بەداخەوە هەندێک کەسی نابەرپرس و هەندیک لایەن هەبوون وایان لە خەڵک کرد لە خۆپارێزی سارد ببنەوە".

د. شاخەوان جەخت دەکاتەوە لەوەی "ناتوانم بڵێم لە لووتکەکەین، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەرەو لووتکەی تووشبوون بە کۆرۆنا دەچین و لەوانەیە خوانەخواستە کارەساتی گەورەترمان بەسەربێت، چونکە نەخۆشخانەکانمان پڕن لە نەخۆش و زۆربەی نەخۆشەکان باری تەندروستییان ناجێگیرە".

ئەوانەی ئێستا لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنان لە هەولێر، هەیانە نەخۆشیی دیکەی هەیە، هەندێکیش هەن هیچ نەخۆشیی درێژخایەنیان نییە، بەڵام بە تووندی تووشی ڤایرۆسەکە بوون و نیشانەی قورسیان هەیە.

گریانەکەی دکتۆر شاخەوان

د. شاخەوان، کە لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە بەردەوام لەرێگەی میدیاکانەوە رێنموونی خەڵک دەکات خۆیان بپارێزن، لەکاتێکدا قسەی بۆ کوردستان24 دەکرد گریا و گوتی "ئەو وێنانەی من دەیانبینم نازانم چۆن دەریببڕم، نەخۆش لەبەرچاومان دەمرێت و ناتوانین هیچی بۆ بکەین. بەڕاستی پێداویستیی پزیشکی هەموو شتێک نییە. هەموو دیمەنەکان کاریگەرن کاتێک کەسێک دەبینی لەبەردەمت گیان لەدەستدەدات و ناتوانی هیچی بۆ بکەی".

د. شاخەوان باس لەوەش دەکات "هاووڵاتی ئێمە لە خەیاڵدا دەژی، نازانم لە کوێن، چونکە ئەوەی ئێستا روودەدات کارەساتە... دواقسەی ئێمە بۆ هاووڵاتییان ئەوەیە: تکایە لە ماڵەکانتان دەرمەچن، ئاگاداری خۆتان و منداڵ و دایک و باوکتان بن با لەوە زیاتر تووشی کارەساتی گەورە نەبین".

گوتەکانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتیی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لە هەولێر لەکاتێکدان، لەو 348 کەسەی دوێنێ لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا ببوون، 244ـیان لە هەولێر بوون، بەگشتیش ئێستا 1666 کەس لە هەولێر هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان و 136 کەسیش بەهۆی ئەو پەتا جیهانییەوە گیانیان لەدەستداوە. 

هـ.ر.